کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

راپۆرتی رۆژی یەکەمی کۆنگرەی سێهەمی یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستانی ئێران

16:17 - 12 بەفرانبار 2714

کوردستان میدیا: کۆنگرەی سێهەمی یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستانی ئێران، پاش بەڕێوەبردنی رێوڕەسمی کردنەوەی کۆنگرەکە، بە فەرمی دەستی بە کارەکانی کرد.

بە پێی راپۆرتی هەواڵنێری ماڵپەڕی کوردستان میدیا، دوا‌نیوەڕۆی رۆژی پێنج‌شەممە رێکەوتی ١١ی بەفرانباری ساڵی ١٣٩٣ی هەتاوی، پاش بەڕێوەبردنی رێوڕەسمێک لە بنکەی سەرەکیی یەکیەتیی ژنان بە بۆنەی کردنەوەی کۆنگرەی ٣ی ئەو یەکیەتییە، کاتژمێر ١:٣٠ خولەک، کۆنگرەی یەکیەتیی ژنان، بەفەرمی بەرنامەی کاریی خۆی دەست پێکرد.
دانیشتنی یەکەم

لە دانیشتنی یەکەمی کۆنگرەکەدا، رەوایی بۆ کۆنگرەی سێهەم و ناو، ئارم و دروشمی ئەو کۆنگرەیە وەرگیرا.
کۆنگرەی سێهەمی یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستانی ئێران پاش وەرگیرانی مەشرووعییەت بە دەنگی تێکڕای ئەندامانی کۆنگرەکە، لەژێرناوی کۆنگرەی سەرخستنی ئیرادەی ژن و بە دروشمی پێشەنگی ژنی کورد لە پێناو دوارۆژێکی ئازاددا بە فەرمی دەستی بە کارەکانی کرد.

پاشان، پەیامی هەیئەتی ئامادەکاری کۆنگرەی ٣ی یەکیەتیی ژنان، لەلایەن رووناک فەتحی، ئەندامی هەئیەتی ئامادەکاری کۆنگرەکەوە خوێندرایەوە.

بە بڕگەیەکی دیکە لە دانیشتنی یەکەمی کۆنگرەی سێهەمی یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستانی ئێراندا، راپۆرتی لیژنەی ئامادەکاری کۆنگرە پێشکەش کرا.

بەشی کۆتایی دانیشتنی یەکەمی کۆنگرەی یەکیەتیی ژنان، تەرخان کرابوو بە پێشکەش‌کردنی پەیامی پیرۆزبایی کۆمەڵەی ژنانی رۆژهەڵات کە لەلایەن چنوور قادری ئەندامی کۆنگرەی یەکیەتیی ژنانی دێموکراتەوە خوێندرایەوە.
دانیشتنی دووهەم

دانیشتنی دووهەمی کۆنگرەی ٣ی یەکیەتیی ژنانی دێموکرات، کۆنگرەی سەرخستنی ئیرادەی ژن، بە پەسندکردنەوەی ئارمی یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستانی ئێران دەستی پێکرد.

پاشان، راپۆرتی کۆمەڵایەتی ــ سیاسیی بەڕێوەبەریی گشتیی یەکیەتیی ژنان، هەڵبژێردراوی کۆنگرەی دوو، پێشکەش کرا.

ئەندامانی کۆنگرەی سێهەمی یەکیەتیی ژنان لەم دانیشتنەدا، تێبینی‌یەکانی خۆیان لەسەر راپۆرتی کۆمەڵایەتی ــ سیاسیی ئامادەکراوی بەڕێوەبەری پێشووی یەکیەتیی ژنان دەربڕی و دانیشتنی دووهەمیان پڕنێوەڕۆک و دەوڵەمەندتر کرد.
دانیشتنی سێهەم

ئێوارەی رۆژی پێنج‌شەممە و لە درێژەی رەوتی کاری کۆنگرەی سەرخستنی ئیرادەی ژن، کاتژمێر ٦:٣٠ی ئێوارە، جەلەسەی سێهەم لە درێژەی دانیشتنی دووهەمدا و بە پێشکەش‌کردن و وەرگرتن را و تێبینی ئەندامانی کۆنگرە لەسەر راپۆرتی کۆمەڵایەتی ــ سیاسی درێژەی کێشا.

راپۆرتی کۆمەڵایەتی ــ سیاسیی بەڕێوەبەریی گشتیی یەکیەتیی ژنان، هەڵبژێردراوی کۆنگرەی دوو، پاش وەرگرتنی رەخنە و تێبینی‌یەکانی ئەندامانی کۆنگرە، خرایە بەر دەنگدان و پەسند کرا.

لە بەشی کۆتایی دانیشتنی سێهەمی کۆنگرەی یەکیەتیی ژناندا، پەیامی یەکیەتیی خوێندکارانی دێموکراتی کوردستانی ئێران لەلایەن ئەوین موستەفازادەوە، خوێندرایەوە.
دانیشتنی چوارەم

کۆتا دانیشتنی رۆژی یەکەمی کۆنگرەی ٣ی یەکیەتیی ژنانی دێموکرات، کاتژمێر ٨:٣٠ خولەکی شەو دەستی پێکرد.

ئەم دانیشتنە بۆ پێشکەش کردنی راپۆرتی کار و چالاکیی بەڕیوەبەری هەڵبژێردراوی کۆنگرەی ٢ی یەکیەتیی ژنان تەرخان کرابوو.

پااش خوێندنەوەی راپۆرتی کار و چالاکی بەڕێوەبەریی یەکیەتیی ژنان، ئەندامانی کۆنگرە بە شێوەیەکی تێر و تەسەل لەسەر ئەم بەشە باس و قسەیان کرد و پاش وەرگرتنی را و بۆچوونی ئەندامانی کۆنگرە، ئەو راپۆرتە خرایە بەر دەنگی ئەندامانی کۆنگرە و بە زۆرینەی دەنگ پەسند کرا.

لە کۆتایی دانیشتنی چوارەمی کۆنگرەی ٣ی یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستانی ئێران، کۆنگرەی سەرخستنی ئیرادەی ژندا، پەیامی رێکخراوی ئاسۆی ژنی کورد لەلایەن هاجەر قادریـەوە و پەیامی عەبدوڵا حیجاب لەلایەن نەرمین عوسمانیـەوە پێشکەش کران.