کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سووکایەتیی رێژیم بە بەندکراوان لە ڕێپێوانی ٢٢ی ڕێبەنداندا

18:23 - 24 رێبەندان 2723

 

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، ڕۆژی یەکشەممە، ٢٢ی ڕێبەندانی ئەمساڵ، ڕێژیم بە مەبەستی قەرەباڵغ نیشاندانی ڕێپێوانی ئەم ڕۆژە ، جیا لە هەڕەشە و گوڕەشە لە قوتابییان و مامۆستایان و کارمەندەکانی ئیدارەکان بۆ بەشداری لەم ڕێپێوانە، کۆمەڵێک لە بەندکراوانیشی ناچار بە بەشداری لەم ڕێپێوانەدا کردووە.

ڕۆژی یەکشەممە لە ٤٥ ساڵەی سەرکەوتنی شۆڕشی گەلانی ئێران و بەتاڵانبردنی دەسکەوتەکانی ئەم شۆڕشە لەلایەن ڕێژیمەوە، مەحموودی، دادستانی شاری پیرانشار فەرمانی داوە تاکوو ئەو بەندکراوانەی کە بە پێبەندی ئێلێکترۆنییەوە ئازاد کراون یان ئەوانەی کە لە مەرەخەسیدان بە زۆر ڕاکێشی ڕێپێوانی ٢٢ی ڕێبەندان بکرێن.

بەپێی زانیارییەکان، دادستانی پیرانشار فەرمانی داوە کە ئەم کەسانە ئاڵای ڕێژیمیان بەدەستەوە بێت و لەم رێپێوانەدا بەشدار بن.

ڕێژیم بە مەبەستی چەواشەکاری سەبارەت بە هەبوونی ڕەوایی لەنێو خەڵکدا، دەستەوداوێنی کۆمەڵێک ئاکاری دژەمرۆیی بووە و بەم شێوازە سووکایەتیی بە بەندکراوان کردووە.

بە زۆر ڕاکێشانی قوتابییان، بەندکراوان و باقی توێژەکان، تەنیا نیشاندەری زەبوونی ڕێژیم و نەمانی ڕەواییە و بەرپرسانی ڕێژیم پێیان وایە بە قەرەباڵغ نیشاندانی ڕێوڕەسمەکانیان دەتوانن خەڵک فریو بدەن.