کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژیم لە گوندەکانی کوردستان بەپێچەوانەی ویستی خەڵک دەیەوێت بنکەی نیزامی دروست بکات

11:33 - 4 بانەمەڕ 2722

بەپێی هەواڵێک کە بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا گەیشتووە، لە ڕۆژانی ڕابردوودا فەرماندەی سپای پاسداران لە شاری بۆکان لەگەڵ چەند جاش و سیخوڕی بێزراو لەلای خەڵک، چوونەتە گوندی "ساردە کوێستان". ئەوان داوایان لە خەڵک کردووە کە لەبابەت دامەزراندنی بنکەیەکی سپا لەو گوندە یارمەتییان بدەن.

ئەوان داوای پێدانی زەوی و یارمەتییان لە خەڵک کردووە و پێیان وتوون کە دانانی ئەو بنکەیە بە قازانجی خەڵکە و کوڕەکانیان دەتوانن هەر لە پایەگای گوندەکە سەربازی بکەن، بەڵام خەڵک قەبووڵیان نەکردووە و وتوویانە کە پێویستیان بە پایەگا و بوونی بنکەی نیزامی لە گوندەکە نییە.

خەڵک وتوویانە: "ئەگەر ڕاست دەکەن لە جیاتی دانانی پایەگا و بنکەی نیزامی، قوتابخانە، درمانخانە، جادەی قیرتاو و ئاوی خواردنەوەی باشمان بۆ دابین بکەن".

ئەو فەرماندەیەی سپا کاتێک لەگەڵ دژایەتیی خەڵک بەرەوڕوو بووەتەوە، بە زۆر و بە بێ ئیزنی خەڵک لە دەرەوەی گوند و لە نزیک قوتابخانەی گوند زەوییەکی بوورەی کە مڵکی گشتیی خەڵکە بۆ دروستکردنی پایەگا دیاری کردووە.

دروستکردنی پایەگا و بنکەی نیزامی لە گوندەکانی کوردستان و کەڵکوەرگرتن لە هێزی خۆجێیی یەکێک لە پیلانەکانی ڕێژیمی ئێرانە بۆ ڕاکێشانی هێزی خەڵک و سیخوڕیکردنی خەڵک بەسەر خەڵکەوە.