کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئەندامێکی حیزبی دێموکرات لە وڵاتی ئاڵمان کۆچی دوایی کرد

12:58 - 13 گەلاوێژ 2719

کوردستان میدیا: ئەندامێکی حیزبی دێموکرات کوردستانی ئێران، بەهۆی وەستانی دڵ، لە شاری "مونشێنی ئاڵمان"، ماڵاوایی لە ژیان کرد.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، ڕۆژی ٢٩ی پووشپەر، "شەمسەدین یاران"، ئەندامی دڵسۆزی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، لە وڵاتی ئاڵماندا، بەهۆی وەستانی لەناکاوی دڵ و لە تەمەنی ٥٢ ساڵیدا، کۆچی دوایی کرد.

کاک "شەمسەدین"، ساڵی ١٣٤٦ی هەتاوی، لە بنەماڵەیەکی تێکۆشەری شاری سنە، چاوی بە دونیا هەڵهێناوە. ناوبراو یەکێک لە لایەنگرانی دڵسۆزی حیزبی دێموکرات لە شاری سنە بووە کە هەمیشە داکۆکی لە خەباتی ڕەوای گەلەکەی کردووە.

ناوبراو ساڵی ٢٠٠٧ی زایینی، بەهۆی گوشاری هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم، ڕووی لە باشووری کوردستان کردووە و لە شاری هەولێر بوو بە ئەندامی ئاشکرای حیزبی دێموکرات و تا ساڵی ٢٠١٥ وەک ئەندامێکی چالاک ئەرکە حیزبییەکانی بەو پەڕی ئامادەییەوە بە ئەنجام گەیاند. دواتر لە ساڵی ٢٠١٥ی زایینیدا، وێڕای هاوژین و کوڕەکەی، ڕووی لە وڵاتی ئاڵمان کردووە و لە شاری مونشێندا گیرساوەتەوە.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، سەرەخۆشی لە بنەماڵە، خزم و کەسوکاری ناوبراو دەکات و خۆی بە هاوبەشی خەمیان دەزانێت.