کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

چالاکایی تەبلیغیی بەبۆنەی ٢٥ی گەلاوێژ لە ناوچەی سنە و کامیاران

17:24 - 27 گەلاوێژ 2722

ئەندامان و لایەنگرانی حیزبی دێموکرات لە شاری کامیاران و ئاوایی "مێراو"ـی سەربە شاری سنە، بەبۆنەی ٢٥ی گەلاوێژ ٧٧ـەمین ساڵڕۆژی دامەزرانی حیزبی دێموکرات چالاکایی تەبلیغییان بەڕێوە برد. بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستان، ڕۆژی سێشەممە ٢٥ی گەلاوێژی ١٤٠١ی هەتاوی، دڵسۆزان و لایەنگرانی حیزبی دێموکرات لە نێو شاری کامیاران و لە ئاوایی "مێراو"ـی سەربە شاری سنە لە یادی ٧٧ـەمین ساڵڕۆژی دامەزرانی حیزبی دێموکرات‌دا بە چالاکیی بەربڵاوی تەبلیغیی تایبەت بە ٢٥ی گەلاوێژ یادی ئەو ڕۆژەیان بەرز و پیرۆز ڕاگرت. ئەویندانی ڕێبازی دێموکرات لە سەر شاخی شیرین سوار کە پێشتر پێشمەرگەکانی هێزی بێستوون لەسەر ئەو شاخە دەیان حەماسەیان خولقاندووە و بۆتە ڕەمزی سەرکەوتن و سەربەرزیی پێشمەرگە و خەڵکی کوردستان سەر بە شاری کامیاران ئاگریان کردەوە و ٢٥ی گەلاوێژ و یەکگرتنەوەی حیزبیان پیرۆز کرد و هەروەها لە ئاوایی مێراو‌ی شاری سنە، بە نووسین و بڵاو کردنەوەی درووشمی تایبەت بە ٢٥ی گەلاوێژ و هەڵکردنی ئاڵای پیرۆزی کوردستان لەو ئاواییە ٧٧ـەمین ساڵرۆژی دامەزراندنی ئەو حیزبەیان بەرز و و پیرۆز ڕاگرت.