بەرەبەیانیی ڕۆژی پێنجشەممە ١٨ی خەرمانان، لە کاتژمێر ٦ی بەیانییەوە، ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران بە بیانووی بوونی هێزی پێشمەرگەی کوردستان، هێرشی ئاسمانیی کردە سەر ناوچە شاخاوییەکانی کوردستان.
ڕێژیمی ئێران لەو هێرشەدا بۆ سەر ناوچە شاخاوییەکانی کوردستان سەرەڕای هێرشی تۆپخانەیی لە دڕۆنە ئینتحارییەکانیش کەڵکی وەرگرتووە.
ناوچەکانی "سیدەکان، چۆمان و حاجی عومەران" کەوتوونەتە بەر بۆردومانی فڕۆکە شەڕکەرەکانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران، کە هیچ زیانێکی گیانی بەدواوە نەبووە.
''کاوە بەهرامی'' بەرپرسی دەزگای فەرماندەیی هێزی پێشمەرگەی کوردستان بەنیسبەت ئەو هێرشانەی ڕێژیمی ئێران ڕایگەیاندووە: ''لە ئاکامی ئەو هێرشانەدا بەخۆشییەوە هێزی پێشمەرگە هیچ زیانیکی گیانی بەرنەکەوەتووە و ئەم هێرشە شتیکی نوێ نێیە و پێشتریش ڕێژیمی ئێران لەم هێرشانەی هەبووە''.
ناوبراو وتوویەتی: ''حیزبەکانی کوردستانی ڕۆژهەڵات ڕیشەیان لەنێو خەڵکدا هەیە و پشتیوانی سەرەکی ئێمە خەڵکی کوردستانە و بۆیە هێزی پێشمەرگە هێزێک نییە کە بەهەموو بایەک بلەرزێت''.
ئەم هێرشە لە کاتێکدایە کە ڕۆژی دووشەممە ١٥ی خەرمانان ''محەممەد پاکپوور'' فەرماندەی هێزی زەوینیی سپای پاسداران هەڕەشەی کردبوو کە هێرش دەکەنە سەر هێزە کوردییەکانی دژبەری ڕێژیمی ئێران.
ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران دوای هەڕەشەکانی ڕێژیمی ئێران، لە ڕاگەیەندراوێکدا وتبوووی: کۆماری ئیسلامی لە ناوخۆدا تووشی قەیران بووە و بۆ خۆدزینەوە لە قەیرانەکە، دەیەوێ قەیرانێکی دیکە بخوڵقێنێت.