کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هەوڵی ڕێژیم بۆ دانانی کارگەی زێڕ لە گوندی مازوارەی سەقز، ناڕەزایەتیی خەڵکی لێ کەوتووەتەوە

17:31 - 23 خاکەلێوه 2722

ڕێژیمی ئێران کانگایەکی زێڕی لە گوندی قوڵقوڵەی سەر بە ناوچەی سەرشیوی سەقز کردووەتەوە و پێوەیە لەوێوە بەردەکان بۆ ئاوایی مازوارە بگوازێتەوە و لەوێ پاکیان بکاتەوە. بۆ ئەم مەبەستەش ماوەی دوو مانگە دەستوپێوەندەکانی ڕێژیم کە بریتین لە بەرپرسانی فەرمانداری و سەردەفتەری نوێنەری ڕێژیم لە مەجلیسی شورای ئیسلامی‌، بێ پسانەوە سەردانی گوندی مازوارە دەکەن هەتا خەڵک بەو قەناعەتە بگەیەنن کە دانانی وەها کارگەیەک نەتەنیا مایەی نیگەرانی و دڵەڕاوکێ نییە، بەڵکوو وەکوو خێر و بەرەکەت مایەی ئاوەدانییە  و هەلی کار بۆ ناوچەکە بە دوای خۆیدا دێنێت.

خەڵکی ناوچەکە کە بە نیگەرانییەوە لە پیلانەکانی ڕێژیم دەڕوانن، بەدواداچوونیان بۆ ئەم بابەتە کردووە و سەردانی گوندێکیان لە ناوچەی تیکاب کردووە کە کارگەی لەو چەشنەی لێ‌ دانراوە. بە پێچەوانەی ئیدیعای ڕێژیم، خەڵکی ناوچەی تیکاب ئەوەیان پشتڕاست کردووەتەوە کە کردنەوەی کارگەی زێڕ لە ناوچەکەیان بووەتە هۆی لەنێوچوونی ژینگە و تەنانەت ڕەوتی سروشتی ئاو و  کانیاوەکانیشی گۆڕیوە. بۆ وێنە، بڵاوبوونەوەی توخمی جیوە و ئارسنیک و سیانوور بەشێک لە شوێنەوارەکانن و  لە دواڕۆژدا بەرۆکی خەڵک دەگرن.

لەلایەکی دیکەوە هەمووان ئەو ڕاستییە دەزانن کە زیاتر لە ٧٠ لەسەدی زێڕی ئێران لە کوردستان بەرهەم دێت و خاوەنی سەرەکیی تێکڕای پرۆژە و کارگەکان لەژێر ئەمرو دەسەڵاتی سپای تێرۆریستی پاسداراندایە و ئەوانیش لە کوردستان وەک هەمیشە هۆکاری ماڵوێرانی و بشێوێنی بوون، نەک ئاودانی و خزمەت بە خەڵک. هەروەها بەهۆی گرینگی و هەستیاریی پرۆژەکەوە، سپای پاسداران ڕێگە بە خەڵکی خۆجێیی نادات کە لە وەها شوێنێکدا کار بکەن.

ئەگەرچی خەڵکی گوندی مازوارە لە خۆڕاگری لە بەرامبەر ئەم پیلانەدا بە تەنیان، بەڵام داواکارن کە هەموو گوندەکانی ناوچەکەش وەکوو "چراغ وەیس، قەبەغڵوو، تەمووتە و هتد" دوایی پشتیان بگرن تا ڕێگری لەو پرۆژە مەترسیدارە بۆ سەر ناوچەکە بکەن.