کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئەندامێکی دڵسۆزی حیزبی دێموکرات لە نوروێژ کۆچی دوایی کرد

10:51 - 17 سەرماوەز 2718

کوردستان میدیا: یەکێک لە ئەندامە دڵسۆزەکانی حیزبی دێموکرات، پاش ساڵانێک ململانێی لەگەڵ نەخۆشی، لە وڵاتی نوروێژ کۆچی دوایی کرد.

ڕۆژی هەینی ڕێکەوتی ١٦ی سەرماوەز، ئەنوەرخانی سوڵتانپەنا، ئەندامی بەئەمەگی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، پاش چەند ساڵ ململانێ لەگەڵ نەخۆشی لە وڵاتی نوروێژ کۆچی دوایی کرد.

ئەنوەرخانی سوڵتانپەنا کوڕی ئاغەساڵح ڕەنگەڕێژان، لە یەکێک لە بنەماڵە گەورەکانی شاری سەقز، لە ساڵی ١٩٣٥ی زایینی، لە گوندی تاڵەجەڕی سەرشێوی سەقز لە دایک بووە.

لە ساڵی ١٩٤٠ی زایینی، کە لەو کاتەدا تەنیا تەمەنی ٥ ساڵ دەبێت، بنەماڵەکەیان بە هۆی زوڵم و زۆری ڕەزا شای میرپەنج، ناچار دەبن زێدی باو و باپیریان بەرەو گەرمێن بەجێ بهێڵن و ڕوو لە شاری سلێمانی بکەن و لە لای شێخی نەمر "مەلیک مەحموود" بگیرسێنەوە. ئەنوەرخان لەوەێ دەچێتە باغچەی منداڵان و پۆلی یەکەمی سەرەتاییش لە شاری سلێمانی تەواو دەکات.

پاییزی ساڵی ١٩٤٠ی زایینی گەڕاونەتەوە سەرشیوی سەقز. چەند ساڵ لە قوتابخانەی حکوومەتیی خوێندوویەتی و شەش ساڵیش مامۆستای تایبەتی هەبووە. ماوەیەکیش لە حوجرەی مزگەوتی تاڵەجەڕدا بە خوێندنی "سەرف و نەحو"ی عەرەبییەوە سەر‌قاڵ بووە.

هەر لە هەڕەتی لاویەوە خۆشەویستیی خاک و وڵات خولیای ڕزگاری دەخاتە سەری، هەتا لە ساڵی ١٩٥٧ی زایینی پێوەندی بە حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێرانەوە دەکات و وەکوو  یەکەم ئەندامی شانەکانی حیزبی لە شاری سەقز و ناوچەی سەرشیوی سەقز دەست بە چالاکیی حیزبی دەکات؛ دوای ماوەیەک لە کۆتاییی ساڵی ١٣٤٢ی هەتاوی و سەرەتای ١٣٤٣، دەکەوێتە بەر شاڵاوی گرتنی ئەندامانی حیزب لە لایەن هێزەکانی ڕێژیمی پاشایەتییەوە و ڕەوانەی بەندیخانە دەکرێت. نزیکەی ساڵێک لە بەندیخانەی قزڵقەڵای تاران زیندانی دەکرێت.

ساڵی ١٣٥٧ی هەتاوی، لە شۆڕشی گەلانی ئێراندا چالاکانە لە ڕیزەکانی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێراندا بەشداری دەکات، لە کۆمیتەکانی شارستانی سەقز و دواییش کە چووەتە دەوروبەری کۆمیتەی ناوەندی بۆ ماوەیەکی زۆر ئەندامی دەستەی نووسەرانی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران بووە. نزیکەی ٩ مانگ لە زیندانەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران دەسبەسەر دەکرێت.

ساڵی ١٩٩١ی زایینی، ڕوو لە هەندەران کردووە لە وڵاتی نوروێژ نیشتەجێی بووە.

ناوبراو خاوەنی چەند بەرهەمێک لە بوارەکانی شێعر و ئەدەب و نووسین و وەرگێڕانە، کە بریتین: کۆی دیوانی شێعرەکانی لە ژێر ناوی "زایەڵەی خەیاڵ" و لە چوارینەکانی بە ناوی "گوڵستانی دڵ". وەرگێڕانی ڕۆمانی بەناوبانگی "بابا لنگ دراز" (بابە لاق درێژ) و وەرگێڕانی ڕۆمانی "خەونەکانی دێڵەگورگ" لە فارسیەوە بۆ کوردی. و "کەلێنی پەنجەکان" کە نامە شێعریی نێوانی خۆی و مامۆستا "عاشقـ"ـی شاعێرە. هەروەها دوو کتێب بە ناوەکانی مێژووی "عەشیرەتی زەنگەنە" و "تاڵ وشیرینییەکانی شۆڕش" نووسیوە کە لە بەردەستی چاپدایە .

شایانی باسە، ئەنوەرخانی سوڵتانپەنا برای شەهید قادرخانی سوڵتانپەنا، پێشمەرگە دڵسۆزی حیزبی دێموکرات بوو.