کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

چالاکیی تەبلیغی بەبۆنەی ٧٧ـەمین ساڵڕۆژی دامەزرانی حیزبی دێموکرات لە ئابدانان

17:17 - 27 گەلاوێژ 2722

ئەندامان و لایەنگرانی حیزبی دێموکرات لە شاری "ئابدانان"ـی سەربە پارێزگای ئیلام، بەبۆنەی ٢٥ی گەلاوێژ ساڵڕۆژی دامەزرانی حیزبی دێموکرات چالاکیی تەبلیغیی بەربڵاویان بەڕێوە برد. بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستان، ڕۆژی سێشەممە ٢٥ی گەلاوێژی ١٤٠١ی هەتاوی، ئەندامان و ئەویندارانی ڕێبازی حیزبی دێموکرات، بەبۆنەی ٢٥ی گەلاوێژ ٧٧ـەمین ساڵڕۆژی دامەزراندنی ئەو حیزبە لە شەقام و شوێنە گشتییەکانی شاری "ئابدانان"ـی سەربە پارێزگای ئیلام، بە بڵاو کردنەوەی تراکت و درووشمی تایبەت بە ٢٥ی گەلاوێژ چالاکیی تەبلیغی بەربڵاویان بەڕێوەبرد و بەبۆنەی یەکڕیزی بنەماڵەی گەورەی دێموکرات خۆشی و شادییان دەربڕی. ڕێبوارانی ڕێبازی پیرۆزی حیزبی دێموکرات لە ناوچەی ئیلام، لە کاتێکدا یادی ٧٧ـەمین ساڵڕۆژی دامەزراندنی حیزبی دێموکراتیان کردەوە کە هاوکاتە لەگەڵ مزگێنی یەکگرتنەوەی ڕێزەکانی هەردوو دێموکراتەکان و ئەوەش بوو بە دوو جەژن بۆ خەڵکی کوردستان کە لاوان و شۆڕشگێڕانی ڕێبازی حیزبی دێموکرات سەرەڕای بەربەستەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران، وەکوو ئەرکێکی نەتەوەیی بەبۆنەی ٢٥ی گەلاوێژی بە درووشمی تایبەت ٧٧ـەمین ساڵڕۆژی دامەزرانی حیزبی دێموکراتیان بەرز و پیرۆز ڕاگرت. لە لایەن کۆمیسیۆنی تەشکیلاتی حیزبی دێموکراتی کوردستانەوە دەسخۆشی و ماندوونەبوونیی لە دڵسۆزان و لایەنگرانی حیزبی دێموکرات لە ئیلام بە گشتی و شاری کوردپەروەر و دێموکراتی ئابدانان دەکەین و دەستی ماندووبوونیان دەگوشین.