کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئەندامێکی دڵسۆزی حیزبی دێموکرات لە ڕووداێکی دڵتەزێندا گیانی لە دەست دا

18:28 - 3 خەرمانان 2718

کوردستان میدیا: " شەریف باجوەر" ئەندامێکی دڵسۆزی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە کاتی کوژاندنەوەی ئاگری دارستانەکانی مەریوان گیانی لە دەست دا.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، ئەمڕۆ شەممە ڕێکەوتی ٣ی خەرمانانی ١٣٩٧ی هەتاوی، ٤ چالاکی ژینگەپارێزیی خەڵکی شاری مەریوان به ناوەکانی "شەریف باجوەر، ئومید کۆنەپۆشی، ڕەحمەت حەکیمی نیا و محەممەد پەژووهی" لە کاتی کوژاندنەوەی ئاگری دارستانەکانی مەریواندا گیانیان لە دەست دا.

هاوکات ٦ کەسی دیکەش بە سەختی بریندار بوونە.

سەرچاوە خۆجێیەکان باس لەوە دەکەن کە دارستانەکانی مەریوان به هۆی تۆپبارانەکانی سپای تێرۆریستی پاسداران تووشی ئاگر کەوتنەوە بوونە.

"شەریف باجوەر که ئەندامی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بووە" کوڕی "بایزید و مەنیژە"یە که ساڵی ١٣٥٠ی هەتاوی لە بنەماڵەیەکی شۆڕشگێڕ لە شاری مەریوان لەدایکبووە. پلەکانی خوێندنی هەتا وەرگرتنی بڕوانامەی دیپلۆم تەواو کردووە. ئەو هەر لە قۆناغی دەبیرستانەوە وەک قوتابییەکی ئازاو چاونەترس، کەوتە دژایەتیکردنی دامودەزگاکانی سەر بە وەزارەتی ئیتلاعات بەتایبەت بەشی حەراسەت لە دەبیرستاندا و لەگەڵ چەند قوتابییەکی تر دەستیان دایە پووچەڵکردنەوەی سیاسەت و پیلانەکانی  ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی ئێران.

بەم هۆیەشەوە چەندین جار ڕووبەڕووی هەڕەشە و دەرکران بوونەوە. دواجار شەریف بڕیار دەدات ببێتە پێشمەرگە و بەو مەبەستەش لە سەرەتای دەیەی ٧٠ی هەتاوییەوە پێوەندیی بە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانەوە دەکات و دەبێتە پێشمەرگە. بەڵام بە هۆی هەژاریی بنەماڵەکەی و پیری و پەککەوتەیی باوکییەوە؛ هەروەها بە هەماهەنگی لەگەڵ حیزب دەنێردرێتەوە بۆ ناوخۆی وڵات. ماوەیەکی کەم پاش گەڕانەوەی، پێوەندیی بە شانەیەکی تەشکیلاتییەوە دەکات و دەبێتە ئەندامێکی هەرە چالاکی شانەکە. ئەو تا ئەو کاتەی دەرفەتی هەبوو، بەردەوام بوو لە کاری تەشکیلاتی و کاروباری ژینگەپارێزی.

ناوبراو دیسان وەفادار مایەوە بە رێبازە سیاسییەکەی و هەتا دوایین ساتەکانی ژیانی ئەو خەسڵەتەی لەخۆیدا هێشتەوە. شەریف باجورە بەهۆی هەڵوێستە مرۆیی و نیشتمانپەروەرییەکانییەوە، چەندین جار ڕووبەڕووی گرتن و لێپرسینەوە و زیندان بووەتەوە و بۆ ماوەی درێژ لە گرتنگەکانی وەزارەتی ئیتلاعاتدا ماوەتەوە و تەعەهودی لێوەرگیراوە، بەڵام ئەو هیچکات دەستی لە چالاکیی هەڵنەگرت و وازی نە‌هێنا.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران وێڕای بە داخبوونی خۆی بۆ گیان لە دەستدانی ئەو چوار چالاکە ژینگەپارێزییە بەتایبەت شەریف باجوەر لەو ڕووداوە دڵتەزێنەدا، پرسە و سەرەخۆشی لە بنەماڵە، خزم و کەسوکاری ناوبراون  و خەڵکی نیشتمانپەورەی مەریوان دەکات و خۆی بە شەریکی خەمیان دەزانێت.