کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەرز و پیرۆزڕاگرتنی بێ وێنەی ٢٥ی گەلاوێژ، یادی٧٧ ساڵەی دامەزرانی حیزبی دێموکرات لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان

15:40 - 26 گەلاوێژ 2722

خەڵکی بە ئەمەگی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، بە شکۆوە یادی ٢٥ی گەلاوێژ، ساڵڕۆژی ٧٧ ساڵەی دامەزرانی حیزبی دێموکرات و یەکگرتنەوەی حیزبیان بەرز و پیرۆز ڕاگرت. بەپێی هەواڵی کۆمیسیۆنی تەشکیلاتی حیزبی دێموکراتی کوردستان، ڕۆژی سێشەممە ٢٥ی گەلاوێژی ١٤٠١ی هەتاوی، خەڵکی دێموکرات‌پەروەری کوردستان، وێڕای خۆشی و شادی دەربڕین بە بۆنەی یەکگرتنەوەی ڕێزەکانی حیزبی دێموکرات، لە زۆربەی شار، گوند و ناوچەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، جەژنی ٢٥ـی گەلاوێژ ساڵڕۆژی دامەزراندنی حیزبی دێموکراتیان بە شکۆوە بەرز و پیرۆز ڕاگرت و پەیمانی درێژەدان بە ڕێبازی حیزبی دیموکراتی یەکگرتوویان نوێ کردەوە و بەڵێنیان داوە کە درێژەدەری ڕێبازی پیرۆزی شەهیدان بن. ئەندامان و ڕێبوارانی ڕێبازی پیرۆزی حیزبی دێموکرات بە بۆنەی جێژنی ٢٥ـی گەلاوێژ پیرۆزبایی ئەو جێژنەیان لە هەموو تێکۆشەرانی نێو سەنگەری خەبات و تێکۆشان، بنەماڵەی شەهیدان، زیندانیانی سیاسی، کادر، پێشمەرگە و هەموو خەڵکی کوردستان کردووە و لە هەمانکاتیش‌دا خۆشحاڵیی خۆیان بۆ یەکگرتنەوەی بنەماڵەی گەورەی دێموکراتەکان دەربڕیوە و هیواداریی خۆیان نیشان داوە کە لەمەوبەدوا بزووتنەوەی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان هەموو هێز و وزەی خۆی لە دژی ڕێژیمی پەت و سێدارە بەکار ببا و ئەزموونی ناخۆش لە نێو ماڵی کورددا دووپات نەبێتەوە. شایانی باسە کە، لاوانی شۆڕشگێڕ و ئازادیخوازی کوردستان، لە شار و گوندەکانی کوردستان و لە جەژنی ٢٥ـی گەلاوێژدا ڕایانگەیاندووە کە بە یەکگرتنەوەی حیزبی دێموکرات، حیزبی شەهیدان قازی، قاسملوو و شەرەفکەندی ورەی تازە هاتووەتەوە بەر خەڵک و ئامادەیی خۆیان بۆ بەڕێوەبردنی هەر جۆرە چالاکییەک نیشان داوە و ئەمساڵ جیاوازتر لە ساڵانی ڕابردوو دوو جەژنی دڵخۆشکەریان بە شکۆوە بەرز و پیرۆز ڕاگرت و پەیمانیان لەگەڵ ڕێبازی حیزبی یەکگرتووی دێموکرات نوێ کردەوە و بە چالاکیی بەر بڵاوی تەبلیغیی جۆراوجۆر لە زۆربەی شار و ناوچە و گوندەکانی کوردستان، هەر لە ئیلام و لوڕستانەوە تا ماکۆ و سەڵماس نیشانیاندا کە دێموکرات چەندە خۆشەویستی خەڵکی کوردستانە و چەندە کاریگەری و قورسایی هەیە، ئەو چالاکییانە دەریخست کە خۆشی و شادی و یەکڕیزیی حیزبی دێموکرات چەندە دەتوانێ کاریگەربێ لە پێدانی هێز و ورەی لەبڕاننەهاتووی گەلەکەماندا لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان. شایانی باسە کە ئەو چالاکییە تەبلیغاتیگەلە لە کەشێکی تەواو ئەمنییەتی و میلیتاریزەی کوردستاندا کە ڕێژیم لە ترس و هەستیاریی بۆنە نەتەوەیی و حیزبییەکاندا دەیگرێتە خۆی بەڕێوە چوو.