کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئەگەری داخرانی گەورەترین کارخانەی بەرهەمهێنانی شیرەمەنی لە سنە

11:26 - 13 سەرماوەز 2718

کوردستان میدیا: گەورەترین کارخانەی بەرهەمهێنانی شیرەمەنی لە شاری سنە، پاش سێ دەیە چالاکی لە بواری بەرهەمهێناندا، بە هۆی نەبوونی سەرمایە و کێشەی ئابووری ئەگەری داخرانی لەئارادایە.

حیسام خۆدایی، بەرپرسی کارخانەی شیرەمەنیی پاک ئارا، سەبارەت بەم کارخانەیە دەڵێ: ئەم کارخانەیە لە ساڵی ٦٧ـەوە، دەستی بەکار کردووە و لە بواری بەرهەمهێنانی شیر، ماست، پەنیر و هەروەها بەرهەمە شیرییەکانی دیکەدا چالاکی دەکات.

بە وتەی خۆدایی ئێستاکەش ٥٤ کەس لە بەشی فرۆش و ١٤٦ کەسیش لە بەشی بەرهەمهێنانی ئەم کارخانەیەدا خەریکی چالاکین کە لە ئەگەری چارەسەر نەکردنی کێشەی ئابووریی ئەم کارخانەیە لە لایەن بەرپرسانەوە، دەبێ هەندێک لە کرێکارەکان دەربکرێن کە ئەمە سەرەڕای ئەوەیکه ئەبێتە هۆی گوشاری ئابووری بۆ چینەکانی خوارەوەی کۆمەڵگا، بەرهەمهێنانی یەکەیەکی ئەم پارێزگایە لە گەڵ کێشە بەرەڕوو دەکاتەوە.

ناوبراو هەروەها ئاماژەی بەوە کردووە کە لە ماوەی ١٥ ڕۆژی کۆتایی مانگی خەزەڵوەری ئەمساڵدا، به شێوەی کاتی و لە ژێر ناوی تەعدیلی نیرودا ،٣٢ کەس لە سەر کارەکانیان لابراون، کە لە ئەگەری چارەسەرنەبوونی کێشە ئابوورییەکەدا ئەوانی دیکەش تووشی ئەم چارەنووسە دەبن.

خۆدایی وتوویەتی: لە لایەن ئیدارەکانی دیکەوە بۆ وەرگرتنی وام کێشەمان نییە و  تەنیا کێشەی ئەم کارخانەیە دابین نەکردنی پارە لە لایەن بانکی کشاوەرزییە.

بانکی کشاوەرزیش هۆکاری نەدانی وام بەم کارخانەیە بۆ ئەوە دەگەڕێنێتەوە کە ئەم کارخانەیە چەکی بەرگەشتی هەیە و بە هۆی کێشەی وەسیقەوە بۆی نییە لەم بانکە وام وەربگرێت.

کارخانەی پاک ئارا یەکێک لە گەورەترین یەکە بەرهەمهێنەرەکانی شاری سنەیە کە لە ئەگەری داخرانیدا زۆربەی ئەو کەسانەی کە لەوێ کار دەکەن ناچار دەبن بۆ دابینکردنی بژیوی ژیانیان ڕوو بکەنە پیشەگەلێکی وەک دەستفرۆشی و کۆڵبەری.

بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران سەرەڕای ئەوەی کە مۆڵەتی دامەزراندنی کارخانە و یەکە بەرهەمهێنانەکان لە شارەکانی کوردستاندا نادەن، بە درووستکردنی لەمپەڕ و تەرخان نەکردنی پارە و بوودجەی پێویست پێش بە کاری کارخانە و یەکە بەرهەمهێنەرەکانی دیکەش دەگرن و لاوانی کوردیش به ناچار دەبێ ڕوو لە شارەکانی دیکەی ئێران بکەن.