کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پارێزگای ئورمیە/ دۆخی قەیراناویی ئاسەوارە مێژووییەکان

14:29 - 28 رێبەندان 2714

کوردستان میدیا: دۆخی ئاسەوارە مێژووییەکانی پارێزگای ئورمیە بە هۆی دابین نەکردنی بوودجە و کەمتەرخەمی بەرپرسانی رێژیم زۆر نالەبارە و ئەگەری لە ناو چوونیان و فەوتانیان هەیە.
بەپێی راپۆرتی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، پارێزگای ئورمیە زیاتر لە یەک هەزار و ٤٧٢ ئاسەواری مێژوویی هەیە کە پێشینەی ئەو ئاسەوارانە بۆ زیاتر لە یەک هەزار ساڵ دەگەڕێتەوە و وەکوو لانکەی مێژو و شارستانییەت چاویان لێدەکرێت؛ بەڵام هەنووکە ئەو ئاسەوارانە بە هۆی سیاسەتەکانی رێژیم ئەگەری لەناوچوونی لەسەرە.

بەهۆی کەمتەرخەمی بەرپرسانی رێژیم و ئیدارەکانی تایبەت بە پاراستنی ئاسەوارە مێژووییەکان وەک رێکخراوی میراتی فەرهەنگی زۆربەی شوێن و ئاسەوارە مێژووییەکان ئەگەری لەناوچوونی جیددیان لەسەرە و بەرپرسانی رێژیمیش هیچ هەنگاوێک بۆچارەسەری ئەو کێشە هەڵناگرن.

لە پەیوەندییەدا زۆربەی ئەو ئاسەوارە مێژووییانە لە لیستەی ئاسەواری مێژوویی جیهانیدا نەماون و رێژیمیش هەندێک لەو ئاسەوارانەی بە تاڵان بردووە.

لەناوبردنی ئاسەوارە مێژووییەکان لەلایەن رێژیمی ئیسلامیی ئێرانەوە بۆ سیاسەتەکانی ئەو رێژیمە و لە کوردستانی رۆژهەڵات دەگەڕێتەوە کە لەو پێناوەدا بە بیانووگەلی جۆراوجۆر وەک سازکردنی بەنداوەکان، رێگەوبان، شارسازی و ... ئاسەوارە مێژووییەکان لەناو دەبات و لە هەوڵی سڕینەوەی شوناس و مێژووی نەتەوەی کورد دایە.

ئاسەواری مێژوویی، هێماکانی شوناسی نەتەوەیەکە کە لە رەوتی رۆژگاردا وەک سامانێکی نەتەوەیی بۆ نەوەکانی پاش خۆیان بە جێماون کە بناغەی کولتوور و پشتیوانی ناسنامە و شوناسی نەتەوەییە.

لە زۆربەی شار و گوندەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان، ژێرخاکی و ئاسەواری مێژوویی بوونی هەیە، بەڵام بە تێپەڕبوونی کات تێکدەڕوخێن و تاڵان دەکرێن. زۆربەی ئەو ئاسەوارانە لەلایەن کەسانی سەر بە رێژیم و دەست‌وپەیوندییەکانیان دەدزرێن یا لەناو دەبردرێن.

گادەر. د