ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران بەبۆنەی ڕەشبگیریی كۆماری ئیسلامی لە كوردستان پەیامێکیان بڵاو کردەوە.
دەقی پەیامەکە بەم چەشنەیە:
پەیامی ناوەندی هاوكاریی بەبۆنەی ڕەشبگیریی كۆماری ئیسلامی لە كوردستان
هاونیشتمانییانی خۆشەویست
خەڵكی نیشتمانپەروەری كوردستان
كۆڕ و كۆمەڵە مرۆڤدۆستەكان
جارێكی دیكە شەپۆلی گرتن و ڕاودوونانی هاووڵاتییانی كورد لەلایەن هێزەكانی ڕێژیمەوە دەستی پێكردووە و بەپێی ئامارەكان لە ماوەی كەمتر لە هەفتەیەكدا ژمارەیەک هاووڵاتیی كورد لە شارەكانی مەهاباد، بۆكان، ڕەبەت، نەغەدە، مەریوان، سەوڵاوا، سنەو كەرەج لەلایەن هێزە ئەمنییەكانی كۆماری ئیسلامییەوە دەستگیر كراون.
كۆماری ئیسلامی كە بەهۆی سیاسەتە چەوت و دژە ئینسانییەكانی بارودۆخێكی سەختی ئابوریی بۆ خەڵكی ئێران دروستكردووە و لەم سەردەمی پەتای كۆرۆناش سەرەڕای پەرەسەندنی بێكاریی، هەژاریی لەڕادەبەدەرو داڕمانی هەموو بەهای ئینسانییەكان، لە ترسی سەرهەڵدانەوەی ناڕەزایی بەرینی جەماوەریی جارێكی دیكە لە كوردستان ڕەشبگیری و ڕاودوونانی هەڵسوڕاوانی مەدەنی و ژینگەپارێزی دەستی پێكردووە كە پێیوایە بە پەیڕەوكردنی ئەم سیاسەتە دەتوانێت خەڵكی كوردستان چاوترسێن بكات.
ناوەندی هاوكاریی حیزبەكانی كوردستانی ئێران، داوا لە ناوەندە نێونەتەوەییەكان و ڕێكخراوەكانی مافی مرۆڤ دەكات كە بۆ ئازادكردنی بێ قەید و شەرتی گیراوەكان گوشارەكانیان بۆ سەر كۆماری ئیسلامی چڕ بكەنەوە. هەروەها داوا لە كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان دەكەین پشتیوانی زیندانییان و بنەماڵەكانیان بن و بە هەموو شێوازێكی بەردەست ناڕەزایی خۆیان بەرامبەر بە گرتنی چالاكوانانی مەدەنی دەرببڕن.
ناوەندی هاوكاریی حیزبەكانی كوردستانی ئێران
٢٧ی بەفرانباری ١٣٩٩ی هەتاوی
١٦ی ژانویەی ٢٠٢١ی زایینی