بەیاننامەی کۆمیتەی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بە بۆنەی کۆتاییهاتنی سەرکەوتووانەی کۆنگرەی ١٧ (کۆنگرەی یەکگرتنەوەی دێموکراتەکان)
هاونیشتمانیانی خۆشەویست!
خەڵکی نیشتمانپەروەری کوردستان!
کۆڕ و کۆمەڵ و لایەنە سیاسییەکانی ئێران و کوردستان!
ئەندامان و لایەنگرانی بەئەمەگی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران!
بەوپەڕی خۆشحاڵییەوە بەڕێوەچوونی سەرکەوتووانەی حەڤدەهەمین کۆنگرەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران (کۆنگرەی یەکگرتنەوەی دێموکراتەکان)تان پێ ڕادەگەیەنین.
ئێوارەی ڕۆژی ١٥ی ڕێبەندانی ١٤٠٣ی هەتاوی (بەرانبەر بە ٣ی فێورییەی ٢٠٢٥ی زایینی)، بە بەشداریی سەرجەم ئەندامانی کۆنگرە (ئەندامانی ڕێبەری، نوێنەرانی هەڵبژێردراوی ئەندامان، کادر و پێشمەرگەکانی حیزب و ڕێکخراوەکانی حیزب لە دەرەوەی وڵات و هەرێمی کوردستان)، کۆنگرەی ١٧ی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لەژێر ناوی "کۆنگرەی یەکگرتنەوەی دێموکراتەکان"دا کارەکانی خۆی دەست پێ کرد.
لە سەرەتای ڕێوڕەسمی کردنەوەی کۆنگرەدا و دوای خوێندنەوەی سروودی ئەی ڕەقیب و ڕاگرتنی ساتێک بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە گیانی پاکی شەهیدانی کورد و کوردستان، پەیامی کردنەوەی کۆنگرە، لە لایەن بەڕێز کاک خالید عەزیزی، وتەبێژی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران پێشکەش کرا.
بەڕێز عەزیزی لە پەیامەکەیدا وێڕای ئاوڕدانەوە لە قۆناغەکانی "دوێنێ" و "ئەمڕۆ"ی حیزبی دێموکرات و دوورە دیمەنەکانی ئەم حیزبە لە "سبەینێ"ی خەبات و تێكۆشانیدا، باسی لە پرس و بایەخی یەکگرتنەوەی دێموکراتەکان کرد و یەکگری و یەکگرتنەوەی بە ویستی جەماوەری خەڵکی کوردستان و ئەندامان و لایەنگرانی حیزب زانی. وتەبێژی حیزب لە بەشێکی دیکە لە قسەکانیدا بە ئاماژەدان بە زەروورەتی بەخۆداچوونەوە و دەستنیشانکردنی هەڵە و کەموکووڕییەکانی ڕابردوو، پێداگریی لەسەر ئەرکی ئەندامانی حیزب و چالاکانی نێوخۆی وڵاتی لە هێنانەئارای ئیدە و داهێنانی نوێ، پاراستنی یەکریزی و بەهێزکردنی خەبات و تێکۆشانی سیاسی و مەدەنی لە نێوخۆی وڵاتدا کرد. کاک خالید عەزیزی لە کۆتایی پەیامەکەیدا بە ئاوڕدانەوەیەکی کورت لە دۆخی پڕ لە قەیرانی کۆماری ئیسلامیی ئێران، پێداگری لەسەر خۆئامادەکردنی خەڵک لە نێوخۆی وڵات و ئەندامانی حیزبی بۆ ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ ئەگەر و سێناریۆکانی پێش و پاش ڕووخانی ڕێژیم وەک ئەرک و زەروورەتێکی ئێستای خەبات کردەوە.
لە بڕگەیەکی دیکەی کارەکانی کۆنگرەدا ڕاپۆرتی هەیئەتی ئامادەکردنی کۆنگرە لە لایەن بەڕێز کاک کەماڵ کەریمی، بەرپرسی هەیئەتی ئامادەکردنی کۆنگرە پێشکەش بە بەشدارانی کۆنگرە کرا. بەڕێز کەریمی لە سەرەتای ڕاپۆرتەکەیدا بە ئاماژەدان بە هۆکارەکانی دواکەوتنی کۆنگرە و ئەو دۆخە ئەمنیەتییەی دوای سەرهەڵدانی بزووتنەوەی ژینا بەسەر حیزبی دێموکراتدا سەپا، بە وردی باسی لە ڕەوتی بەڕێوەچوونی کۆنفڕانسەکانی کۆنگرە و هەڵبژاردنی نوێنەران بۆ کۆنگرە و پڕۆسەی بە ئەنجامگەیاندنی کاروباری کۆنگرە کرد.
بە دوای پێشکەشکرانی ڕاپۆرتی هەیئەتی ئامادەکردنی کۆنگرە و وەرگرتنی دەنگی متمانەی ئەندامانی کۆنگرە بۆ ڕەواییدان بە کۆنگرە، کورتەیەک لە ڕاپۆرتی سیاسیی ڕێبەریی حیزب لە لایەن بەڕێز کاک مستەفا هیجری، بەرپرسی ناوەندی بەڕێوەبەریی گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانەوە پێشکەش کرا. کاک مستەفا هیجری لە سەرەتای ڕاپۆرتەکەیدا وێڕای پیرۆزبایی دەستپێکردنی کارەکانی کۆنگرەی یەکگرتنەوەی دێموکراتەکان لە بەشدارانی کۆنگرە و گرینگیدان بە پرسی یەکگرتنەوەی دێموکراتەکان لەسەر ڕەوتی خەبات و تێکۆشانی حیزب، پوختەیەک لە ڕاپۆرتی سیاسیی ڕێبەریی حیزبی پێشکەش کرد.
بەرپرسی ناوەندی بەڕێوەبەریی حیزب لەم ڕاپۆرتەدا بە ئاوڕدانەوە لە بەئاکام گەیشتنی سەرکەوتووانەی پرۆسەی یەکگرتنەوەی دێموکراتەکان و سەرهەڵدانی بزووتنەوەی ژینا، توانا و زەرفییەتەکانی ئەم بزووتنەوە و وێناکردنی دوورە دیمەنی بزووتنەوەی سیاسیی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، تیشکی خستەسەر سەر دوایین ئاڵوگۆڕەکانی ناوچەکە، ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان. بەڕێزیان بە هەڵسەنگاندن و لێکدانەوە بۆ ڕووداوەکانی دوای ٧ی ئۆکتۆبری ٢٠٢٣ و شکستی ستراتیژیی کۆماری ئیسلامی لە ناوچەکە، باسی لە دۆخی ڕێژیم لەئاستی نێودەوڵەتی، ناوچەیی و نێوخۆی وڵاتدا کرد.
بەشێکی دیکەی ڕاپۆرتی سیاسیی ڕێبەریی حیزب تەرخان کرابوو بۆ هەڵسەنگاندنی بارودۆخی خەباتی شوناسخوازانەی خەڵکی کوردستان و لەو بەشەدا؛ بەرزبوونەوەی ئاستی هوشیاری نەتەوەیی، یەکگرتوویی نێوان چین و توێژەکانی کۆمەڵگە، پەرەگرتنی خەباتی مەدەنی و جەماوەری و بەرجەستەبوونی ڕۆڵی ژنان و لاوان، بە تایبەتمەندییەکانی خەباتی ئەمڕۆی خەڵکی کوردستان ناودێر کران.
کاک مستەفا هیجری لە کۆتایی پێشکەشکردنی ڕاپۆرتی سیاسیی ڕێبەریی حیزب بۆ کۆنگرە باسی لە ڕوانین و نەخشەڕێی حیزبی دێموکراتی کوردستان بۆ ئێرانی داهاتوو کرد و لەم پەیوەندییەدا؛ بەردەوامبوون لە خەبات بۆ دەستەبەرکردنی ماف و ئازادییە نەتەوایەتییەکانی خەڵکی کوردستان لە چوارچێوەی ئێرانێکی فیدراڵ و، هەوڵدان بۆ یەکخستنی هێزە دێموکرات و پێشکەوتنخوازەکانی ئۆپۆزیسیۆنی بە ئەرکە سەرەکییەکانی ڕێبەریی داهاتووی حیزب زانی.
دوای پێشکەشکردنی ڕاپۆرتی سیاسیی ڕێبەریی حیزب، نۆرە گەیشتە قسە و باسی ئەندامانی کۆنگرە لەسەر خاڵ و بەندەکانی تایبەت بە بڕیارەکانی کۆنگرە کە لە کەش و هەوایەکی دێموکراتیکدا ئەندامانی کۆنگرە ڕا و بۆچوون و پێشنیارەکانیان بۆ پەسندکردن هێنایە بەر باس.
هەر لەم بەشە لە کارەکانی کۆنگرەی ١٧ی حیزب (کۆنگرەی یەکگرتنەوەی دێموکراتەکان)دا بە دەنگی متمانەی ئەندامانی کۆنگرە ڕاپۆرتی سیاسی، بڕیارنامە و کۆمەڵێک بەڵگەنامەی دیکەی کۆنگرە کە بەپێی ڕێکەوتنی هەر دوو لایەنی دێموکرات ڕێککەوتنیان لەسەر کرابوو، وەک بەرنامە و پێڕەوی نێوخۆی حیزب، پەسەند کران.
دوابەشی کاری کۆنگرەی یەکگرتنەوەی دێموکراتەکان، هەڵبژاردنی ئەندامانی ئەسڵی و جێگری کۆمیتەی ناوەندی بوو کە ئەم بەشەش لە کاری کۆنگرە لە ڕەوتی ڕقابەتێکی سالم و دێموکراتدا سەرکەوتووانە گەیشتە ئەنجام.
ئۆگران و لایەنگرانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران!
بێگومان دواکەوتنی بەڕێوەچوونی کۆنگرەی ١٧ی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران کە بە خۆشییەوە ناوی "یەکگرتنەوەی دێموکراتەکان"ی لێ نرا و دەکرێ وەک جێبەجێبوونی یەکێک لە سەرەکیترین بەندەکانی ڕێککەوتنی نێوان دێموکراتەکان سەیری بکرێ، دڵنیگەرانیی بۆ زۆر کەس و لایەن، بەتایبەت ئەندامان و لایەنگرانی حیزبەکەمان درووست کردبوو. ئێستا کە بە خۆشییەوە بە ڕاگەیاندنی کۆتاییهاتنی سەرکەوتووانەی کۆنگرە، حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران توانی بە سەر کەند و کۆسپەکانی بەردەم گرتنی کۆنگرەدا زاڵ بێ و نیگەرانیی خەڵک و ئەندامان و لایەنگرانی بڕەوێنێتەوە، بەپێی سروشتی کۆنگرەکە و دۆخی سیاسیی بزووتنەوەی کورد و گۆڕانکارییەکان لە ئێران، قۆناغێکی پڕ لە ئەرک و تێکۆشانمان لە پێشە.
کۆمیتەی ناوەندیی هەڵبژێردراوی کۆنگرەی ١٧ی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران (کۆنگرەی یەکگرتنەوەی دێموکراتەکان) بە بۆنەی بەڕێوەچوونی سەرکەوتووانەی کۆنگرە، پیرۆزبایی لە سەرجەم تێکۆشەران، ئەندامان و ئۆگرانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران دەکات و هەموو ڕیزەکانی حیزب و سەرجەم دۆستان و دڵسۆزانی ئەم حیزبە و خەڵکی کوردستان بە گشتی بۆ پشتیوانی لە ڕێبەریی حیزب لە جێبەجێکردنی بڕیار و ڕاسپاردەکانی ئەم کۆنگرەیەدا، بانگهێشت دەکا.
کۆمیتەی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران
١٦ی ڕێبەندانی ١٤٠٣ی هەتاوی
٤ی فێورییەی ٢٠٢٥