کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئەپلیکەیشێنی جەعلی بە ناوی حیزبی دێموکراتەوە بڵاو دەکرێتەوە

12:10 - 8 خەرمانان 2718

کوردستان میدیا:  بەرنامە و ئەپلیکەیشێنی تایبەت بە مۆبایل لە نێو خەڵکی کوردستانی ئێران بڵاو کراوەتەوە کە گوایە هی ماڵپەڕەکان و راگەیاندنی حیزبی دێموکراتە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، بەرنامە و ئەپلیکەیشێنی تایبەت بە مۆبایل، لە نێو خەڵکی کوردستانی ئێران و بەتایبەت کەسانی چالاک لە دیجیتاڵ میدیا و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاو کراوەتەوە کە گوایە ئەو ئەپلیکەیشێنانە هی ماڵپەڕی کوردستان میدیا و دەزگای راگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانە.

بەپێی زانیاریەکان، کاتێک کەسێک ئەو جۆرە ئەپلیکەیشێنانە دادەبەزێنێ، ئەو بەرنامەی مۆبایلە، ژمارە تێلێفۆنەکانی سەر مۆبایلەکە و پەیامەکانی و هەموو پێوەندییەکانی وەردەگرێ و دەیخاتە ژێر چاوەدێرییەوە؛ هەروەها هەموو وێنە و پەیام و شتەکانی سەر مێمۆری و مۆبایلەکە وەردەگرێ و دەسکارییان دەکا و بۆ شوێنی نەناسراویان بەڕێ دەکات.

ئەم جۆرە ئەپلیکەیشێنە گوماناوییانە، لە لایەن دەزگای سیخوری و ئیتلاعاتی رێژیمی کۆماری ئیسلامییەوە دروست دەکرێن و بەنێو خەڵکدا بڵاو دەکرێنەوە تاکوو کاری سیخوری و دژەمرۆییان پی بکەن.

لەمبارەوە کەریم پەرویزی بەرپرسی دەزگای راگەیاندنی گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران رایگەیاند :" ئێمە وەکوو حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران هیچ جۆرە ئەپلیکەیشنێکی تایبەت بە مۆبایل چ بۆ سیستمی ئاندرۆید یان ئایئۆئێس لەسەر دەزگاکانی ئەپێڵمان دیزاین نەکردووە و بە هیچ کەسمان نەوتووە شتی وامان بۆ دروست بکا".

وتیشی: "ئێمە دەزانین کە کۆماری ئیسلامی لە دونیای مەجازی و بەرنامەکانی تایبەت بە مۆبایل و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بە هەموو شێوەیەک خەریکی کاری سیخوڕی و فریوکارییە و ئەو جۆرە ئەپلیکەیشێنانە دروست دەکا، هەر بۆیە هیچ جۆرە ئەپلیکەیشنێکمان دیزاین نەکردووە و بە کەسیشمان نەوتووە کە شتی لەو بابەتەمان بۆ دیزاین بکا تاکوو رێگە بە کەڵکی نابەجێی دەزگاکانی رێژیم نەدەین بە ناوی ئێمەوە ئەپلیکەیشێن دروست بکەن و لایەنگران و ئۆگرانی خەباتی نەتەوەیی دێموکراتیکی کوردستانی رۆژهەڵات وەداو بخەن".

دەشلێت: "داوا لە هەموو تێکۆشەران و چالاکان دەکەین لەو بارەوە وشیار بن و لە داوی دەزگاکانی کۆماری ئیسلامی نەکەون. هەرجۆرە زانیاریەکیشیان لەو پێوەندیەدا هەبوو بە دەزگای راگەیاندنی گشتیی حیزبی دێموکراتی ڕابگەیەنن."

جێگای ئاماژەیە کە رێژیمی کۆماری ئیسلامی لە دونیای مەجازی و تۆڕی ئینتێرنێتدا بە بەردەوامی خەریکی کاری سیخوڕی و دژە مرۆییە و لە تازەترین نموونەدا هەواڵدەرییە جیهانییەکان باسیان لە کارە خراپکارانەکانی کۆماری ئیسلامی لەو بارەوە کردووە.