ڕۆحانی: ئەگەر ئامریکا تۆبە بکات، تۆبەکەی قەبووڵ دەکەین

12:30 - 7 February 2019

کوردستان میدیا: بەرپرسانی ڕێژیم کە پێشتر خۆیان بە نوێنەری خوا دەزانی، ئێستە خۆیان بە خوا دەزانن و داوا لە ئامریکا دەکەن کە لە بەرانبەریاندا تۆبە بکات.

لە ڕاستای نزیکبوونەوە لە ٢٢ی ڕێبەندان، ساڵیادی هاتنەسەرکاری دەسەڵاتی دیکتاتۆری ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران و شۆڕشی گەلانی ساڵی ١٣٥٧، بەرپرسانی ڕێژیم بە شێوەیەکی بەردەوام لە هەوڵی چەواشەکاریدان و لە قسە و وتارەکانیاندا دروشمی دوور لە ڕاستی دەڵێنەوە.

ڕۆژی چوارشەممە، ١٧ی ڕێبەندان، حەسەن ڕۆحانی سەرکۆماری ڕێژیمی ئێران، لە دیداری لەگەڵ باڵوێز و نوێنەری ناوەند و ڕێکخراوەکانی دەرەوەی ئێران، بە بۆنەی ٤٠ ساڵەی دامەزراندنی دەسەڵاتی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران لێدوانی دا و لەو لێدوانەیدا، دەسەڵاتی ڕێژیمی ئێرانی وەک دەسەڵاتێکی ئاشتیخواز پێناسەکرد و باسی لەوە کردووە، کە هەمیشە ڕێژیمی ئێران قوربانی تێرۆر بووە و بەردەوام لە هەوڵی هاوکاریکردنی وڵاتەکانی ناوچەکەدا بووە.

سەرکۆماری ئێران بە ئاماژەدان بەوەی کە دروشمی ڕێژیمی ئێران ئەوە بووە، کە "ئێران لەگەڵ هەموو جیهانە"، وتبووی: "تەنانەت ئەگەر ئامریکا تۆبە بکات و لەو ڕێگایەی کە لە ڕابردوو گرتبوویە بەر بگەڕێتەوە و لێکۆڵینەوەیەکی ورد لە بارەی ئەو کارانەی کە بە دەستێوەردان لە کاروبارەکانی ڕێژیمی ئێراندا کردوویەتی، داوای لێبوردن بکات و گەورەیی ڕێژیمی ئیسلامی قەبووڵ بکات و بە ڕێزەوە لەگەڵ ڕێژیمی ئێران قسە بکات ئاوا ئامادەین تۆبەکەی ئامریکا قەبووڵ بکەین".

ڕۆحانی چەواشەکاری کردبوو و وتبووی: دروشمی ئێمە جیهانێکی دوور لە توندوتیژی و ئاژاوەگێڕییە و جەختمان لێ کردووەتەوە و جەختی لێ دەکەینەوە.

هەروەها لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا باسی لەوە کردبوو، کە ڕێژیمەکەی بە هانای وڵاتانی سووریە، عێراق، لوبنان، یەمەن، ئەفغانستان و قەتەرەوە ڕۆیشتووە و هیچ کاتێكیش چاوەڕوانییەکیان جگە لە هاوکاریکردن نەبووە.

ئەم قسانەی ڕێژیمی ئێران لە کاتێکدایە، کە بە بەردەوامی بەڵگەی دەستێوەردانەکانی ڕێژیمی ئێران لە کاروباری وڵاتانی ناوچەکە و پشتیوانیکردن لە گرووپە تیرۆریستی و توندڕەوە ئیسلامییەکان دەردەکەوێت و ڕۆژانە ڕێژیمی ئیسلامی ئێران، چالاکانی سیاسی، مەدەنی و ژینگەپارێزی بە بیانووی جۆراوجۆر دەسبەسەر دەکات.