کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆچی دوایی پێشمەرگەیەکی دێرینی حیزبی دێموکرات

04:23 - 9 جۆزەردان 2721

پێشمەرگەیەکی دێرینی حیزبی دێموکراتی کوردستان کۆچی دوایی کرد. بەپێی ڕاگەیەندراوی کۆمیسیۆنی پێشمەرگەی حیزبی دێموکراتی کوردستان ئێوارەی ڕۆژی شەممە، ٨ی جۆزەردان، کاک محەممەد خنکاڵی، پێشمەرگەیەکی دێرین و تێکۆشەری ڕۆژە سەختەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستان، کۆڕی هاوسەنگەرانی بەجێ هێشت. کاک محەممەد  خنکاڵی ساڵی ١٣٣٦ی هەتاوی لە بنەماڵەیەکی نیشتمانپەروەر لەدایک ببوو، ساڵی ١٣٥٨ی هەتاوی پێوندیی بە حیزبی دێموکراتی کوردستانەوە گرت و ساڵی ١٣٦١ی هەتاوی بە ڕەسمی بووە پێشمەرگە و تا دواساتەکانی ژیانی لە ڕیزی تێکۆسەرانی دێموکراتدا خزمەتی بە حیزب و گەلەکەی کرد. کاک محەممەد لە هێزی شەهید ئاوارە، کۆمیتەی بەری مێرگان، دەستەی شەهید محەممەد زەینی، ناوەندی سپی‌سەنگ و هێزی پارێزگاری ئەرکە حیزبییەکانی بەجێ گەیاندووە. ناوبراو لە زۆر شەڕی قارەمانانەی وەک شەڕەکانی خدراوێ، ئاڵیەمەران و بەری‌مێرگان نەڵێن، پیرانان، لاجان، بەربنە، کانیەڕەشی شنۆ و شیمالی کوردستان‌دا بەشداریی قارەمانانەی کردووە و لە تەمەنی پێشمەرگایەتیی‌دا ٣ جار بریندار بووە و هەموو جارێ دوای ساڕێژبوونەوەی برینەکانی گەڕاوەتەوە سەنگەری خەباتی پێشمەرگانە و خۆنەویستانە  و بەوپەڕی سەخاوەتەوە لە خزمەتی گەلەکەی بەردەوام بووە. کاک محەممەد پێشمەرگەیەکی فیداکار، تێکۆشەرێکی ماندوویی‌نەناس و  خەباتکارێکی بەئەمەگ و دڵسۆزی حیزبی دێموکراتی کوردستان بوو و،  تا کۆتایی تەمەنی ئەوەی لە دەستی هات بۆ خزمەت بە گەلەکەی درێغی نەکرد و ڕێبوارێکی بە ئەمەگی ڕێی شەهیدانی سوورخەڵاتی گەلەکەمان بوو. کاک محەممەد سەرەڕای برینەکانی سەرجەستەی، بەداخەوە ماوەی چەند ساڵێک بوو  تووشی نەخۆشیی شێرپەنجە ببوو و  لەگەڵ  ژان و ئازارێکی زۆر بەرەوڕوو بوو و ،دوای بەربەرەکانییەکی زۆر لەگەڵ مەرگ، بەداخەوە ڕۆژی ٨ی جۆزەردانی ١٤٠٠ی هەتاوی کۆچی دوایی کرد. کۆمیسیۆنی پێشمەرگەی حیزبی دێموکراتی کوردستان بەبۆنەی مەرگی کاک محەممەد خنکاڵی سەرەخۆشی لە بنەماڵە و خزم و کەسوکار و هاوسەنگەرانی دەکا و خۆی بە شەریکی خەمیان دەزانێ.