کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆچی‌دوایی دایکێکی نیشتمانپەروەر و حیزب خۆشەویستی ناوچەی سەردەشت لە شاری هەولێر

15:37 - 26 گەلاوێژ 2722

دایە ئامان گەرمەسیری خەڵکی گوندی کونەمشکێ"ی، ناوچەی بڵفەتی سەردەشت بەهۆی بەساڵاچووییەوە لە شاری هەولێر ماڵاوایی لە ژیان کرد. بەپیێ هەواڵی گەیشتوو بە ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستان، ڕۆژی ٢٤ی گەلاوێژی ١٤٠١ی هەتاوی، "دایە ئامان گەرمەسیری ناسراوبە پوورە ئامان" خەڵکی گوندی کونەمشکێ لەناوچەی بڵفەتی سەردەشت بەهۆی پیری و بەساڵاچوویی لە شاری هەولێر ماڵاوایی لەژیان کرد. پوورە ئامان دایکێکی حیزبی و پێشمەرگەخۆشەویست بوو، هەرکات کادر و پێشمەرگە ڕێگایان دەکەوتە گوندەکەی دەبوو سەردانی بکەن، ئەو هەموو کادر و پێشمەرگەیەکی بە کوڕ و کچی خۆی دەزانی و خۆشی دەویستن و بۆ هەموان دایکێکی دڵسۆز و میهرەبان بوو. سێ کچی ناوبراو لە سەرەتای دەستپێکردنی تێکۆشانی ئاشکرای حیزب ژیانی هاوبەشیان لەگەڵ پێشمەرگە پێکهێنابوو و لەوکاتەوە وەک ئەندامێکی دڵسۆز و چالاکی حیزب لە ڕیزەکانی ئەو حیزبەدان. دایە ئامان ڕۆژی ٢٤ی گەلاوێژ بە بەشداریی ژمارەیەکی بەرچاو لە کادر و پێشمەرگەکانی حیزب و بنەماڵەکانیان لە گۆڕستانی شەهیدان بە خاکی پیرۆزی نیشتمان سپێردرا. لەلایەن ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتەوە بەبۆنەی کۆچی‌دوایی دایە ئامان گەرمەسیری سەرەخۆشیی خۆمان ئاراستە بنەماڵە و خزم و کەسوکاری و خەڵکی ناوچەی سەردەشت دەکەین و خۆمان بە هاوبەشی خەمیان دەزانین.