کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

خوێندکارانی زانکۆکانی ئێران: هەموو قسەی ئێمە، ''نا''یە بە کۆماری ئیسلامی

10:25 - 26 خەرمانان 2723

خوێندکارانی چەندین زانکۆی ئێران لە بەیاننامەی جیاجیادا بەبۆنەی ساڵوەگەڕی قەتڵی حکوومەتیی ژینا ئەمینی و دەستپێکی شۆڕشی ژینا لەسەر ''نا''وتن بە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران پێداگرییان کردەوە.

ڕۆژی شەممە ٢٥ی خەرمانان، خوێندکارانی زانکۆکانی تاران، ئەمیرکەبیر، خاجەنەسیر، عیلم و سەنعەت و بهێشتی لە بەیاننامەی جیاجیادا بەبۆنەی ساڵوەگەڕی شەهیدکردنی ژینا ئەمینی و دەستپێکی شۆڕشی ژینا جەختیان کردەوە کە ئەو شۆڕشە "تەقینەوەی تووڕەیی گشتی" بەرامبەر بە کۆماری ئیسلامییە و "تەسکبوونەوەی زنجیرەکانی ستەم، هەژاری و سەرکوت" وای کردووە خوێندکاران و خەڵکی ئێران زیاتر لەسەر ''نا''وتن بە کۆماری ئیسلامی پێداگر بن.

لە بەشێکی بەیاننامەی خوێندکارانی زانکۆی تاران هاتووە: ڕاپەڕینی ژینا وێنەیەکی ڕوونی لە دۆخی ئێستای کۆمەڵگەی ئێران پێ بەخشین. ئەو پەنجەیانەی کە ئاراستەی نەتەوەکانیان دەکرد و بە جیاخوازی تۆمەتباریان دەکردن، شکێندراون و ئێمە تێگەیشتوین کە جیاخوازی لە پیلانێک زیاتر نەبوو.

لە بەیاننامەی خوێندکارانی زانکۆی عیلم و سەنعەت هاتووە: ''ئێمە شەڕ دەکەین! ئێمە هاوار دەکەین! ئێمە دەکوژرێین! خەباتمان بە بێدەنگی دەست پێ کرد، بەڵام بە بێدەنگی کۆتایی پێ ناهێنین."

هەروەها خوێندکارانی زانکۆی ئەمیرکەبیر لە بەیاننامەی خۆیاندا باسیان لەوە کردووە کە کۆمەڵگەیەک کە لە ستەم بێزار بووە، لە هەموو لایەنەکانی ژیاندا زەلیل بووە، لە سادەترین مافەکانی مرۆڤ بێبەش کراوە و لە بەندی تۆتالیتاریزم و لە پەیکەری ئاییندا گیری خواردووە؛ هەروەها کوشتنی ژینایان وەک خاڵێک لە خەباتی ڕۆژانەی شکاندنی زەنجیرەکاندا بینی کە توڕەیی کەڵەکەبووی ئەم ٤٤ ساڵەی هەڵڕشت و ناڕەزایەتیی بەرامبەر بە هەموو سیستەمەکە خستە ڕوو.