کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

تەقەی هێزەکانی ڕێژیمی ئێران لە دوو منداڵی کورد لە میدیا بیانییەکان دەنگی دایەوە

12:30 - 11 گەلاوێژ 2722

هێزەکانی ڕێژیمی ئێران لە کوردستاندا جیا لەوەیکە لەسەر سنوورەکان دەست لە کاسبکاران ناپارێزن و ڕاستەوخۆ تەقەیان لێ دەکەن لە نێو شارەکانیشدا ماشینی هاووڵاتییان بە گومانی پێبوونی شتومەکی قاچاخ دەدەنە بەر دەسڕێژی گولـله.

تەقەی ڕاستەوخۆ لە منداڵان لەلایەن هێزە نیزامییەکانی ڕێژیمەوە بە "منداڵکوژیی ڕێژیمی ئێران" پێناسە کراوە.

ڕێژیمی ئێران لە کاتی خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییەکانیشدا لە شەقامەکان ڕاستەوخۆ تەقە لە منداڵان دەکات کە هەتا ئێستا چەندین منداڵ کوژراون.

لەو پێوەندییەدا ڕۆژی یەکشەممە ڕێکەوتی ٩ی گەلاوێژ، هێزە ئینتزامییەکانی ڕێژیمی ئێران تەقەیان لە ماشینی شەخسیی هاووڵاتییەکی کورد بە ناوی "ڕەحمان ڕاشدی‌مەنش" خەڵکی گوندی "قوڵقوڵە"ی مەریوان لە جادەی خۆڕەم ئاوا کردووە، کە لە ئەنجامی ئەو تەقەکردنە دوو ئەندامی ئەو بنەماڵەیە گیانیان لەدەست دا.

لەو جینایەتەدا "مەهدی و مەتین ڕاشدی‌مەنش"، تەمەن ٩ و ١٣ ساڵان گیانیان لەدەست دا و باوک و دایکی ئەو دوو منداڵەش دەسبەسەر کران.

هێزە ئینتزامییەکانی ڕێژیمی ئێران لە خاڵی پشکنینی فیرووزئاوا، تەقەیان لە ماشینی ئەو هاووڵاتییە کوردە، کردووە.

دۆخی تەندروستیی گشتیی ڕەحمان و هوما باوک و دایکی ئەو دوو منداڵە نالەبار ڕاگەیەندراوە.