کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

تێکۆشەرێکی دێموکرات لە هەولێر تێرۆر کرا

19:53 - 16 گەلاوێژ 2721

"مووسا باباخانی" تێکۆشەری دێموکرات لە "هەولێر" لە هۆتێل "گوڵی سلێمانی" تێرۆر کرا.

ڕێکەوتی ١٦ی گەلاوێژ تەرمی بێ‌گیانی "مووسا باباخانی" لە ژوورێکی هۆتێلی "گوڵی سلێمانی" لە شاری هەولێر دۆزرایەوه.

به‌پێی ڕاگه‌یه‌ندراوی سكرتاریای هاوڕێیانی دیكه‌ی دێموكرات، ئێواره‌ی ڕۆژی پێنجشه‌ممه‌ ١٤ی گه‌لاوێژ، تێكۆشه‌ر "مووسا باباخانی" له‌لایه‌ن تێرۆریستانی سه‌ر به‌ كۆماری ئیسلامیی ئێرانه‌وه‌ ڕفێندراوه‌ و دوای ئه‌شكه‌نجه‌ی زۆر، شه‌هید كراوه‌.

هاوڕێ مووسا باباخانی پێشتر ئەندامی جێگری کۆمیتەی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بوو و دواتر له‌گه‌ڵ لایه‌نی دیكه‌ی دێموكرات درێژه‌ی به‌ تێكۆشانی خۆی داو بوو بە ئەندامی کومیتەی ناوەندیی ئەو حیزبە و له‌ كه‌سایه‌تییه‌ دیاره‌كانی ناوچه‌ی كرماشان له‌ ڕیزی خه‌بات و شۆڕشدا بوو.

"مووسا باباخانی" خەڵکی کرماشان، لەدایکبووی ساڵی ١٣٦٠ هەتاوی بوو و ساڵی ١٣٧٨ ڕیزەکانی حیزبی دێموکراتی كوردستانی ئێرانی بۆ خەبات و تێکۆشان هەڵبژارد.

 ناوبراو  پێشمەرگەیەکی بەتوانا و به‌ بڕوا و له‌ ڕیزی تێكۆشه‌رانی دێموكراتدا كه‌سێكی دیار بوو و به‌هۆی توانا و چالاكیی نه‌سره‌وتوانه‌یه‌وه‌ پله‌كانی خه‌باتی یه‌ک دوای یه‌ک ده‌بڕی و بوو به‌ ئه‌ندامی ڕێبه‌ری له‌ نێو بنه‌ماڵه‌ی دێموكراتدا.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران وێڕای بەداخبوونی خۆی بۆ لەدەستدانی ئەو تێکۆشەرەی دێموکرات و هه‌روه‌ها مه‌حكوومكردنی تاوانی تێرۆر و ڕفاندن كه‌ پیشه‌ی هه‌میشه‌یی كۆماری ئیسلامیی ئێران بووه‌، سەرەخۆشی لە بنەماڵە، کەسوکار، دۆستان و هاوسەنگەرانی و له‌ بنه‌ماڵه‌ی گه‌وره‌ی دێموكرات ده‌كا.

هیوادارین هه‌رچی زووتر ده‌ستی ڕه‌شی تێرۆریزمی كۆماری ئیسلامیی ئێران له‌م تاوانه‌ گه‌وره‌یه‌ بۆ ڕای گشتی ئاشكرا بكرێ و به‌ هیوای بڕینی هه‌میشه‌یی ئه‌و ده‌سته‌.