کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ناڕوونی چارەنووسی هاووڵاتییەکی خەڵکی بۆکان

15:24 - 10 جۆزەردان 2721

لە چارەنووسی هاووڵاتییەکی خەڵکی بۆکان کە حەفتەی ڕابردوو لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعاتەوە دەسبەسەر کراوە هیچ زانییارییەک لە بەر دەستدا نییە. بەپێی سەرچاوەکانی هەواڵ ڕۆژی دووشەممە ٣ی جۆزەردانی ١٤٠٠ی هەتاوی، هێزەکانی ئیتلاعاتی ڕێژیم لە شاری بۆکان هاووڵاتییەکی خەڵکی ئەو شارەیان بە ناوی "سۆران شەریفیان" دەسبەر و بۆ شوێنێکی نادیار گواستۆتەوە. بەوتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار سۆران شەریفیان بەبێ‌نیشاندانی هیچ بەڵگەیەکی قەزایی و بە تۆمەتی هاوکاری لەگەڵ حیزبێکی دژبەری ڕێژیمی ئێران دەسبەسەر کراوە و پاش دەسبەسەر کردنەکەی، ماڵەکەیان پشکنیوە و دەستیان بە سەر لەب‌تاب، و کەلوپەلی تایبەتیی ناوبراودا گرتووە. شایانی باسە کە سەرەڕای تێپەڕبوونی حەفتەیەک لە دەسبەسەر کردنی سۆران شەریفیان، هیچ زانیارییەک لە شوێنی ڕاگیرانی لە بەر دەستدا نییە و لەو ماوەیەدا هەوڵ وبەدواداچونی بنەماڵەکەی بۆ ناوەندە پێوەندیدارەکان بێ ئاکام ماوەتەوە.