پارێزگای کرماشان کە چەند ساڵە لەگەڵ کێشەی بێئاوی بەرەوڕووە، پێشبینی دەکرێت لە هاوینی ئەمساڵدا قەیرانی جیدیی بێئاوی و وشکەساڵی هەڕەشە لە کشتوکاڵی ئەو پارێزگایە بکات.
لە پارێزگای کرماشان کە زیاتر لە ٤ لەسەدی بەرهەمە کشتوکاڵییەکانی ئێرانی تێدا بەرهەم دێت، بەهۆی وشکەساڵییەوە بەشی کشتوکاڵی ئەو پارێزگایە مەترسییەکی جیدیی لەسەرە.
هەروەها جیا لە قەیرانی بێئاوی، بەهۆی سەرمابردوویی ١٠٠ لەسەدی بەرهەمەکانی باخاتی هەنار و هەنجیر لە ناوچەی ''کلاشی'' جوانڕۆ سەر بە پارێزگای کرماشان لەنێو چوونە.
هاوکات بەهۆی قەیرانی وشکەساڵی لە پارێزگای لوڕستان، زیانێکی زۆر بە بەرهەمە کشتوکاڵییەکانی شاری ''کوهدەشت'' گەیشتووە.
بەڕێوەبەری جیهادی کشتوکاڵی ''کوهدەشت'' وتوویەتی کە بەهۆی وشکەساڵی هەزار و ٧٦٨ میلیارد تمەن زیان بە بەرهەمە کشتوکاڵییەکانی ئەو شارە گەیشتووە.
لەنێوچوونی بەرهەمە کشتوکاڵییەکان و هەڕەشەی قەیرانی بێئاوی لە وەرزی هاویندا لە حاڵێکدایە کە بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران هیچ پلانێکیان بۆ ئەو کێشانە نییە و تەنانەت بەهۆی سیاسەتی ناکارامە پەرە بەو قەیرانە دەدەن.