کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

گووگڵ ٤٠ کاناڵی یوتیووبیی سەر بە ڕێژیمی ئێرانی سڕییەوە

10:16 - 14 رەشەمه 2722

کۆمپانیای گووگڵ ڕایگەیاند کە ٤٠ کاناڵی پێوەندیدار بە کۆماری ئیسلامی کە بە زمانەکانی فارسی، ئینگلیزی، هێندی و ئۆردوویی چالاکییان هەبووە، لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی یوتیووب سڕیوەتەوە.

ڕۆژی شەممە ١٣ی ڕەشەمەی ١٤٠١ی هەتاوی، کۆمپانیای گووگڵ لە ڕاپۆرتێکدا کە هەر سێ مانگ جارێک بڵاوی دەکاتەوە، ڕایگەیاند: ٤٠ کاناڵی یوتیووبیی سەر بە کۆماری ئیسلامی کە بە زمانەکانی فارسی، ئینگلیزی، هێندی و ئۆردوویی پشتیوانییان لە سیاستەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران دەکرد، سڕیوەتەوە، لەبەر ئەوەی لەو کاناڵانەدا سەرکوتی خوێناویی گەلانی ڕاپەڕیوی ئێرانیان بڵاو دەکردەوە.

ئەو ڕاپۆرتە هەر سێ مانگ جارێک لەلایەن گرووپی شیکاریی هەڕەشەکانی کۆمپانیای گووگڵ بڵاوی دەکرێتەوە و بەدواداچوون بۆ ئەو کاناڵ و لاپەڕانە دەکات کە لە یوتیووب یاساکانی مافی مرۆڤ نەپارێزن.

ئەو ٤٠ کاناڵەی سەر بە کۆماری ئیسلامی، پشتیوانییان لە سەرکوتکردنی خەڵکی وەزاڵەهاتووی ئێران دەکرد کە لەلایەن هێزەکانی ڕێژیمەوە بە شێوەیەکی نامرۆڤانە ڕووبەڕووی توندوتیژی دەبوونەوە، بۆیە گووگڵ بڕیاری دا کە هەمووی لەسەر یوتیووب بسڕێتەوە.