کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئەنیستیتۆی کورد لە فەڕانسە کۆنفڕانسێکی لەژێر ناوی "ئێران پاش چل ساڵ" بەڕێوە برد

11:09 - 5 رەشەمه 2718

کوردستان میدیا: لە شاری پاریس پێتەختی وڵاتی فەڕانسە، لە لایەن ئەنیستیتۆی کورد، کۆنفڕانسێک لەژێر ناوی "ئێران پاش چل ساڵ" بەڕێوە چوو.

بە دەسپێشخەری ئەنستیتۆی کورد لە پاریس، ڕۆژی هەینی، ٤ی ڕەشەمە، کۆنفڕانسێک  لەژێر ناوی "ئێران پاش ٤٠ ساڵ" لە پاریسی پێتەختی فەڕانسە بەڕێوە چوو.

ئەم  کۆنفڕانسە لە سێ پانێلدا بە  سەردێڕی   "ئێران : ١٩٧٩-٢٠١٩: تەحەولی ڕێژیم و کۆمەڵگای ئێران"، "بارودۆخی خەڵکانی غەیری فارس و کەمینەکانی ئایینی" و "ئامانجەکانی ناوچەیی کۆماری ئیسلامیی ئێران و پرسەکانی ژێئۆپۆلیتیکی" لە سالۆنی "مێدیسی" لە سێنای فەڕانسە بەڕێوە چوو.

 کۆنفڕانسەکە  بە بەشداریی زیاتر لە ١٥٠ کەس لە کەسایەتی و ڕۆژنامەنووسانی فەڕانسەیی و بیانی  سەرەتا بە وتاری سێناتۆر "ڕێمی فێرۆ" دەستی پێ کرد، کە پێشتر شارەداری پاریسی ١٠ش بووە.

پانێلی یەکەم بە بەشداریی "حەمید بۆزئەرسەلان" پرۆفێسۆری زانکۆ و خاتوون "ماری لادیر فولادی" بەڕێوەبەری ئەنستیتۆی لێکۆڵینەوە و بەدواداچوونی زانستی فەڕانسە  و "کامران مەتین" پرۆفێسۆری زانکۆی ساسێکس لە بریتانیا بەڕێوە چوو.

لەم پانێلەدا هەر یەک لە بەشداربووان لە ڕوانگەی زانستی و پسپۆڕیی خۆیانەوە لێکدانەوەیان لەسەر ٤٠ ساڵ مێژوو و کۆمەڵگای ئێران هەبوو، کە دواتر بەشداربووان پرسیارەکانی خۆیان ئاراستەی پانێلەکە کرد و وڵامیان وەرگرتەوە.

پانێلی دووهەم کە لەسەر پرسی نەتەوەکانی غەیری فارس و هەروەها کەمینە ئایینییەکانی ئێران بوو بە بەشداریی "یووسف عەزیزی بەنی توروف" لە ئەهواز، "ناسر بۆلیدەیی" لە بەلووچستان، خانم "تورکان جەعفەرزادە" لە ئازەربایجان و "حەسەن شەرەفی" جێگری یەکەمی لێپرسراوی گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بەڕێوە چوو، کە دکتور "کەنداڵ نەزان" سەرۆکی ئەنستیتۆی کوردی پاریس بەڕێوەبەری پانێلەکە بوو.

لەم بەشەدا "بەنی تۆرۆف"، باسێکی لەسەر بارودۆخی پێشوو و ئێستای ناوچەکانی عەرەبنشینی ئەهواز کرد. بەنی تورۆف لە قسەکانیدا ئاماژەی بەوە کرد، کە لە ساڵەکانی دەیەی دووهەمی سەدەی ١٩ دا مەمالکی مەحروسە لە ئێران جۆرێک لە فێدرالیزم بووە؛ بەڵام ئێستا پاش ١٠٠ ساڵ شێوەیەک لە دێکتاتۆری زۆر توندی ناوەندگەرا بووەتە هۆی سیاسەتی هەڵاواردن لە ئێران.

ناوبراو وتیشی: کە عەرەبەکانی ئەهواز ٨ لەسەدی دانیشتووانی ئێران پێک دێنن، بەڵام ٨٠ لەسەدی داهاتی وڵاتی ئێران لەم ناوچانە بە دەست دێت و سەڕەرای ئەمانە ئەو ناوچانە بە یەکێک لە هەژارترین ناوچەکانی ئێران دەژمێردرێن.

دواتر خاتوون "تورکان جەعفەرزادە"، کە خاتوونێکی ئازەری و چالاکی مەدەنی و مافی ژنانە، لەسەر بارودۆخی ئازەربایجان وتارێکی پێشکەش کرد.

جەعفەرزادە لە قسەکانیدا وتی: لە ئێراندا مافی خوێندن و فێربوون بە زمانی ئازەری لە چوارچێوەی کۆرس و دەورەی زمانیدا قەتیس ماوە و پێداگری کرد، کە ئەوە بۆ زمانی ئازەری شتێکی کەمە. ئەو خانمە ئازەریە لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا ئاماژەی بە پێشێلکاریی مافی ژنان لە ئێران کرد و پێداگری لەسەر خەباتی مەدەنی ژنان  کرد.

لە درێژەی کۆنفڕانسەکەدا، ناسر بۆلێدەیی، وتاری خۆی لەسەر مێژووی نەتەوە و زمانی بەلووچی پێشکەش کرد.

بۆلیدەیی لە قسەکانیدا باسی بارودۆخی بەلووچستانی ئێران و شکل و گرفتەکان و گوشارەکانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێرانی کرد.

دوایین وتاری ئەم بەشەی پانێلەک بۆ کاک حەسەنی شەرەفی جێگری یەکەمی لێپرسراوی گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و بەرپرسی ناوەندی سیاسیی ئەو حیزبە تەرخان کرابوو.

شەرەفی لە سەرەتای قسەکانیدا، ئاماژەی بە چۆنیەتی هاتنە سەرکاری ڕێژێم و ڕێفراندمە نادێمۆکراتیکە کرد و هەڵوێستی کورد و حیزبی دێموکراتی بەرانبەر بەم ڕێفراندۆمە کە بەستێنی بۆ هاتنە سەرکاری ڕێژێم خۆش کرد باس کرد و وەزعی ئێرانی لە هەموو بارێکەوە لە ماوەی دەسەڵاتداریەتی کۆماری ئیسلامیدا هەڵسەنگاند.

پاشان سیاسەتی ڕێژێمی بەرانبەر بە کوردستان لە بوارەکانی ئەمنی، سیاسی، ئابووری و کۆمەڵایەتیدا شی کردەوە و بە ڕاگەیاندنی ئامارێک لە گرتن و زیندانیکران و ئیعدامی ڕۆڵەکانی کورد ڕادەی سەرکوتی ڕێژێمی بەرانبەر بە کورد نیشان دا.

جگە لەوە نیشانەکانی دواکەوتوویی ڕاگیراوی کوردستانی لە بواری ئابووری و ئاوەدانی و هەروەها ڕێژەی بێکاریدا باس کرد.

شەرەفی لە کۆتاییی قسەکانیدا ئەم پرسەی هێنایە  گۆڕ کە ئایا ئەو ڕێژێمە بەو باوەڕە و بەو ئیدئۆلۆژیە دواکەوتوانەیە و بەو تایبەتمەندییانەوە کە باس کرا، دەتوانێت ئیسلاح پەزیر بێت، کە خۆیشی بەڵگەی ئیسلاح ناپەزیری ڕێژێمی خستە ڕوو.

لە درێژەدا شەرەفی وتی: ئێمە نەتەوەکانی غەیری فارس باشتر لە یەکتر تێدەگەین چوونکە دەردی هاوبەشمان و ویستی هاوبەشمان هەیە و هۆشداریشی دا ئەگەر خەباتی سیاسی بە دژی کۆماری ئیسلامی ڕێکخراو و هەماهەنگ و بە بەرنامەی ڕوونی سیاسی نەبێت، ئەو مەترسییە هەیە کە  تەجروبەی ساڵی ١٣٥٧ هەتاوی دووبارە بێتەوە، کە سەرەڕای سەرکەوتن لە شۆڕشدا بەڵام ئامانجە کان وەدی نەیەن.

وتاری شەرەفی هاوکات بە دوو زمانی ئینگلیزی و فەڕانسەیی بۆ بەشداران بڵاو دەکرایەوە.

 لە پانێلی سێهەمدا "پێتر گالبرێت"، باڵوێزی پێشووی ئامریکا لە کرۆواسی و یارمەتیدەری پێشووی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان باسێکی لەسەر بارودۆخی گشتیی کوردەکان کرد و وتیشی: کە ئێستا پرسی کورد لە بابەتێکی ناوچەیی درچووە و بووەتە بابەتێكی نێونەتەوەیی و ئاماژەی بە پرسی مووشەکی ئێرانیش کرد.

لە بەشێکی دیکەدا، شانی مۆر، کە کەسێکی ئاکادێمی و لێکۆڵەر لە زانکۆی حیفا  و "کۆلێجی ئارۆند ئۆ باردی"  ئامریکایە، باسێکی لەسەر ستراتیژیی ناوچەیی ئیسرائیل و ئامریکا و شەڕی سارد لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست کرد.

لە کۆتاییدا سێناتۆری فەڕانسەیی "ڕیمی فێرۆ" باسێکی لەسەر بەشەکانی کوردستان کرد و وتی: دەبێت خەباتی کوردەکان ڕیزی لێ بگیرێت و وتیشی: کە فەڕانسە نابێت تووشی چەندین هەڵەی سیاسی بێت کە یەکێکیان ئەوەیە کە نابێت بوونی خۆمان لە ناوچەکە تەنیا بە داعش ببەستینەوە و دووهەمیش نابێت کوردەکان بە تەنیا جێ بهێڵین و  وتیشی: کە ئێمانوئێل ماکرۆن لە ماوەیەکی کورتدا سەردانی هەولێر دەکات.