کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئەندامێکی دیکەی پارلەمانی کانادا مووشەکبارانەکانی ڕێژیمی ئێرانی مەحکووم کرد

12:45 - 3 رەزبەر 2718

کوردستان میدیا: ئەندام پارلەمانێکی کانادا سەر بە حیزبی کۆنسەرڤەتیڤ، داوای لە وڵاتەکەی کرد سپای پاسداران بخاتە نێو لیستی تێرۆری وڵاتی کاناداوە.

گارنەت جەنەس، ئەندامی پارلەمانی کانادا و سەر بە حیزبی کۆنسەرڤەتیڤ، لە نامەیەکی بۆ وەزیری ئاسایشی کانادا، مووشەکبارانی ڕێژیمی ئێرانی بۆ سەر بنکە و بارەگاکانی حیزبی دێموکراتیآ مەحکوم کرد و داوای کرد سپای تێرۆریستی پاسداران بخرێتە نێو لیستی تێرۆری وڵاتەکەیەوە.

لە بەشێكی ئەم نامەیەدا، گارنەت جەنەس باسی لەوە کردووە، کە پێشتر پارلەمانی کانادا دەنگی بەوە دابوو کە سپای پاسداران بخرێتە نێو لیستی تێرۆری وڵاتەکەی و داوای لە وەزیری ئاسایشی کانادا کردووە، بۆ ڕێگرتن لە کردەوە تیرۆریستییەکانی ڕێژیمی ئێران بە زووترین کات ئەم بڕیارەی پارلەمانی کانادا جێبەجێ بکرێت.

ئەمە یەکەمجار نییە کە پارلەمانتارانی کانادا کردەوە تێرۆریستییەکانی ڕێژیمی ئێران مەحکووم دەکەن و پشتیوانی لە جووڵانەوەی کورد لە کوردستانی ڕۆژهەڵاتدا دەکەن، پێشتریش تام کمچ پارلەمانتاری کانادا و سەر بە حیزبی کۆنسەرڤەتیڤ مووشەکبارانەکانی ڕێژیمی مەحکووم کردبوو و پاڵپشتی خۆی بە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران ڕاگەیاندبوو.

 هەر لەم ڕاستادا وەزیری بەرگریی کانادا مووشەکبارانی بنکەکانی حیزبی دێموکراتی مەحکووم کرد و هۆکاری ئەو کارەی ڕێژیمی ئێرانی بۆ بێدەنگیی کۆمەڵگای نێودەوڵەتی و بێهەڵوێستی ئەوان لە دژی ئەو ڕێژیمە سەرەڕۆیە گەڕاندەوە.