کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئەیرلاینەکانیش بە کەرتی تایبەت دەسپێردرێن

13:22 - 9 گەلاوێژ 2719

کوردستان میدیا: شیرکەتی ئەیرلاینی "ئیران ئەیر توور"، کە نرخەکەی  ١٠٠ میلیارد تمەنە، خرایە موزایدەیەکەوە و بە ٣٤ میلیارد تمەن درا بە کەرتی تایبەت.

لەم چەند ڕۆژەی دواییدا، "نەسروڵڵا پژمان فەر"، بە ناو نوێنەری خەڵکی مەشهەد لە مەجلیسی ڕێژیمدا، لەبارەی دانی شیرکەتی ئەیرلاینی "ئەیر توور" بە کەرتی تایبەت، سکاڵای  لە دژی ڕێکخراوی "خسووسیسازیـ"ـی ڕێژیم تۆمار کردووە.

ئەم نوێنەرەی ڕێژیم ڕایگەیاندووە کە ئەم شیرکەتە بەبێ جێبەجێکردنی هەنگاوە یاساییەکان، بە نرخێکی یەکجار کەم، دراوەتە دەستی کەرتی تایبەت و نرخی ئەم شیرکەتە ١٠٠ میلیارد تمەنە، بەڵام بە بڕی ٣٤ میلیارد تمەن فرۆشراوە.

هەر لەم ڕاستایەدا، ئاخوند "جەواد حوسێنی کیا"، بەناو نوێنەری شاری "سونقوڕوکولیای"، سەر بە پارێزگای کرماشان، ڕایگەیاندووە: "پاڵاوگەی نەوتی کرماشان کە نرخی زیاتر لە ٦٣هەزار میلیارد ڕیاڵە، بە نرخی دیاریکراوی ١٨٠ میلیارد تمەن بۆ موزایدە دادەنرێت و بە ٢١٠ میلیارد تمەن دەفرۆشرێت".

بەرپرسانی ڕێژیم لە ماوەی دەسەڵاتیاندا، لە هەموو چەشنە کەڵکاژۆیەک بۆ زیاترکردنی سەروەت و سامانەکانی خۆیان کەڵک وەردەگرن و لەژێر ناوی "خسووسیسازی"، شیرکەت و شوێنە حکوومەتییەکان دەست بەسەر ئەو شوێنانەدا دەگرن و دەیانکەنە موڵکی شەخسی.