کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پێشمەرگەی موسڵمان، یان خۆفرۆشانی خۆوڵاتی ( كاوە بەهرامی)

12:39 - 29 خەزەڵوەر 2714

کاوە بەهرامی

لە چەند رۆژی رابردوودا راگەیاندنەكانی رێژیمی كۆماری ئیسلامی بڵاویان كردەوە كە لە ئۆستانەكانی سنە و كرماشان كۆنگرەیەك دەبەستن لەژێر ناوی كۆنگرەی پێشمەرگەی موسڵمان. بیرۆكەی ناوی پێشمەرگەی موسڵمان لە كوێڕا هاتووە و ئامانجی رێژیم لەم هەوڵە چەواشەكارانەیە چییە؟

ئەم بابەتە جیا لەو باسانە، دەپرژێتە سەر هۆكاری دامەزران و هاتنە ئارای چەمكی چەواشەكارانەی پێشمەرگەی موسڵمان و هەروەها پیلانگێڕییەكانی رێژیم بۆ دابەزاندن و كەمكردنەوەی ئاستی راستەقینەی شوناسی پێشمەرگەی كوردستان و پیرۆزی و خۆبەشی ئەو هێزە گیانفیدایەی كوردستان.

11430.jpg
کاوە بەهرامی

وەك هەموان ئاگاردارن ناوی پڕ بایەخ و پیرۆز و پڕ نێوەڕۆكی پێشمەرگە لە ساڵی ١٣٢٤ لەسەر پێشنیاری سەركۆماری كوردستان و سكرتێری گشتیی ئەو كاتی حیزبی دێموكرات، پێشەوا قازی محەممەد بۆ لەشكری كوردستان دانراوە. ناوی پارێزەری لەشكری كوردستان لە سەردەمی كۆماری كوردستاندا، پێشمەرگە ناو دێر كراوە. لەو كاتەوە هەتا ئێستاش لە هەموو پارچەكانی كوردستان ئەو شۆڕشگێڕانە كەلە حاڵی خەباتی چەكداریدان، بە ناو و جلو بەرگی پێشمەرگەوە وەكوو پارێزەر و گیانفیدای كوردستانیش بە ئەو كچ و كوڕانە دەوترێ‌كە خۆبەخشانە بۆ دابینكردنی مافی نەتەوایەتیی گەلی كورد ئامادەن گیانی خۆیان بەخت بكەن. ئەوە روونە هێزی چەكداری كورد بۆ بەربەرەكانێ لەگەڵ رێژیمەكان و پاراستنی خاك سەروەریی كوردستان ناوی پێشمەرگەی لەسەر دانراوە و لەو سەردەمەدا تا هەنووكە ئەو خۆ نەویستی و خەڵك ویستیە بەردەوام بووە. هەموو پارچەكانی كوردستان لەو ناوە پڕ نێوەرۆكە بۆ پاراستن و وەدیهاتنی ئامانجەكانی گەلی كورد كەڵكیان وەرگرتووە.

پێشمەرگەی موسڵمان كێیە؟

پاش شۆڕشی گەلانی ئێران و هاتنە سەركاری كۆماری ئیسلامی، كۆمەڵێك لە كوردە موسڵمانەكان بە بیر و بۆچوونی وەهابی و ئێخوانی و ... هتد، دەستیان بە تێكۆشان كرد، لە سەرەوەی هەموویان كاك ئەحمەد موفتی زادە هەڵگری بیری شۆرای شەمس و تەنانەت بە مەبەستی سەرنج راكێشانی كۆماری ئیسلامی بۆ لای بیرو بۆچوونی ناوبراو، كۆمەڵێك لەو كەسانەی كە چەكی كۆماری ئیسلامییان لە شان كرد و مووچەخۆری كۆماری ئیسلامی و لە بواری بیرو بۆچوونی ئیسلامییەوە لە ئاغای موفتی زادە نزیك بوون لە دەوری خۆی كۆ كردنەوە بە ناوی پێشمەرگەی موسڵمان ناوی دەبردن. ئەوە لە حاڵێك دایە كۆماری ئیسلامی بە هەموو شێوەیەك دژیمافی نەتەوایەتیی كورد پیلان دەگێڕێ‌.

كاك ئەحمەدی موفتی زادە لە كۆڕ و كۆبوونەوەكاندا دەیكوت : كۆماری ئیسلامی بەو قەناعەتە گەیشتوە كە خۆدموختاریی ئیسلامی بە كورد بدا. هەوڵ و تەقەلای ئەحزاب و كەسایەتییە سیاسییەكانی كوردستان لەسەرەوەی هەموان حیزبی دێمۆكراتی كوردستانی ئێران لە پێوەندی لەگەڵ بە قەناعەت گەیاندنی موفتی زادە سەبارەت بە دژایەتی كۆماری ئیسلامی بۆ مافە نەتەوایەتییەكانی گەلی كورد بێ‌ئاكام مایەوە و بەردەوام لە شار و شارۆچكەكانی كوردستان لە پێوەندی لەگەڵ هزری نزیكی كۆماری ئیسلامی بۆ دابین كردنیمافی نەتەوایەتیی گەلی كورد بەردەوام بوو و لەدژی بۆچوونەكانی ئەحزابی كورد سەبارەت بە داخوازیی نەتەوایەتیی گەلی كورد لێدوانی دەدا، تەنانەت بە چاوی خۆمان بینیمان كۆماری ئیسلامی لە هەموو شارو گوندەكانی كوردستان پەلاماری گەلی كوردو حیزبە سیاسییەكانی داو لە چەند شاری گوردستان وەك: سنە، مەریوان، نغدە، پاوە، شەڕی ساز كرد و حیزبی دێمۆكراتی بە مۆنحەلە رایگەیاند، نە تەنیا هیچ مافێكی بۆ گەلی كورد رەوا نەبینی بەڵكوو پاش داگیر كردنی شارو گوندەكانی كوردستان و پاشەكشێی پێشمەرگە، دەستی دایە زیندان و ئیعدامی هەموو ئەو كەس و لایەنانەی كە بە هەر شێوەیەك باسی مافی نەتەوایەتیی گەلی كوردیان دەكرد و بە داخەوە نە تەنیا ئاغای موفتی زادە چووە زیندان، بەڵكوو پاش ماوەیەكی كورت چەند مەلاێكی دیكە كە لەگەڵ بیرو بۆچوونی موفتی زادە بوون، وەك یەك لەوانە مەلا ناسر سوبحانی كە دواتر بەرپرسی مەكتەبی قورئانی پاوە بوو و لە راستای شۆڕشی گەلانی ئێران دژی رێژیمی شا دەوریان هەبوو، ئیعدام كران.

كۆماری ئیسلامیی ئێران ناوی پێشمەرگەی موسڵمان كە ئاغای موفتی زادە چەواشەی كرد، كردە فاكتەرێك بۆ سەرنج راكێشانی كۆمەڵێك كوردی خۆفرۆش و بە ناوی پێشمەرگەی موسڵمانەوە لەو كاتەوە هەتا ئێستا كەڵكی لێ‌وەر دەگرێ‌. ئەو جاشانەش بە بێ‌ئەوەی بیر لەوە بكەنەوە سەرەڕای ئەوەی كە وەك چەكداری رێژیم خەیانەت بە گەل و نیشتمان دەكەن ، ناوی پیرۆزی خۆبەخشانی رۆڵەكانی كورد بۆ رزگاریی كوردستان چەواشەو گڵاو دەكەن ئەوان خۆیان باش دەزانن لە كلتی گەرمیی خەباتیی چەكداریی لە لایەن رێژیمەوە، جگە لە كوشتنی براكانیان هیچ چەشنە دەسەڵاتێكی دیكەیان نەبوو . بۆیە بیریان دێنمەوە تەنانەت متمانەی ئەوەیان پێ‌نەدەكردن كە بێسیمچیی گرووپی چەكداری خۆیان بن. هەردەم بێسیمچیی گرووپ و تاقمەكانیان لە فارس و تورك بوون.

پێشمەرگە، لە حاڵی شۆڕش ، خۆ بەخشەو هیچ پارە و مووچەیەك لە كەس و لایەنێك وەر ناگرێت و بۆ خەڵك و خاكی خۆی خەبات دەكات. بە لای ئەوانەی لە كۆماری ئیسلامی چەك هەڵدەگرن و دژی گەل و نەتەوەی خۆیان شەڕ دەكەن تەنیا لە بەرانبەر پارە و مووچەیەكی كەمەوە دژایەتیی گەل و وڵات دەكەن و یان لە بنكە جاسووسییەكانی رێژیم خەریكی سیخوڕیی بۆ كۆماری ئیسلامی و بە دەستەوەدانی هاووڵاتییانی خۆیان لە پەتەكانی سێدارە دەدەن و خزمەت بە رێژیمی دژی گەلیی كۆماری ئیسلامی دەكەن. گرتنی كۆنفرانس بە ناوی پێشمەرگە مۆسڵمان بۆ چەواشە كاریی بیروڕای گشتییە لە قاودانی ئەم سیناریۆیە وەك بێ‌رێزیەك لە پێشمەرگەی كوردستانە. باشترین میكانیزم بۆ ئەو كەسانە كە چەكی رێژیمیان وەرگرتووە, ئەوەیە كە بەشداریی لەو بە ناو كۆنفرانسە نەكەن و ئەوان دەبێ‌باش بزانن كە ئەوەش پیلانێكی دیكەی رێژیمی ئێران دژ بە كورد و كوردستانە.

ناوەڕۆکی ئەم بابەتە را و تێبینیی نووسەرە و ماڵپەڕی کوردستان میدیا لێی بەرپرسیار نییە