کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئەندامێکی پارلەمانی ئورووپا: ترامپ ڕووی دەمی لە خەڵکی ئێرانە و ئورووپاش ڕووی لە ڕێژیمی ئێرانە

12:16 - 17 جۆزەردان 2718

کوردستان میدیا: لە دانیشتنی پارلەمانی ئورووپادا پرسی ڕێککەوتنی ناوکیی ئێران و بارودۆخی خراپی خەڵکی ئێران خرایە بەرباس.

ڕۆژی سێشەممە، ڕێکەوتی ١٥ی جۆزەردان، پارلەمانی یەکیەتیی ئورووپا دانیشتنێکی لەژێر ناوی "شەڕە بریکارییەکانی (نیابتی) ڕێژیمی ئێران و گرینگیی هەڵوێستی نوێی ئورووپا دوای هاتنەدەرەوەی ئامریکا لە بەرجام" لە برۆکسل بەڕێوە چوو و بەشداربووان لەم دانیشتنەدا جەختیان لە گرتنەبەری سیاسەتێکی نوێ لە لایەن ئورووپاوە لە بەرانبەر ڕێژیمی ئێراندا کردەوە.

"تۆنی کیلان" ئەندامی حیزبی خەڵکی ئورووپا لە پارلەمانی ئورووپادا لەم دانیشتنەدا، بەراوردی هەڵوێستی دەوڵەتی ترامپ و یەکیەتیی ئورووپای بەرانبەر بە ڕێژیمی ئێران کرد و وتی: "چ ترامپمان خۆش بوێت یان خۆشمان نەوێت، دەبێت دان بەو ڕاستییەدا بنێین کە ترامپ مامەڵە لەگەڵ خەڵکی ئێران دەکات، بەڵام ئورووپا لەگەڵ ڕێژیمی ئێراندا مامەڵە دەکات".

ئەم ئەندام پارلەمانە هەروەها وتی: "دۆسییەی ناوکیی ئێران گرینگییەکی زۆری پێ دراوە، کە ئەمەش بووەتە هۆی ئەوەی بارودۆخی نێوخۆی ئێران پشتگوێ بخرێت، هەر پێشکەوتنێک لە بیاڤی سیاسی و ئابووریدا ببێت، دەبێت لەگەڵ بارودۆخی مافی مرۆڤ لێك بدرێنەوە، بەڵام بەداخەوە هیچ پێشکەوتنێک لەو بارەدا نابینرێت"

ناوبراو هەروەها باسی لەوەش کرد، کە ئەگەری ڕووخانی ئەم ڕێژیمە هەیە و خەڵکی ئێران شیاوی دێموکراسی و مافەکانی مرۆڤن و لە درێژەدا وتی: "ئورووپا ناتوانێت لە پێشێلکارییە بەرچاوەکانی مافی مرۆڤ لە ئێراندا چاوپۆشی بکات، کە بەشێوەیەکی بەرچاو لە ئێراندا هیچ پێشکەوتنێک لە بواری مافی مرۆڤدا نەبووە و ئێمە دەزانین کە ڕێژیمی ئێران بەرپرسیاری نیوەی ئێعدامەکان لە جیهانە".