کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەردەوامیی ناڕەزایەتیی خەڵک لە شارەکانی کوردستان و ئێران

10:22 - 31 بانەمەڕ 2723

خەڵکی ئازادیخواز و بوێری ئێران و کوردستان، بۆ دووەمین شەوی بەردەوام بە داخستنی ڕێگە سەرەکییەکان و ئاگرکردنەوە و وتنەوەی دروشمی دژی دەسەڵات، ڕووبەڕووی هێزەکانی ڕێژیم بوونەوە.

بەپێی ئەو گرتە ڤیدیۆیانەی کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاو کراونەتەوە، گەلانی ئازادیخوازی ئێران، شەوی شەممە ٣٠ی بانەمەڕی ١٤٠٢ی هەتاوی، بۆ دووەمین شەوی بەردەوام و بە مەبەستی شەرمەزارکردنی دەسەڵات لەهەمبەر ئێعدامکردنی لاوان و گەنجان لە ئێران، ڕژانەوە سەر شەقامەکان.

لە ئاودانانی ئیلام، لاوانی چاونەترس و بوێری ئەو شارە بە مەبەستی پشتیوانیکردن لە شۆڕشی ژن ژیان ئازادی و شەرمەزارکردنی دەسەڵات لەهەمبەر لەسێدارەدانی لاوان و گەنجانی گەلانی ئێران، بە ئاگرکردنەوە و داخستنی شەقامی سەرەکیی ئەو شارە، ڕق و بێزاریی خۆیان لە دەسەڵات دەربڕی.

هەروەها لە زۆربەی شەقامەکانی تاران، خەڵکی چاونەترس، بە دروشمگەلی "مەرگ و نەمان بۆ دیکتاتۆر، مەرگ و نەمان بۆ خامنەیی و هەر کەسێک بکوژن، هەزار کەس دێتە سەر شەقامەکان"، بانگی ئازادیخوازییان هەڵدا.

لەلایەکی ترەوە لە شارەکانی گورگان، کەرەج، مەشهەد، ئیسفەهان و زۆربەی شارەکان، خەڵکی ئازادیخواز بە دروشمی دژی دەسەڵات و بڕووخێت کۆماری پەت و سێدارە، ڕووبەڕووی هێزەکانی ڕێژیم بوونەوە.