کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆماری ئیسلامی پەرە بە چەکە کیمیاییەکانی ئەدات

12:28 - 9 جۆزەردان 2724

ماڵپەری تۆرتێس میدیا لە ڕاپۆڕتیکدا ڕۆژی سێشەممە ٨ی جۆزەردان ڕایگەیاندووە لەکاتێکدا جیهان فۆکوسی کردووەتە سەر بەرنامە ناوکییەکانی ئێران، کۆماری ئیسلامی خەریکە پەرە بە چەکە کیمیاییەکانی ئەدات.

ئەم هەواڵدەرییە بریتانیاییە لە ڕاپۆرتەکەیدا هێناویەتی کە بەپێی زانیارییەکان لە زانکۆکانی ئێران و هەروەها وتەی بەرپرسانی ئەمریکایی و ئیسرائیلی، کۆماری ئیسلامیی ئێران خەریکی پەرەدان و بەرهەمهێنانی ماددەی فێنتانیل و لەو جۆرە ماددانەیە کە دەتوانێت خەسار بە کۆئەندامە دەمارییە ناوەندییەکان بگەیەنێت.

بەپێی زانیارییەکانی ئەم ڕاپۆڕتە، ئامانجی کۆماری ئیسلامی لە پەرەدان بەم ماددە کیمیاییانە، بەکارهێنانی لە سەرکوتی خۆپیشاندانەکاندایە.

نیکۆڵ شەمپەین نوێنەری ئەمریکا لە ڕێکخراوی قەدەغەکردنی چەکە کیمیاییەکانی لاهه بەم ماڵپەرەی ڕاگەیاندووە کە کۆماری ئیسلامی بەرنامەی پەرەدان بە چەکە کیمیاییەکان بۆ بەکارهێنانی لە دۆخە توندوتیژەکاندا، هەیە.

ئەم ماڵپەڕە زیادی کردووە کە بەپێی زانیارییە دزەپێکراوەکان لە زانکۆکانی ئێران دەردەکەوێت کە فێنتانیل و ماددە کیمیاییەکانی لەم جۆرە کە دەتوانن خەسار بە کۆئەندامە دەمارییە ناوەندییەکانی مرۆڤ بگەیەنن، بە شێوازی سپرای و پژانە بۆ کەڵکوەرگرتن لە کاتی خۆپیشاندانەکان بە دژی ناڕازییان، دروست دەکرێن.

چەکە کیمیاییەکانی وەبەرهاتوو لە فێنتانیل بۆ لاوازکردن و لەجووڵەخستنی تاکە و ئەگەرچی لە ڕواڵەتدا کوشەندە نییە بەڵام زۆربەی کات لە خەساری قورس گەیاندن بە ئەندامە دەمارییە ناوەندییەکان، دەتوانێت تاک بکوژێت.

لەم پێوەندییەدا تۆرتێس میدیا نووسیویەتی: "لە ساڵی ٢٠٠٢ی زایینیدا هێزە تایبەتەکانی ڕووسیە بۆ ڕزگارکردنی سەدان کەس کە لەلایەن ژمارەیەک تێرۆریستەوە لە هۆڵێکدا بە بارمتە گیراببون، لە ماددەیەک کە لە فێنتانیلەوە گیرابوو، کەڵکیان وەرگرتووە و لە ئاکامدا ١٣٠ کەس لە بارمتەکان بە هۆی کاریگەریی ئەم چەکە کیمیاییە گیانیان لەدەست داوە.

لە ئێستادا ئەم ماڵپەڕە ڕایگەیاندووە کە دوو دەوڵەتی ئەمریکا و ئیسرائیل هەندێک زانیارییان لەبەر دەستدایە کە دەریدەخات کۆماری ئیسلامی خەریکی پەرەدان بەم جۆرە چەکانەیە و وێدەچێت کە ئەم زانیارییانە لە ڕێگەی هاککردنی زانکۆکان لەلایەن گرووپێکی سایبێریی دژبەری ڕیژیمی ئێرانەوە، بەدەست هاتبێت.

تۆرتێس میدیا بە ئاماژەدان بە ژەهراویکردنی کچانی قوتابی لە پاش بزووتنەوەی ژینا لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە ڕایگەیاندووە کە هەموو ئەمانە نیشانەی بەکارهێنانی چەکە کیمیاییەکان لەلایەن کۆماری ئیسلامی بە دژی هاووڵاتییانە و وێناچێت لە ئێستادا بەربەستێکی گەورە لە بەردەم کۆماری ئیسلامی بۆ پەرەدان بەم جۆرە چەکانە، هەبێت.

لە بەشێکی ئەم ڕاپۆڕتەدا هاتووە کە ساڵی ٢٠٢١ی زایینی کاتێ کە ڕێکخراوی قەدەغەکردنی چەکە کیمیاییەکان دەیویست کە پێشنووسی قەدەغەکردنی بەکارهێنانی ئەو چەکانەی کە دەبنە هۆی کاریگەریی لە سەر ئەندامە دەمارییە ناوەندییەکان پەسەند بکات، سێ وڵاتی ئێران، چین و ڕووسیە ناڕەزایەتیی خۆیان سەبارەت بەم بڕیارە دەربڕی، بەڵام لە ئاکامدا پێشنوووسەکە پەسەند کرا.