کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کاک مستەفا هیجری: نەورۆز هێمای خۆڕاگری و مژدەی تێپەڕاندنی قۆناغی دژوار و سەرکەوتن بە سەر کەندوکۆسپەکانە

09:48 - 29 رەشەمه 2723

کاک مستەفا هیجری، بەرپرسی ناوەندی بەڕێوەبەریی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، بەبۆنەی نەورۆز و هاتنی ساڵی نوێ، پەیامێکی نەورۆزیی بڵاو کردەوە.

دەقی پەیامەکە بەم چەشنەیە:

نەورۆز بۆ ئێـمەی کورد تەنیا نوێبوونەوەی ساڵ و گۆڕانی سروشت نییە. سەرەڕای ئەوەی کە لە بۆنەی نەورۆز وەک میراتێکی مرۆیی دەڕوانین، پێشمان‌ وایە نەورۆز بۆ نەتەوەی کورد مانایەکی سیاسی و جیاوازتری هەیە.

لە کولتووری کۆمەڵگەی کوردەواریدا و ئەوەندەی پەیوەندیی بە نەورۆزەوە هەیە، ڕەهەندە سیاسی و سەمبۆلیکەکانی ئەم بۆنەیە بۆ ئێمەی کورد وەک نەتەوەیەکی شۆڕشگێڕ و هیوادار بە ڕزگاری و ئازادی، بەرفراوانتر و بەرجەستەترە. نەورۆز هێمای خۆڕاگری و مژدەی تێپەڕاندنی قۆناغی دژوار و سەرکەوتن بە سەر کەندوکۆسپەکانە. هەڵکردنی مەشخەڵی ڕزگاری و گێڕانی شایی و خۆشی، ئاماژەیە بۆ تێپەڕاندنی دۆخێک و چوون بەرەوپیری قۆناغێکی نوێ لە مێژووی نەتەوەیەک. لە ڕوانگەیەکەوە، مانای ڕاستەقینەی نەورۆز لە کولتووری کۆمەڵگەی کوردەواری ڕەنگە لە چەمکی" ژیانەوە"دا خۆی بنوێنێ. ژیانەوەیەک کە نیشانەی هیوا، نوێکردنەوەی هێز و خۆ ڕێکخستنەوەی جەماوەرە بۆ گەیشتن بە سەرکەوتن.

هاتنەوەی بۆنەی نەورۆز لای کوردستانییان، ساڵ لە دوای ساڵ ماناکانی پێکەوەبوون، هاوخەباتی و هاوچارەنووسی وێنا دەکات. ئەم بۆنە نەتەوەییە، بەتایبەت لە ساڵانی دواییدا، ڕوانگەیەکی کوردستانی و شۆڕشگێڕانەی بەسەردا زاڵ بووە. لەم ڕوانگەدا، ئیرادەیەکی گشتی بیچمی گرتووە. ئیرادەیەک کە هێزی خەبات و بەرگری لە کۆمەڵێک ڕەمزی شۆڕشگێرانەی وەک جامانە و ئاڵای گرێ داوە.

 لە بەستێنە کوردستانییەکەیدا، بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی ژینا بە دروشمی" ژن، ژیان، ئازادی"  پتر پەیوەندیی نێوان ئیرادەی گشتی و ڕوانگەی کوردستانی و ناسنامەخوازیی نەتەوەی کورد ڕوون دەکاتەوە. بزووتنەوەیەک کە داوای مافی یەکسانی، نەتەوەیی، کەرامەت و ئازادی بۆ تاک و کۆی پێکهاتە نەتەوەیییەکانی سەر جوغرافییای ئێران دەکات. هەر لەم ڕوانگەشەوە، ڕێوڕەسمەکانی تایبەت بە نەورۆز، کە لە دۆخی تایبەتدا بەڕێوە دەچن، لە درێژەی شۆرشی ژینادا، مانای" ژیانەوە" و "ئیرادەی گشتی"و "گوتاری نەتەوەیی" لە ڕۆژهەڵات ڕوونتر دەنوێنێ.

لە سەروبەندی نەورۆزی کوردەواریدا، سەری ڕێز و وەفا بۆ ڕێبوارانی ڕێگەی ڕزگاری و بنەماڵەی سەربەرزی شەهیدان دادەنوێنین. هەروەها پیرۆزبایی سەری ساڵی نوێ و جێژنی نەورۆز لە هەموو کوردستانییان، بە تایبەت کادر و پێشمەرگەکان و ئەندامانی حیزبی دێمۆکراتی کوردستانی ئێران و بنەماڵەکانیان دەکەم.

نەورۆزتان پیرۆز.

 

مستەفا هیجری

بەرپرسی ناوەندی بەڕێوەبەریی گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

٢٩ی ڕەشەمەی ١٤٠٢