کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئەندامێکی حیزبی دێموکرات ماڵاوایی لە ژیان کرد

11:16 - 15 رەزبەر 2718

کوردستان میدیا: کاک "محەممەد ئەمین سوارە" ئەندام و برای شەهیدێکی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە شاری پیرانشار کۆچی دوایی کرد

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، ڕۆژی پێنجشەممە ڕێکەوتی ١٢ی ڕەزبەری ١٣٩٧ی هەتاوی، کاک "محەممەد ئەمین سوارە" خەڵکی گوندی "سێڵوێ" سەر بە ناوچەی بەربنەی پیرانشار لە تەمەنی ٨٢ ساڵیدا بە هۆی نەخۆشیی شێرپەنجە لە یەکێک لە نەخۆشخانەکانی شاری ورمێ ماڵاوایی لە ژیان کرد.

کاک "محەممەد ئەمین" هەر له ساڵەکانی ۴۶ و۴۷وه پێوەندی به حیزبی دێموکراتەوه دەگرێت و دەبێت به یارویاوەری پێشمەرگه؛ هەر له دەسپێکی شۆڕشی گەلانی ئێران دیسان وەک پێشمەرگه به ئاشکرا دەست به چالاکی دەکات.

 ناوبراو بە هۆی لێوەشاوەیی و پێگەی کۆمەڵایەتی حیزب له ناوچەی بەربنه کاری ڕێکخراوەیی بەربنەی له بەشی کۆمەڵایەتی پێدەسپێرێت هەتا ئەو کاتەی لەسەر ئیزنی حیزب به هۆی باری قورسی ژیانی دەگەڕێتەوه ناو بنەماڵەکەی؛ بەڵام کاک محەممەدئەمین له ماڵیشەوه بێوچان ئەرکی حیزبی بەو پەڕی ئەخلاقی شۆڕشگێڕیەوه بەڕێوه دەبات و کێشە و گرفتە کۆمەڵایەتییەکانی خەڵک لە ناوچەی خۆیان چارەسەر دەکات.

ئەو تێکۆشەرە کەسێکی زۆر قسەخۆش و دەم بە پێکەنین بوو و خۆشەویستی خەڵک بوو. تەرمی کاک محەممەدئەمین لە نێو ئاپۆرای خەڵکی ناوچەکەدا بە خاک ئەسپێردرا.
حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران سەرەخۆشی لە بنەماڵە، خزم و کەسوکاری ناوبراو دەکات خۆی بە شەریکی خەمیان دەزانێت.