کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

مامۆستایان لە ٣٠٠ شاری ئێران و کوردستان مانیان گرت

10:57 - 11 رێبەندان 2721

ڕۆژی یەکشەممە ١٠ی ڕێبەندانی ١٤٠٠ی هەتاوی، مامۆستایانی ناوچە جۆراوجۆرەکانی کوردستان و ئێران بۆ دووەمین ڕۆژ نەچوونە قووتابخانەکان و مانیان گرت. مامۆستایان جەختیان کردووەتەوە کە تاکوو گەیشتن بە مافەکانیان لە مانگرتن بەردەوام دەبن.

هاوکات لەگەڵ دووەمین ڕۆژی مانگرتنی سەرتاسەریی مامۆستایان، بە وتەی "محەممەد حەبیبی" وتەبێژی ئەنجومەنی پیشەیی مامۆستایانی ئێران، لە پتر لە ٣٠٠ شاری کوردستان و ئێران مانگرتنی مامۆستایان بەڕێوە چووە.

لە درێژەی ئەو مانگرتنانەدا، هێزە بەناو ئەمنییەتییەکانی ڕێژیم لە مەریوان، یەکێک لە ئەندامانی ئەنجومەنی پیشەیی مامۆستایانی ئەو شارە بە ناوی "شەعبان محەممەدیـ"ـیان دەسبەسەر کردووە.

بەپێی ڕاپۆرتەکان قوتابییان لە هەندێک لە قوتابخانەکان پشتیوانییان لە مامۆستایان کردووە و تێکەڵی ناڕەزایەتییەکان بوون.

شواری هاوئاهەنگیی یەکیەتیی مامۆستایان داوای لە مامۆستایان کردووە کە لە ڕۆژەکانی ٩ و ١٠ی ڕێبەندان نەچنە سەر کار و لە ڕۆژی ١١ی ڕێبەندانیش مانگرتنی سەرتاسەری بەڕێوە ببەن.

ناڕەزایەتیی مامۆستایان لە حاڵێکدایە کە داخوازییە یاساییەکانیان لەگەڵ کەمتەرخەمی و گوێپێنەدانی بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران بەرەوڕوو بووەتەوە.