کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لێدان و بێڕێزی‌کردن بە زیندانییەکی سیاسی لە بەشی ژنانی بەندیخانەی ئیلام

13:39 - 27 گەلاوێژ 2722

زیندانییەکی سیاسیی کورد لە بەندیخانەی ئیلام بە توندی لێیدرا و پێوەندی لێ قەدەغە کرا لە ڕۆژانی ڕابردوودا "خەدیجە مەهدی پوور" بەندکراوی سیاسی و تەمەن ٣٤ ساڵی خەڵکی شاری ئەیوان سەر بە پارێزگای ئیلام کە ماوەی سزای ٢٠ مانگ بەندکرانەکەی کە بەسەریدا سەپاوە لە بەندیخانەی ناوەندیی ئیلام تێدەپەڕێنێت، لە ڕۆژانی ڕابردوودا لەلایەن بەندکراوانی تۆمەتبار بە تاوانە توندوتیژییەکان دراوەتە بەر لێدان و کوتان و لەلایەن بەرپرسانی بەندیخانەشەوە لە مافی پەیوەندی گرتن بە بنەماڵەکەیەوە بێبەش کراوە. ڕۆژی یەکشەممە ١٨ی ڕەزبەری ١٤٠٠ هەتاوی، "خەدیجە مەهدی پوور" لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانی ڕێژیم لە شاری ئیلام دەسبەسەر و پاش دوو ڕۆژ بۆ بەندیخانەی ناوەندیی ئیلام گوزرایەوە. ناوبراو زستانی ڕابردوو لەلایەن دادگای شۆڕشی ئیلام بە چەندین تۆمەت وەکوو پڕوپاگەندە دژی ڕێژیم، بێ‌ڕێزی بە دامەزرێنەری کۆماری ئیسلامیی ئێران و بێ‌ڕێزی بە ڕێبەری ئێران سزا دراوە و بەگوێرەی ماددەی ١٣٤ی یاسای تاوانەکانی ڕێژیم، زیاترین سزا، واتە سزای ٢٠ مانگ بەندکرانی بەسەردا سەپێندراوە.