کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەیاننامەی ناڕەزایەتیی کۆمەڵێک لە مامۆستایانی ئایینی ڕۆژهەڵاتی کوردستان

13:39 - 8 رەزبەر 2722

بەشێک لە مامۆستایانی ئایینی لە بەیاننامەیەکدا کە نوسخەیەکی بە ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکرات گەیشتوە، دوای وەبیرهێنانەوەی چۆنیەتیی کارەساتی کوشتنی ژینا ئەمینی و تووڕەیی و ناڕەزایەتیی خەڵک لە سەرجەم شاروشارۆچکەکانی کوردستان و ئێران، هەمیسان وەبیرهێنانەوەی کۆمەڵێک کێشە و ئاریشەی جۆراوجۆر کە ئاڵۆزی و قەیرانی زۆری دروست کردوە ناڕەزایەتیی خۆیان بە دەسبەسەرکردنی ڕەخنەگرانی ئەو دۆخە ڕاگەیاندوە.

لەو بەیاننامەیەدا هاتوە کە زۆرێک مامۆستای ئایینی لە خوتبەکانی ڕۆژیی هەینی ئیدانە و سەرکۆنەی هەڵسووکەوتی ناشیرنی گەشتی ئیرشادییان کردوە کە ئەمە بۆتە هۆی دەسبەسەرکردنی هەندێک ماموستای ئایینی، لێرەدا داوای مافی ڕەوای ڕادەربڕین و ئازادی خێرای ماموستایانی گیراو دەکەین.

لەبەشێکی دیکەی ئەو بەیاننامەیەدا هاتووە: ئێمەی مامۆستایانی ئایینیی کورد، خەمی خەڵکیی بە خەمی خۆمان ئەزانین و  هیچکات لە گەل دانەبڕاوین و هیچ هێز و دەسەڵاتێک نەیتوانیوە لەیەکمان بترازێنێت. لە درێژەدا نووسراوە:

ئیختیلاس و دزی لە بەیتولماڵی موسوڵمانان، زۆربوونی جیاوازیی چینایەتی، کوشتنی کۆڵبەرانی کورد و سووختبەرانی بەلووچ، دەسبەسەرکردنی چالاکوانانی مەدەنی و نووسەران و ڕۆژنامەنووسان، لەگەڕخستنی تۆڕه کۆمەڵایەتییەکان، بێ‌هیوایی چینی لاوان و گەنجان بە ژیان، بڕینی بژێوی ژیانی خەڵکی و گوێ نەدان بە داخوازی قەومی و نەتەوایەتی گەلانی‌تر، سووکایەتی بە پیرۆزییەکان و پشتگوێ خستنی مافە ڕەواکانی گەلانی دیکەی ئێران و پێشێلکردنی تەواوی مافە ڕەواکانی ئەهلی سوننەت و ڕووخاندن و داخستنی  مزگه‌وتەکان و (دارالتحفیظ)ـەکان و گوشارخستنە سەر ڕۆشنبیران و زانایان و مامۆستایانی دڵسۆز و... حکومەت ئەرکدا دەکا ڕێز لە مافی خەڵک بگرێت.

ماموستایانی ئایینی بە وەبیرهێنانەوەی دوو ئایەتی لە قورئانی پیرۆز و پەیامی ئاشتی و ئاوەز و لۆژیک داوایان کردووە کێشەکان چارەسەر بکرێن ئەگەرنا وەبەر ڕقی پیرۆزی خەڵک دەکەون.