کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هێزەکانی ڕێژیم لە ڕێگەی چەواشەکاری دەیانهەوێت خەڵکی ناوچەی سنە بێننە سەر سندووقەکانی دەنگدان

16:55 - 24 جۆزەردان 2721

هێزەکانی سپا لە ناوچەی کەڵاتەرزانی سنە، بۆ ڕاکێشانی سەرنجی خەڵکی ئەو ناوچەیە، وەکوو تیمی دەرمانی، چارەسەری پزیشکی خەڵکی گوندەکانی ئەو ناوچەیە دەکەن و بانگەشە بۆ شانۆی هەڵبژاردنەکانی سەرۆککۆماری دەکەن. بەپێی هەواڵی هەواڵدەرییەکان، سپای پاسدارانی ڕێژیم بە مەبەستی بانگەشە بۆ هەڵبژاردنەکانی سەرۆککۆماری ڕۆژانە وەکوو تیمی پزیشکی سەردانی گوندەکانی ناوچەی کەڵاتەرزانی سنە دەکەن و لە گوندەکانی" شوێشە، نگڵ، ئەویهەنگ و بێساران، بەخۆڕای چاو لە خەڵکی نەخۆشی ئەو ناوچانە دەکەن بە بێ ئەوەیکە دەرمانێکیان بدەنێ، گرتە ڤیدیۆیان لێ دەگرن و لە کاناڵەکانی پارێزگای سنە و وەکوو پشتیوانی خەڵک لە هەڵبژاردنەکان بڵاوی دەکەنەوە. ئەم درۆ و چەواشەکارییانەی رێژیم بۆ بەلاڕێدا بردنی بیروڕای گشتی خەڵک لە کاتێک دایە کە دەرمانخانەکانی پارێزگای سنە بە تەواوەتی تووشی کێشەی بێ دەرمانیی بوونە. پێویستە بگوترێ کە تەنیا ئامانجی ڕێژیم لەم کارە هێنانی خەڵکی ناڕازیی کوردستانە بۆ سەر سندووقەکانی دەنگدان و دەبێ چالاکانی مەدەنی لە نێوخۆ ئەم چەواشەکاری و درۆگەلەی سپای پاسداران بۆ بەلاڕێدا بردنی بیروڕای گشتی لەقاو بدەن.