کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بۆ حیزبی دێموكرات هەنووكەش هەر پێشەنگە؟ (كەیهان یووسفی)

00:45 - 25 گەلاوێژ 2713

كەیهان یووسفی

ئاخێزگەی پارتە سیاسیە مودێڕنەكان لە رۆژئاوا، بێگومان مۆدێڕنیتەیە و پارامێترەكانی ئۆمانیزم، سێكۆلاریزم، بنەماكانی مەعریفەناسی و پلۆرالیزمی سیاسی تۆخمە سەرەكیەكانی پێكهێنەری پارتە سیاسیەكان بە ئەژمار دێن.
بەڵام حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران لە سەردەمانێكدا پێی نایە نێو گۆڕەپانی سیاسی كوردستان و لە دایك بوو كە فەزای سیاسی ـ كۆمەڵایەتی كوردستان لە گەڵ ئەو پارامیترانەی كە ئاماژەیان پێكرا بێگانە و نامۆ بوو. پرسیارێك كە رەنگە زۆر جار بێتە ئاراوە و وەڵامەكەشی زۆر گرنگ بێت ئەوەیە كە هۆكارەكان چین كە حیزبی دێموكرات پاش تێپەڕبوونی ٦٨ ساڵ هێشتا حیزبی پێشەنگ و ئاڵاهەڵگری خەباتی نەتەوەیی ـ دێموكراتیكی نەتەوەی كورد لە كوردستانی ئێرانە؟

تیۆری داڕێژەران و بیرمەندانی سیاسی فاكتەر و پارامێترگەلی جۆراوجۆر بۆ هەڵسەنگاندنی ئاستی سیاسی پارت و رێكخراوە سیاسەكان دادەنێن. لەم بابەتەدا ئێمە بە كەڵك وەرگرتن لە ئەندێشە و روانگەگانی بیرمەندی گەورەی ئامریكایی واتە سامیۆل هانتیگتۆن لە مەڕ هەڵسەنگاندنی ئاستی رێكخراوە سیاسەكان، ئاوڕێك لە ئاستی پێكهاتەیی حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران دەدەینەوە و بە وەڵامی ئەو پرسیارەی سەرەوەشمان دەگەین.

هانتیگتۆن چوار پێوەر بۆ هەڵسەنگاندنی ئاستی رێكخراوێكی سیاسی دیاری دەكات:

1ـAdaptation خۆگونجاندن
2ـ Complexity ئاڵۆزی
3ـ Autonomy سەربەخۆیی
4ـ coherence ئاستی رازی بوون و هاوئاهەنگی لە نێوان ئەندامان لە نێو پێكهاتەی حیزب

پێوەری یەكەم :Adaptation یان خۆگونجاندن

خۆگونجاندن واتا توانایی رێكخراوێكی سیاسی بۆ رووبەڕووبوونەوە لە گەڵ ئەو ئاڵوگۆڕانەی كە لە دەوروبەری واتا موحیت هاتۆتە ئاراوە جا موحیت چ نێوخۆیی بێت یان دەرەكی.

مێژووی حیزبی دێموكراتی كوردستانیش سەلمێنەری هاتنە ئارای ئەو ئاڵوگۆڕانەیە.
هانتیگتۆن بۆ هەڵسەنگاندنی توانایی خۆگونجاندنی حیزبێكی سیاسی سێ خاڵ دەستنیشان دەكات:


یەكەم: chronological، واتا ماوەی تەمەنی رێكخراو، لە روانگەی ئەوەوە هەر چەند ماوەی تەمەنی رێكخراوێكی سیاسی زۆر بێت، نیشانەی توانایی بەرزی خۆگونجاندنی ئەو رێكخراوەیە و سەلمێنەری ئەو راستیەیە كە پۆتانسیڵ و هێزی گۆڕان و گۆڕانكاری لەو رێكخراوەیەدا زۆر بەرزە و بە پێچەوانەكەشی دروستە.
هەر لە ئاستی سەرانسەری ئێراندا ئێمە دەزانین كە زۆر حیزب،پێش لە حیزبی دێموكرات یان هاوكات و یانیش دواتر دروست بوون بەڵام دوای گۆڕانكارییەك وەكوو شۆڕشی گەلانی ئێران ئەو حیزبانە تووشی رووخان و هەڵدێر و لاواز بوون هاتن بەڵام حیزبی دێموكرات بە پێچەوانە گەورەتر و ئاستی كارتێكەری بەربڵاوتر بووەوە.
خاڵی دووهەم: Gererotional باس لەوە دەكات كە ئایا ئەو گۆڕانكارییانەی كە لە ئاستی رێبەری ئەو حیزبەدا روودەدات، راپۆرت لە گۆڕنگاریی نەسڵەكان دەكات. ئایا رێبەری بە شێوەیەكی ئاشتیخوازانە لە نەسڵێكەوە بۆ نەسڵێكی دیكە دەستاودەست دەبێت. گۆڕانكارییەكان لە نێوان ئەو نەسڵەدا ئەنجام دەگرێت و ئەو رێكخراوە سیاسیە كە گۆڕانكاریی رێبەرییەكەی بە شێوەیەكی هێمن و بە پێی یاسا و پرۆگرامێكی مودێرن روو ئەدات توانایی زۆرترێكی لە خۆگونجاندنی خۆی لە گەڵ دەوروبەر هەیە. لە حیزبی دێموكراتدا بەرزترین ئۆرگانی بڕیاردەر كۆنگرەی حیزبە كە هەر چوار ساڵ جارێك دەبەسترێت و لە كۆنگرەدایە كە گۆڕانكاریی لە ئاستی رێبەریدا روو دەدات و ئەوەش بە شێوازێكی دێموكراتیك و هێمن. كۆنگرەی ١٥ی حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران و بێ گومان كۆنگرەكانی دیكەش باس لەوە دەكەن كە هەر كۆنگرەیەك كۆمەڵێك لە جەوانان و بەرەی نوێ بە رێبەری حیزب زیاد بوون و دەبن. پێكهاتەیەكی بزۆز و بە دیسپلین لە نێوخۆی حیزب، یاسا و رێسای مودێڕن و روون و پێڕەوی نێوخۆیی و زاڵبووونی لێكدانەوەی عەقڵانی بە سەر ئەنداماندا، رێگەی لە هەچەشنە هەوڵێكی نادێموكراتێك بۆ پاوانكردنی دەسەڵات و رێبەری لە حیزبی دێموكراتدا گرتووە كە نیشانەی دیاری ئەوەش رێگەنەدان بە دیكتاتۆری و پاوانكردنی دەسەڵات لە لایەن كەس یان كۆمەڵە كەسێكەوەیە.
خاڵی سێهەم: گۆڕانكاریی ئەركەكانە یان بە واتایەكی دیكە گۆڕانكاری كاری ئەندامان، گۆڕانكارییەكان پێوەندییان بە ئەركە سەرەكیەكانەوە هەیە. چونكو رێكخراوێكی سیاسی كە ئەركی ئەندامەكانی گۆڕانكاریی بە سەردا دێت خاوەنی توانایی هاوئاهەنگی و خۆگونجانێی بەرزترە بە بەراورد لە گەڵ ئەو رێكخراوانەی كە بێ بەشن لەم فاكتەرە.
گۆڕینی ئەركەكان بە تایبەت ئەركە سەرەكیەكان لە دوای هەر كۆنگرە دەگۆڕدرێت و لە نێوان كۆنگرەكانیشدا گۆڕانی بە سەردا دێت.
پێوەری دووهەم Complexity ئاڵۆزی: ئەمەش بەواتای ئەوەیە كە رێكخراو زیاتر لە یەك ئەرك ئەنجام بدات و خاوەنی كۆمەڵێك یەكەی جۆاروجۆر و تایبەتمەندیگەلی دیاریكراوە. ئەم ئاڵۆزییە بۆ بەردەوام بوونی رێكخراوێكی سیاسی زۆر پێویستە، چونكە ئەگەر رێكخراوێك بیاڤی چالاكیەكەی زیاتر لە یەك ئەرك بێت و هەلومەرج حیزب ناچار بكات كە بۆ ماوەیەك دەست لە ئەنجامدانی ئەركێك هەڵبگرێت و بە ئەنجامدانی ئەركگەلێكی دیكە بەردەوامبوون و مانەوەی خۆی گەرەنتی دەكات.
حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران كە ئاسۆی خەبات و تێكۆشانی خۆی لە سەر بنەمای دابینكردنی مافی گەلی كورد و جێگیركردنی دێموكراسی لە ئێراندا داناوە و بۆ ئەم گرنگەش پێی ناوەتە نێۆ گۆڕەپانی تێكۆشانی سیاسی، بێگومان بۆ دەستبەربوونی ئەم خواست و مەبەستەش شێوازگەلێكی جۆراوجۆری هەڵبژاردووە.
كولتوورسازی و پێشگیری لە ئاسیملەبوونی كولتووری گەلەكەی لە لایەن كولتووری نەتەوەی باڵادەست، هەوڵدان بۆ زیندوو راگرتن و پاراستنی زمانی دایكی، هەڵبژاردنی رێكاری سەربازی و بەرگری رەوا لە كاتی داسەپاندنی شەڕ لە سەر حیزب، چالاكی سیاسی و دیپلۆماسی بۆ ناساندن و خستنەبەرباسی مەسەلەی كورد لە ئاستی نێونەتەوەیی و راكێشانی پشتیوانی كۆمەڵگای نێونەتەوەیی بۆ مەسەلەی كورد لە كوردستانی رۆژهەڵات و ... مێتۆدگەلێكن كە حیزبی دێموكرات بۆ بە ئەنجام گەیاندنی بەرپرسایەتی مێژوویی خۆی كەڵكی لێوەرگرتووە. ئەگەرچی وەكوو نموونە لە هەنووكەدا حیزبی دێموكراتی شێوازی خەباتی چەكداری راگرتووە، حیزب رێكاری چالاكی سیاسی، خەباتی تەشكیلاتی و چالاكی سیاسی لە ئاستی نێونەتەوەیی و شەڕی راگەیاندنی بۆ ئاگاكردنەوەی بیروڕای گشتی گەلی كورد و شێوازی خەباتی مەدەنی هەڵبژاردووە.
سێهەمین پێوەر Autonomy یان سەربەخۆیی: سەربەخۆیی لە لای حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران بە فاكتەری بنەڕەتی ئەم حیزبە بە ئەژمار دێت تا شوێنێك كە رێبەری گەورەمان شەهید دوكتۆر عەبدۆڕەحمانی قاسملوو دەڵێت: دێموكرات لە بەستراوەیی بێزارە و دێموكرات دەبێت سەربەخۆ بێت و هەرەوەها دەڵێت حیزبێكی سیاسی دەبێت بە گشتی لە یاسا و رێسایەك كە بە لایەنگەلێك تایبەت بەستراوەی دەكات، ئازاد بێت. رێكخراوێكی سیاسی لە ئەنجامی ئەركەكانیدا تا چ ئەندازەیەك سەربەخۆیە؟ ئەمەش پێوەندی بە دوو فاكتەرەوەو هەیە،ئا) بووجە، بێ) پڕكڕدنەوەی پۆستەكانی ئەنجامدانی ئەركەكانی حیزبی لە نێوخۆی حیزب.
حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران هەمیشە بە شانازییەوە سەربەخۆیی خۆی پاراستووە و لە دژوارترین هەلومەرجەكاندا سەربەخۆیی خۆی نەكردووە فیدای هیچ شتێك. حیزبی دێموكراتی كوردستان خاوەنی گرنگترین و گەورەترین پشتیوانە. پشتیوان و پاڵپشتێك كە وەكوو شاخەكانی كوردستان هیچ كات پشتی حیزبە خۆشەویستەكەی خۆیان بەرنادەن. ئەو پشتیوانە مەزنەش خەڵكی كوردستانە, چ لە بواری ماددی و ئابووری و چ لە بواری هێزی مرۆیی و تا هەنووكەش بێ گومان هەر ئەو پشتیوانە بە هێزە بووە كە حیزبی دێموكراتی وەها سەربەرز راگرتووە.

پێوەری چوارەم coherence واتا ئاستی رازی بوون و هاوئاهەنگی لە نێوان ئەندامان لە نێو پێكهاتەی حیزب
هانتیگتۆن بۆ ئەم پێوەرەش ٣ خاڵ باس دەكات:


یەكەم ئاستی بەستراوەیی ئەندامەكانی رێكخراوێكی سیاسی بەو رێكخراوە.
دووهەم بوونی لایەنگەلی جۆراوجۆر لە نێو رێكخراو بە تایبەت لە كاتی گۆڕینی رێبەری.
سێهەم بوونی كێبەركێ لە نێوان ئەندامەكانی حیزب، كە ئایا ئەم كێبەركێەیە پێوەندی بە پەرنسیبەكانی حیزبەوە هەیە یان بە هۆكارگەلی لاوەكی.
بێگومان بنەمای دامەزراندنی حیزبی دێموكرات دابینكردنی مافی نەتە وەی كورد لە كوردستانی رۆژهەڵات و هەوڵدان بۆ ئەم گرنگە بووە. هەر ئەوەش وایكردووە كە لاوانی كوردستان نەسڵ لە دوای نەسڵ روو لە حیزبی دێموكرات بكەن و تێپەڕبوونی زەمەن نەتوانێت گەورەیی ئەو حیزبە خەوشدار بكات. هەر بۆیەش بەستراوەیی و دەروەست بوون بە بەرنامە، ئارمانج و رێبازی پرسەروەریی حیزب و گیانبازی و لە خۆبردوویی ئەندامانی حیزب دەرخەری بوونی خاڵی یەكەم لە حیزبی دێموكراتدایە.
حیزبی دێموكرات باوڕەمەندە بە پلۆرالیزم و هەروەها دێموكراسی دەروون حیزبی. ئەوەش وایكردووە كە لایەنگەلی جۆراوجۆری فیكری هەمیشە لە نێو حیزبدا بن و هەر بۆیەش رێبەری گەورەمان هەمیشە دووپاتی دەكردەوە كە حیزبی دێموكرات حیزبی هەموو خەڵكی كوردستانەو لە حیزبی دێموكراتدا جیاوازی بیروڕا هەیە.
پێڕەویی نێوخۆیی حیزبی دێموكرات و باوەڕمەندی بە دێموكراسی دەروون حیزبی نیشانەی باوەڕمەندی ئەم حیزبەیە بە بوونی كێبەركێی تەندرووست لە نێو حیزب و لە پێناو بەرژوەندییە گشتیەكانی حیزبی دێموكراتدا.
بە فاكت وەرگرتن لەو ئیستدلالانەی سەرەوە دەتوانێت بەو بەرەنجامە بگەین كە حیزبی دێموكرات خاوەنی ئەو تایبەتمەندی و پۆتانسیڵە مودێڕن و پێشكەوتنانەیە و هەر بۆیەش دوای تێپەڕبوونی ٦٨ساڵ، حیزبی دێموكراتی حیزبی خۆشەویستی كۆمەڵانی خەڵك و پێشەنگی خەبات لە رۆژهەڵاتی كوردستانە.