کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بانگەوازیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بۆ ئازادیی زیندانیانی سیاسی

18:20 - 13 جۆزەردان 2716

کوردستان میدیا: حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە بانگەوازێکدا دوای ئازادیی زیندانیانی سیاسیی بەنداکراو لە زیندانەکانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران بە تایبەت محەممەد سدیقی کەبووەدوەند دەکات.

دەقی بانگەوازەکە:

بانگەوازێک بۆ ئازادیی زیندانیی سیاسی
هاونیشتمانیانی مافخواز،
گەلانی ستەملێکراوی ئێران،
کۆڕ و کۆمەڵە نێونەتەوەییەکان،


هەروەک لە ڕاگەیەنە گشتییەکاندا بڵاو بووەتەوە و بیروڕای گشتی ئاگادارە، محەممەد سدیقی کەبوودوەند بەرپرسی ڕێکخراوی داکۆکی لە مافی مرۆڤی کوردستان لە زیندانەکانی کۆماری ئیسلامیدا بۆ ماوەی ٩ ساڵە کە دەسبەسەر کراوە و لەو ماوەیەدا وێڕای هەموو تۆمەتە بەناحەق وەپاڵدراوەکانی، لە زۆر مافی سەرەتایی ئینسانیی زیندانیەکی سیاسی بێبەش کراوە و لە زینداندا لەگەڵ زۆر نەخۆشی بەرەوڕوو بووەتەوە.

سەرەڕای ئەوە لەم ساڵدا دووبارە تۆمەتی دیکەیان لە زینداندا خستە پاڵی بۆ ئەوەی یاسایەکی تایبەتیی ڕێژیم کە ماوەی زیندانیی هێندێک زیندانیی سیاسی کەم دەکردەوە ناوبراو نەگرێتەوە، ئەمانە هەمووی بوونە هۆکاری ستەمی زیاتر لەسەر ناوبراو و ئەویش دەستی داوەتە ناڕەزایی دەربڕین بەرانبەر بەو ستەمکاریە چەند قاتەیە.

بە پێی هەواڵەکان، محەممەد سدیقی کەبوودوەند لە ڕۆژی ١٩ی بانەمەڕەوە دەستی داوەتە مانگرتن لە خواردن و داوای هەڵوەشاندنەوەی حوکمە نارەوا و داسەپاوەکان لە سەر خۆی دەکات.

ئەوەی کە ڕوون و ئاشکرایە، لە نێو سیستمی کۆماری ئیسلامیدا هیچ بایەخێک بە گیان، ئازادی و کەرامەتی مرۆڤ نادرێت، ڕێژیمی ویلایەتی فەقیهـ، لە سەرتاسەری ئێراندا دژی ئازادی و مافی مرۆڤ لە هیچ تاوانێک ناسڵەمێتەوە و بەتایبەت لە نێو نەتەوە ستەملێکراوەکاندا تاوان و بێدادیەکانی چەند قاتە دەبنەوە.

لە نێو هەموو نەتەوەکان لە ئێراندا ڕۆڵە ئازا و ئازادیخوازەکانی ئەو نەتەوانە هەن کە کۆماری ئیسلامی ساڵانێکە لە زیندانی خستوون و لە نێو نەتەوەی کوردیشدا ژمارەیکی زۆر لە مافویستانی کورد ئێستاش لە زیندانەکانی ئەم ڕێژیمە دژی ئازادیەدا بە بارمتە گیراون، بۆیە دەنگی ناڕەزایی سدیقی کەبوودوەند دژ بە بێدادی و ستەمکاریی بێدادکاکانی ڕێژیم بە نیسبەت ئەوەوە، دەنگی هەموو زیندانیانی سیاسیی نەتەوەکان و بەتایبەت نەتەوەی کوردە کە خوازیاری ئازادی و ژیانی ئینسانین.

ئێمە وەکوو دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، وێڕای پشتیوانی لە داخوازیی محەممەد سدیق کەبوودوەند بۆ ئازادی و هەڵگرتنی بێدادی لەسەر ناوبراو، پشتیوانی لە ئازادیی هەموو زیندانیانی سیاسیی نەتەوەکانی ئێران و بەتایبەت نەتەوەی کورد دەکەین.

داواکارین هەرچی زووتر کەبوودوەند لە زیندان ئازاد بکرێ.

لە پێناوی سەرخستنی ئەم داواکاریە و ئەم پشتیوانیەدا داوا لە هەموو ئەندام و لایەنگرانی حیزبی دێموکرات دەکەین کە چالاک بن وبە هەر شێوەیەک کە ئیمکان و دەرەتانیان هەبێ لەو پێناوەدا تێ بکۆشن.

هەندێک لەو ئیقدامانەی کە دەکرێ بەڕێوەی ببەن، بریتین لە:

١ـ وەڕێخستنی کەمپەینی کۆکردنەوەی واژۆ بۆ ئازادیی کەبوودوەند.

٢ـ لە شارەکانی کوردستانی باشوور و لە شارە ئورووپاییەکاندا ئەندامانی حیزبی لە پێناوی گەیاندنی دەنگی ئازادیخوازیی زیندانیانی سیاسیی کورد و بۆ پشتیوانی لە داخوازیەکانیان چالاکانە هەوڵ بدەن.

٣ـ لە هەر شوینێکی وڵاتانی ئورووپایی و بەتایبەت لە شارە گرینگەکانی ئورووپا لە بواری سیاسیەوە، وەکوو بروکسێل و پاریس و ژنێڤ و ... کۆبوونەوەی پشتیوانی لە کەبوودوەند و ئازادیی زیندانیانی سیاسی بەڕێوە ببرێ.

٤ـ نوێنەری پێوەندیەکانی حیزب لە وڵاتانی دەرەوە لەگەڵ ناوەندەکانی مافی مرۆڤ، بەشی مافی مرۆڤی وەزارەتەکانی دەرەوەی وڵاتان، پێوەندی بگرن و داواین لێ بکەن بۆ ئازادیی محەممەد سدیق کەبوودوەند، کۆماری ئیسلامی بخەنە ژێر گوشارەوە.

٥ـ ئەندامانی حیزبی و ڕێکخستنەکانی حیزب بە هەر شێوازیکی دیکە کە بۆیان دەڕەخسێت لە پێناوی پشتیوانی لەو داخوازیەدا چالاک بن و هەروەها هەوڵ بدەن کە هەرچی زیاتر سەرنجی خەڵكی کورد و بیروڕای گشتیی ڕۆژاواییەکان بۆ لای پرسی داخوازیی ئازادیی کەبوودوەند و ئازادیی هەموو زیندانیانی سیاسیی کورد ڕابکێشن.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران
دەفتەری سیاسی

١٣ی جۆزەردانی ١٣٩٥ی هەتاوی
٢ی ژوئەنی ٢٠١٦ی زایینی