کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئەندامێکی شۆرای مەریوان دەستی له گرتنی هاووڵاتییانی ئەو شارەدا هەبووە

21:36 - 20 رەزبەر 2716

کوردستان میدیا: یەکێک لە ئەندامانی شۆرای شاری مەریوان کە بەکرێگیراوێکی ڕێژیمە دەستی له گرتنی هاووڵاتییانی ئەو شارەدا هەبووە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، کەسێک بە ناو لوقمان کەریم زادە ئەندامی شۆرای شاری مەریوان کە هاوکات بە کەسێکی بێزراو و بەکرێگیراو ناسراوە، لە کاتی خۆپیشاندانەکانی مەریوان‌ لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابرددوودا کاری بۆ ئیتلاعاتی سپای ڕێژیم کردووە.

ئەو بەکرێگیراوەی ڕێژیم دەستی هەبووە لە گرتنی خەڵکدا و جگە لە خۆی چەندینکەسی دیکەشی ڕاسپاردووە کە وێنە و فیلم لە خۆپیشاندەران بگرن.

هەروەها ئەو مۆرەیەی ڕێژیمی ئێران کەسانی چالاکی دەست نیشان کردووە کە دواتر لە لایەن ڕێژیمە دەستبەسەر بکرێن.

چەند ڕۆژ لەمەو بەر هاووڵاتییانی شاری مەریوان سەبارەت بە کەمتەرخەمیی بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران سەبارەت بە ڕووداوە دڵتەزێنەکانی دەرئەنجامی هاتوچۆی تانکەرەکانی سووتەمەنییەوە، خۆپیشاندانەیان بەڕێوە برد.

لەو پێوەندییەدا، ٥ کەس لە چالاکانی کەمپەینی نا بە تانکەرەکانی مەرگ وەک ئەدمینی ئەو کەمپەینە لە کاناڵی تێلگرام، لە ماڵی خۆیدا لە لایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەستبەسەر کران.

دوای دەستبەسەرکرانی ئەو ٥ هاووڵاتییە کوردە دەزگای قەزایی شاری مەریوان بۆ ئازاد کردنی هەر یەک لەو چوار کەسە داوای بارمتەی ٥٠ میلیۆنی کردبوو.