کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

شەڕەدەندووکی باڵوێزەکانی ئێران و ئیسرائیل لە کۆماری ئازەربایجاندا لە یەکتر

13:42 - 27 گەلاوێژ 2722

باڵوێزی ئیسرائیل لە کۆماری ئازەربایجان لە تویتێکدا نووسی: باڵوێزی ڕێژیمی ئێران لەو وڵاتە وتوویە بەهۆی تێپەڕاندنی هێڵە سوورەکانی ئێران دەبێ بکوژرێی. جۆرج دیک، باڵوێزی ئیسرائیل لە کۆماری ئازەربایجان، ڕۆژی چوارشەممە ٢٦ی گەلاوێژی ١٤٠١ی هەتاوی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی تویتێر سەرەڕای ئاماژە بە مەترسیداربوون و تێرۆریست‌بوونی ڕێژیمی ئێران نووسی: عەباس مووسەوی، باڵوێزی ڕێژیمی ئێران لە کۆماری ئازەربایجان، وتوویە کە بەهۆی تێپەڕاندنی هێڵەسوورەکانی ڕێژیمی ئێران، هەڕەشەی کوشتنی لە من کردووە. ناوبراو هەروەها دەڵێ: پاش هێرشە تێرۆریستییەکە بۆ سەر سەلمان ڕوشدی و ئەوەیکە بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران پێشتر ڕایانگەیاندبوو کە سەلمان ڕوشدی هێڵەسوورەکانی خەڵکی ئێرانی تێپەڕاندووە و هەڕەشەی کوشتنیان لێکردووە، ئێستاش دیپلۆمات تێرۆریستێکی دیکەی ڕێژیمی ئێران هەمان هەڕەشە لە من دەکاتەوە. باڵوێزی ئیسرائیل لەدڕێژەی تویتەکەیدا دەڵێ: مێژوو ئەوەی سەلماندووە کە لە هەر شوێنێکی ئەو جیهانە تێرۆر و ئاژاوە هەبێ، شوێن پێی ڕێژیمی ئێران دیارە و بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران بەردەوام هەڕەشەی کوشتن لە چالاکان ودژبەرانی ئەو ڕێژیمە وهەڕەشە لە خەڵکی ئیسرائیل ودەوڵەتی ئیسرائیل دەکەن، بەڵام دەبێ ئەو ڕێژیمە تێرۆریستە دڵنیا بێ کە ناتوانێ بەهیچ جۆرێک هێرش بکاتە سەر کەسایەتییەکانی ئیسرائیل و لە ئەگەری ئەو کارەدا دەبێ باجێکی زۆر قورس بدا.