کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

مەحیەدین ئیبراهیمی، زیندانیی سیاسیی کورد لەسێدارە درا

11:13 - 26 رەشەمه 2722

مەحیەدین ئیبراهیمی، زیندانیی سیاسیی کوردی خەڵکی شاری شنۆ، لە زیندانی ناوەندیی ڕێژیم لە ورمێ، لەسێدارە درا.

سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ هەینی ٢٦ی ڕەشەمە، ڕێکخراوی مافی مرۆڤی "کوردپا" ڕایگەیاند کە یەکێک لە کەسە نزیکەکانی مەحیەدین ئیبراهیمی لە وتووێژ لەگەڵ ئەو ڕێکخراوەیە، هەواڵی لەسێدارەدرانی ناوبراوی پشتڕاست کردەوە.

مەحیەدین ئیبراهیمی، زیندانیی سیاسیی کورد، ڕۆژی چوارشەممە ٢٤ی ڕەشەمە بە مەبەستی جێبەجێکرانی حوکمەکەی بۆ ژووری تاکەکەسیی زیندانی ورمێ ڕاگوێزرا و ڕۆژی پێنجشەممە ٢٥ی ڕەشەمە بۆ دوایین جار چاوی بە بنەماڵەکەی کەوت.

ناوبراو تاکوو ئێستا دوو جار لەلایەن لقی ٢ی دادگای ڕێژیم لە ورمێ بە ئێعدام مەحکووم کرابوو و پاش ئەوەی کە بۆ جاری یەکەم حوکمەکەی لە دیوانی باڵای ڕێژیم ڕەت کرابووەوە، جاری دووەم حوکمەکەی لە دیوانی باڵای ڕێژیم پشتڕاست کرابووەوە و داخوازیی ناوبراو بۆ پێڕاگەیشتنی دووبارەش ڕەت کرابووەوە.

مەحیەدین ئیبراهیمی، ڕێکەوتی ١٢ی خەزەڵوەری ٩٦، دوابەدوای تەقەی هێزە نیزامییەکانی ڕێژیم بریندار بوو و دەسبەسەر کرا. ناوبراو پاش برینداربوون بۆ نەخۆشخانەیەک لە ورمێ گواسترابووەوە، بەڵام بەبێ تەواوبوونی پرۆسەی چارەسەری و پاش دو ڕۆژ، بە مەبەستی لێپرسینەوە، بۆ گرتنگەی ئیتلاعاتی سپای سەیدولشوهەدای ورمێ گواسترایەوە. ناوبراو ماوەیەک لە ژووری تاکەکەسیی ئەم گرتنگەیەدا لەژێر ئەشکەنجە و لێپرسینەوەدا بووە.

ناوبراو ڕێکەوتی ٢٤ی بەفرانباری ١٣٩٨ لەلایەن لقی ٢ی دادگای ڕێژیم لە ورمێ، بە سەرۆکایەتیی دادوەر عەلی شێخلوو و عەلیڕەزا ئاقازادە، بە تۆمەتی "بەغی و ئەندامیەتی لە یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزیسیۆنی حکوومەتی ئێران" بە لەسێدارەدران مەحکووم کرابوو.

مەحیەدین مەلائیبراهیمی گردکشانە ناسراو بە مەحیەدین ئیبراهیمی، کوڕی محەممەد و خەڵی شاری شنۆیە.