کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئارش ساڵح: ئەوان دەزانن تەنیا شتێک کە رۆژهەڵات زیندوو دەکاتەوە راسانە و تەنیا دەنگێک کە دەتوانێ گۆمی مەندی ئیستێبداد بشڵەقێنی دەنگی چەکی کاک سەلاح و کاک سەلاحەکانە

14:05 - 12 رەشەمه 2717

کوردستان میدیا: ماڵپەڕی كوردستان میدیا لە سەر پرسی تێرۆری ناجوامێرانەی هاوڕێ سەباح ڕەحمانی لە هەولێری پێتەختی هەرێمی کوردستان وتووێژیکی کورتی لەگەڵ ئارش ساڵح نوێنەری حیزبی دێموکرات لە وڵاتە یەکگرتووەکانی ئامریکا پێک هێناوە.

دەقی وتووێژەکە:

١- پێتان وایە ئەمە دەورێکی نوێ لە ڕەشەکوژییەکانی کۆماری ئیسلامییە بەرامبەر بە چالاکانی سیاسی؟


کۆماری ئیسلامی توانای ئەوەی هەیە کە بە یەک شەو دەزگای تیرۆری خۆی لە هەرشوێنێک وەگەڕ بخاتەوە. بۆ ماوەیەک کە خەباتی حیزبیان بە گوشار بۆ سەر هەندێک لایەنی باشوور و لەبەر سادەیی هەندێک لایەنی رۆژهەڵاتی راوەستاندبوو ئەوەیان بە پێویست نەدەزانی کە تێچووی تیرۆر بدەن، بەڵام ئێستا کە ئەو خەباتە دەستی پێکردۆتەوە بەباشی دەزانن کە گەورەترین مەترسی بۆ ئەوان حوزووری پێشمەرگەیە لە ناوخۆ؛ ئەوان دەزانن تەنیا شتێک کە رۆژهەڵات زیندوو دەکاتەوە راسانە و تەنیا دەنگێک کە دەتوانێ گۆمی مەندی ئیستێبداد بشڵەقێنی دەنگی چەکی کاک سەلاح و کاک سەلاحەکانە. ئەوان دەزانن کە سەدان تەلەڤزیۆن و تێلێگرام ناتوانن کاریگەری دەرکەوتنی یەکجاری کاک سەلاح و هاوڕێکانی لە شار و دێیەکانی کوردستان و لە ناو خەڵکەکەی خۆیانی هەبێت بۆیە لە راستیدا بە زووترین کات دەستیان کردەوە بە تیرۆر. بە دڵنیاییەوە ئەوە دەسپێکی مەوجێکی نوێی تیرۆرە. بۆیە بە باوەڕی من ئەوە ئەرکی نیشتمانی و حیزبییە کە ئەندامان و پێشمەرگەکانی حیزب لە هەرشوێنێک بن خۆیان بە باشترین شێوە بپارێزن لەبەر ئەوەی ئەندامی حیزبی دیموکرات و پێشمەرگەی حیزبی دیموکرات گەورەترین سەرمایەی حیزبی دیموکراتن بۆیە ئەرکی سەرشانی هەرکام لە ئەندامان و پێشمەرگەکانە کە لەو سەرمایەی کە خۆیان بن، بە باشترین شێوە پارێزگاری بکەن. چ لە ناوچە بن، چ لە هەولێر و چ لە ئوروپا پێویستە و یەکەمین ئەرکی حیزبییانە کە خۆیان بپارێزن و دەبێ بزانن کە خۆپاراستنیان بە چالش کێشانی شەهامەتی ئەوان نییە بەڵکوو بەڕێوەبردنی گرینگترین و یەکەمین ئەرکی حیزبییانە.

کۆماری ئیسلامی بۆ وەڵامی کێشەکانی زووتر لە هەمووشتێک پەنا بۆ تیرۆریزم دەبات. تیرۆریست بوون و تیرۆر بەشێکە لە کارەکتەری ئەم رێژیمە؛ لە مێژووی دونیادا بێ وێنەیە کە دیپلۆماتی وڵاتێک هاوکات تیرۆریست بێت.

تیرۆریست بوون تایبەتمەندیێکی حکوومەتەکانی ئێرانە، یەکێک لە گرینگترین ئێلێمانەکانی کاراکتێری کۆماری ئیسلامی و تەنانەت حکوومەتەکانی پێش ئەویش لە ئێراندا تیروریزمە. تیرۆری سمکۆ نموونەیێکی بەرچاوی ئەو تیرۆرانەیە کە پێش ئەم رێژیمەش رووی داوە و دەرخەری ئەوەیە کە شارستەنیەتی داگیرکەر شارستانیەتێک کە لەسەر تیرۆر، درۆ و تاوان بنیات نراوە. ئەوەی کە هەموو ئەو رێژیمە سیاسییانەی کە لە ئێران سەرهەڵدەدەن دەتوانن رێبەرانی کورد بانگهێشت بکەن بۆ سەرمێزی وتووێژ و تیرۆریان بکەن دەرخەری ئەوەیە کە تا چ رادەیەک بنەما ئەخلاقییەکانی ئەو کەلتوورە دارووخاون.

٢- پێتان وایە هێزە سیاسییەکانی کوردستان چۆن دەتوانن بەرەوڕووی ئەم دۆخە ببنەوە؟

هێزە سیاسییەکانی کوردستان پێویستە لە بەرامبەر تیرۆردا بە یەک دەنگ و بە هێزێکی زۆرەوە بەرگری و خەبات بکەن. ئەمە ئیتر تەنیا بابەتی ئازادی نەتەوایەتی نییە بەڵکوو وەک چۆن بەرگری و خەباتی کورد لە باشوور و رۆژاوا ئەرکێکی ئەخلاقی و مرۆیی بوو بە هەمان شێوە رووبەڕووبوونەوە لەگەڵ داعشی ناو ئێران واتە کۆماری ئیسلامیش ئەرکێکی ئەخلاقی و مێژووییە. بەهیچ شێوە نابێت رێگە بدەین دوژمن وا بزانێت تیرۆر دەتوانێت کاریگەر بێت. بەداخەوە لە حەفتاکاندا لەبەر ئەوەی لە خەوێکی زستانیدا بووین ئەو رێگەیانە پێ درا، بۆیە ئەوان وایان بیر کردەوە کە تیرۆر لەسەر ئێمە کارسازە و زیاتر بۆ بەکار هێنانی هان دران. بۆیە یەکەمین ئەرکی ئێمە بەهێز کردنی راسان بە لەبەرچاو گرتنی ئەو مەتەڵە جیهانییەیە کە دەڵێت کوردەکان هیچ دۆستێکیان نییە بێجگە شاخەکانیان، تەنانەت خۆشیان دۆستی خۆیان نین. لە نێوان خۆمان و شاخەکانمان، شاخەکانمان دۆستێکی باشترن بۆمان.راسان پێویستی بەوە هەیە کە بچێتە ئاستێکی دامەزراوەییەوە و دامەزراوە و ئورگانەکانی حیزب بگرێتەوە. گرینگی ئەم باسە ئەوەیە کە کاتێک ئێمە لە راگەیانداندا راسانمان دەست پێ کردووە ئەگەر دامەزراوەکانمان و ئۆرگانەکانمان بە شێوازێکی شایستە و فەراخۆری راسان رێک نەخرێن ئەوا ئاسیبپەزیری ئێمە لە بەرامبەر دوژمنەوە زۆر دەبێت. بۆیە ناچارین بۆ پاراستنی خۆشمان بێت دەزگاکانمان و دامەزراوەکان و ئۆرگانەکانمان و رێکخراوەکانمان بە راسانی بکرێن و بچنە ئارایشی راسانەوە.

٣- ئەرکی دەزگاکانی پاراستن و ئاسایش لە باشوری کوردستان لەهەمبەر ئەم چەشنە ڕووداوانە چۆن هەڵدەسەنگێنن؟

دەزگاکانی پاراستن لە باشوور لە بەردەم مێژوودان؛ ئێمە لەم سەردەمە تێدەپەڕین، بەڵام ئەم رووداوانە و شێوازی هەڵسووکەتی ئەو دەزگایانە بۆ داهاتوو دەمێنێتەوە. بۆ ئەوەی جیلەکانی داهاتوو بیانبینێت. ئەوە بڕیاری ئەوانە کە مێژوو قەزاوەتی مەلای خەتێیان لەسەر بکات یان قەزاوەتی یەزدان شێر؛ بەڵام بێجگە لەم بابەتە کوردی باشوور دەبێت تا ئێستە لەوە تێگەیشتبێت کە گەورەترین مەترسی بۆ سەر ئاسایشی ئەوان هەبوونی دەستئاوەڵای کۆماری ئیسلامییە لە نێو باشووری کوردستاندا. ئەوان دەبێت تا ئێستە بەوە گەیشتبێتن کە نفووز و دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی لە ناو نوخبەی باشوور بووەتە هۆی گەورەترین شکستێکی مۆراڵی کورد لە مێژووی خۆیدا. بۆیە رووبەڕووبوونەوە لەگەڵ کۆماری ئیسلامی پێویستە یەکێک لە گرینگترین ئەرکەکانی ئەو دەزگایانە بێت. دیارە ئەم رووبەڕووبوونەوە دەبێت زۆر روون و قاتێع بێت. هەتا ئێستا باشووری کوردستان نەتەنیا هیچ قازانجێکی لە موماشات کردن لەگەڵ دەسەڵاتی لە رادەبەدەری ئێران و سپای پاسداران لە باشوور نەبینیوە بەڵکوو بە پێچەوانە ئەوەیکە لەم هەبوونەی سپا و ئێران دەستی باشوور کەوتووە دووبەرەکی و بەهێزبوونی خەیانەت و لەکیس چوونی نیوەی خاکیان و هەمووی شەئنیەت و رێز لە خۆگرتنیان بووە. بۆیە ئەوان دەبێت خاڵێک دابنێن بۆ ئەوەی بڵێن ئیتر بەسە کە ئێران بتوانێت ئاوا بە ئاسانی رێز و باوەڕ بە خۆبوونمان بنێتە ژێر پێیەوە و هەوڵ بدەن ئەو متمانە بە خۆ بوونە و ئەو رێز لەخۆگرتنە کە ئێران راستەوخۆ و ناراستەوخۆ لە کیسیانی بردووە بە بەرگری لە بەرامبەر ئێرانەوە بەدەستی بخەنەوە.