کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئەندامێکی کانوونی سێنفیی مامۆستایانی کوردستان دەستبەسەر کرا

16:04 - 25 رەزبەر 2715

کوردستان میدیا: ئەندامێکی کانوونی سێنفیی مامۆستایانی کوردستان لە لایەن هێزە ئەمنیەتییەکانی شاری سەقزەوە دەستبەسەر کرا.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، ڕۆژی پێنج‏شەممە ٢٣ی ڕەزبەر، ڕامین زەندنیا یەکێک لە چالاکانی کانوونی سێنفیی مامۆستایانی کوردستان لە لایەن هێزە ئەمنیەتییەکانی ڕێژیمی ئێرانەوە لەشاری سەقز دەستبەسەر کرا.

دەوترێت ئەو مامۆستا کوردە لە کاتێکدا کە هاوڕێ لە گەڵ ئەندامانی خێزانەکەی ویستوویەتی بڕوات بۆ سەفەر، لە لایەن هێزە ئەمنیەتییەکانەوە دەستبەسەر کراوە.

لەلایەکی دیکەوە، کانوونی سێنفیی مامۆستایانی کوردستان بە نیسبەت دەستبەسەر کرانی ئەو مامۆستا کوردەوە بەیانییەیەکی بڵاو کردووەتەوە.

لە بەیاننامەی ئەو ڕێکخراوەدا هاتووە کە ڕامین زەندنیا هاوڕێ لە گەڵ هاوژینەکەی کە لە ئەندامانی چالاکی ڕێکخراوی سێنفیی مامۆستایانی کوردستان و ئێرانن، ڕێکەوتی ٢٣ی ڕەزبەر و لە کاتی سەفەردا ، دەستبەسەر کراوە.

ڕامین زەندنیا لە ماوەی ساڵەکانی ٨٩ و ٩٠ی هەتاوی، چەندین جار بە هۆی چالاکیی ڕێکخراوەییەوە لە لایەن دام و دەزگا ئەمنیەتی و قەزاییەکانی ڕێژیمی ئێرانەوە بانگهێشت و لێپرسینەوەی لێ کراوە.

ناوبراو لە خەرمانانی ساڵی ٩٠دا، دوای ئەوەی بانگهێشتی دادگای شۆڕشی ڕێژیم لە شاری سنە کرا، دەستبەسەر و دوای یەک ڕۆژ بە دانانی بارمتە ئازاد کرابوو و دواتر لە مانگی بەفرانباری ٩١ لە لایەن لقی ٩١ی دادگای شۆڕشی سنەوە بە تۆمەتی پڕوپاگەندە دژی نیزام، ٤ مانگ حەبسی هەڵپەسێراوی بۆ ماوەی ٤ ساڵ بە سەردا سەپێندرابوو.