کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

مامۆستا هێدی ماڵئاوایی لە دنیای شێعر کرد

15:44 - 8 خەزەڵوەر 2716

کوردستان میدیا: یەکێک لە شاعیرانی کلاسیکی بە ناوبانگی گەلی کورد ماڵئاوایی لە دنیای شێعر و ئەدەب کرد.

ڕۆژی پێنج‌شەممە ڕێکەوتی٦ی خەزەڵوەری ١٣٩٥ی هەتاوی، لە شاری هەولێر، پایتەختی باشووری کوردستان، شاعیری ناسراوی گەلی کورد، خالید حیسامی ناسراو بە مامۆستا هێدی لە تەمەنی ٨٩ ساڵیدا کۆچی دوایی کرد.

مامۆستا هێدی لەساڵی ١٣٠٦ی هەتاوی لەگوندی شێخاڵی ناوچەی موکریانی کوردستانی ڕۆژهەڵات لەدایک بووە، سەردەمی منداڵی و مێرمنداڵی لەو گوندە ژیاوە و لە ژێرچاودێریی باوکیدا خوێندوویەتی. دوای تێپەڕکردنی دەورەی خوێندن و گەیشتن بەسەردەمی لاوێتی کە هاوکات بووە لەگەڵ چالاکیی کۆمەڵەی (ژ. ک) و پاشان دامەزرانی کۆماری کوردستان (١٣٢٤)، دەبێتە پێشمەرگە و لە هەمانکاتدا دەست بە نووسینی کۆمەڵێک شیعری نیشتمانی دەکات و لە گۆڤارەکانی ئەو سەردەمەدا بڵاو دەبێتەوە.

بەشێک لە شێعرەکانی مامۆستا هێدی لە دیوانێکدا بە ناوی کاروانی خەیاڵ چاپ و بڵاو کراوەتەوە. ئاوێنەی شکاو لە خۆگری کۆمەڵێک بیرەوەری بە قەڵەمی هێدیی شاعیرە و هەروەها ناوبراو کورد و کوردستانی ڤاسیلی نیکیتینیشی وەرگێڕاوەتە سەر زمانی کوردی.

مامۆستا هێدی لە زۆربەی گۆڤار و ڕۆژنامەکەندا بە نازناوی شێواو و هێدی بەرهەمەکانی خۆی بڵاو کردووەتەوە.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران سەبارەت بە کۆچی دوایی مامۆستا هێدی شاعیری ناسک خەیاڵ و خامە ڕەنگینی گەلی کورد، وێڕای دەربڕینی خەم و پەژارە سەرەخۆشی لە بنەماڵەی مامۆستا هێدی دەکات و خۆی بە شەریکی خەمیان دەزانێت.