کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

گوشاری بەسیج بۆ سەر قوتابخانە دواناوەندییە کچانەکانی سنە بە مەبەستی بەشداریپێکردنیان لە خولی سەربازی

09:57 - 11 رەشەمه 2722

بەسیج وەک لقێک لە سپای پاسداران، بە پاوانکاری و قۆرغکردنەوەی وانەی "ئامادەبوون بۆ بەرگریکردن" لە قوتابخانەکانی قۆناغی دواناوەندیی کچانەی شاری سنە، نەتەنیا سیستەمی هەڵسەنگاندن و بەراوردکردنی بەتەواوەتی خستووەتە ژێر گوشار و کاریگەریی لەسەر داناوە، بەڵکوو بڕە پارەیەکیش بە زۆرەملێ لە بنەماڵەکان لە بەرامبەر ڕاهێنانە سەربازییەکان وەردەگرێت.

بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا، نامەیەک لەلایەن ناوەندی بەسیج بۆ بەڕێوەبەریی پەروەردە و بارهێنانی ناوچەی ٢ی شاری سنە نێردراوە و کۆپییەکی بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو گەیشتووە کە نمرەی زانستیی بەشی وانەی "ئامادەبوون بۆ بەرگریکردن" لە نیوەی دووەمی ساڵی خوێندن، بە شێوەی فەرمی بەو ناوەندە سەرکوتکەرە سپێردراوە.

لەو نامەیەدا هاتووە: خولێک لەژێر ناوی "لیگی زانستیی پایا" بۆ قوتابییانی کچ بەڕێوە دەچێت. سەرپەرستیی ئەو خولە بەسیج دەبێت و ٨ نمرەی زانستی لەلایەن ڕێکخراوی بەسیج، بەپێی بڕیاری خۆیان بۆ قوتابی دیاری دەکرێت.

هەروەها لەهەمبەر بەشداریی ئەو خولە، لە هەر قوتابییەک بڕی ٢٠٠ هەزار تمەن بەناو تێچووی خولەکە وەردەگیردرێت.

جێگەی ئاماژەیە کە ساڵانێکی زۆرە کە ناوەندی بەسیج بە دامەزراندنی بەشێکی تایبەت بە قوتابخانەکان لەژێر ناوی قوتابییانی بەسیج، بە مەبەستی ڕاهێنانی سەربازی و کەڵکاژۆ لە منداڵانی تەمەن ژێر ١٨ ساڵ دامەزراندووە. ئەو هەوڵە پێشێلکردنی ئاشکرای پەیماننامە نێودەوڵەتییەکانی تایبەت بە مافەکان منداڵانە.