کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بۆچى بایکۆت؟؟

22:18 - 11 رێبەندان 2715

ئەلبورز ڕووئین تەن

لەم ڕۆژانەدا باسی شانۆیەکى دیکەی کۆمارى ئیسلامى، باسی گەرمى سەر لاپەڕەو شاشە و تریبوونى سیاسییەکانە و لێرە و لەوێ بیروڕای جیاواز دەبیسترێ. بنەڕەتى کۆمارى ئیسلامى لە سەر دووڕوویى و فریو دروست بووە، ئەو کاتەى کە دامەزرێنەرى ئەم ڕێژیمە بانگەشەى دادپەروەرى دەکرد، داواى جودایى دین لە دەوڵەتى دەکرد، بانگەشەى ڕزگارى لە داوى پاشا و حوکمى تاکەکەسییان دەکرد، داواى ئازادیی دینەکانى دەکرد، ڕێزگرتن لە یاسا نێونەتەوەییەکان و مافەکانى مرۆڤ و زۆر شتى دیکە، کە لە یەکەم ڕۆژى بەدەستەوە گرتنى دەسه‏ڵات، هەمووى بووە بە خەون بۆ کۆمەڵانى خەڵکى ئێران و هەر لە سەرەتاوە لە ئەوانەوە کە بڕوایان پێ کردبوو، دەستیان پێ‏کرد و بە تاک و کۆ لە بەناو دادگاى ئیسلامیی شۆڕش‏دا، بە زمانى گوللە و سێدارە وەڵامیان دایەوە و تەنانەت شەفەقەتى ئەوان نزیکەکانى خۆیانیش، کە جیا بیریان دەکردەوە نەیگرتەوە و مەرگ سەرئەنجامیان بوو. ئیتر بڕیاری کەسێک کە لە سەرووى هەموو بوونەوەرێکەوە بوو، بە یاسا ڕێکیان‏خست کە هەموو شتێک لە خوارەوە بۆ سەرەوە، لە سەرەوە بۆ خوارەوە، بە لێکدانى دوو لێوى تاکێک بەستراو بێت و تەنانەت بە ناوى خوداوە لە سەر زەوى بدوێت. لە وەها بارودۆخیک‏دا، بە بێ ئەوەى هیچ گۆڕانکارییەک ڕووى دابێت بۆ ئەوەى بە دونیا بڵێت کە لە وڵاتى مندا دێموکراسی، هەڵبژاردن، پرس بە خەڵک کردن هەیە، شانۆیەکى دیکە بەڕێوە دەبات، بەداخەوە کەمیش بن، دیسانەوەش هەن کەسانێک کە ئەم شانۆیە بە ڕاست دەزانن و هیواى پێ‏دەبەستن و وەک ئەوەى لە ٣٧ ساڵى ڕابردوودا، خەوتبن یا ئاگایان لە مامۆستاکانى فریو نەبێ. وەڵامى بۆچی بایکۆت بۆ کۆمەڵانى خەڵکى کوردستان ڕوون و ئاشکرایە چوونکە، بە درێژایى ئەم ٣٧ ساڵە، بە نرخی گیان، لە نزیکەوە سەیری دڕەندەیى مامۆستاکانى فریو و چەواشەکاری دەکەن. بۆ ئەوانەى کە بە جۆرێک خۆیان لە داوى ئەم فریوەدا دەبیننەوە:
١.بایکۆت بەر لە هەموو شتێک گوتنى نایە بە ڕێژیمێکى دیکتاتۆر کە هەموو مافەکانى مرۆڤ پێشل دەکات.

٢.بایکۆت ڕەتکردنەوەى یاسا نادێموکراتى و دژە مرۆڤانەکانە، کە ڕێگرى دەکەن لە هەبوونى وڵاتێکى دێموکرات.

٣.بایکۆت ڕێز گرتنە لە نرخە گەردوونییەکان و بنەماکانى دێموکراسی، تا هەر ڕێژیمێکى دیکتاتۆر نەتوانێ بانگەشەى درۆیینی هەبوونى بکات.

٤.بایکۆت ڕتکردنەوەى پاڕلەمانێکە کە بە ناوی پاڕلەمانەوە نوێنەرایەتى گەل ناکات .

٥.بایکۆت دژایەتیى ئەو فیکرەیە کە خۆى بە سەرووتر لە گەل دەزانێ و لە جیاتیى ئەو بڕیار دەدا، کێ دەبێ بۆ پەڕلەمان و کی نابێ.

٦. بایکۆت نیشاندانى زیندوو بوونى خەبات و هۆشیاریى گەلە کە فریوى سێناریۆىەکی لەپێشدا نووسراو، بە ناوى هەڵبژاردن ناخۆن.

٧.بایکۆت ڕێگەیەکە بۆ دووبارە دەست‏پێکردنەوەى شۆڕشێکى سەرتاسەرى بەرانبەر وەها دیکتاتۆرگەلێک. پێویستە لە شوێنێکەوە دەست‏پێ‏بکرێتەوە، چ شوێنێک لە وەها وێستگەیەک باشتر.

٨.بایکۆت بۆ تاکی کورد زیاتر لە هەر تاکێکى دیکە گوتنی نایە بە ڕێژیمێکى دژى مافە نەتەوەییەکان.

٩.بایکۆت گوتنى نایە بە هەموو ئەو شکەنجە و ئازارانەى کە بە درێژایی ئەو ماوەیە لە چاڵە ڕەشەکانى ڕێژیم، دەرحەق بە نیشتمان‏پەروەر، ئازادى خواز و جیابیرەکان کراوە.

١٠.بایکۆت گوتنى بەڵێیە بە هەڵوێستى شۆڕشگێڕانێک کە چەندین ساڵە هیواى ئازادیى گەلەکەیان، خەونى ئارام، ژیانى ئاسودە و دیدارى دۆستان و دوورى وەتەنیان، بە گیان و بەدەم بزەى گەرمەوە کڕیوە.

١١. بایکۆت گوتنى بەڵێیە بە ڕاپۆرتەکانى ڕێکخراوەکانى مافى مرۆڤ و نێونەتەوەییەکان کە هەڵبژاردنى ئێران بە هەموو شێوەیەک دوور لە ئیرادەى گەل و تەنیا بە خواستی ڕێژیمی دەزانن.

١٢.بایکۆت هەنگاوێکە بۆ ئەوەى ڕێژیم بترسێنى تا بزانێ لە نزیک ئەو هەموو ترس و تۆقاندنەوە، گەلێک هەیە کە هەرکات ببزوێ تاقمەکەیان سێڵاو دەیبات.

١٣.بایکۆت گوتنى نایە بە ڕازی بوون بە چەند دەسکەوتى چووکە، واتە نایە بە فرۆشتنى ئیرادە بە کود و کۆپین و یارانە.

١٤. بایکۆت گوتنى نایە بەو جۆرە نوێنەرایەتییەى کە تەنیا بۆ دەست بڵند کردن دەڕوات و نە ئیرادەی خزمەتی تێدایە و نە ڕێی خزمەت بە گەلی پێ دەدەن.

١٥. بایکۆت گوتنی نایە بە پارلەمانێک، کە ناتوانێ بڕیاری هەبوون و پاراستنى زمان و ئەدەب و کولتوورى نەتەوەکەی بدات و تەنانەت بۆ نەهێشتنیشی هەوڵ دەدات.

١٦.بایکۆت گوتنی نایە بە ڕێبەرێک کە بە خەڵکەکەى دەڵێ؛ ئێوە تەنیا مافى دەنگدان بەو کەسانەتان هەیە کە من بە باشیان دەزانم و تەنیا منیش بڕیاردەدەم کە کێ دەتوانێ پێ بنێتە پەرلەمانەوە .

١٧. بایکۆت گوتنی نایە بەو بەناو ڕیفۆرمخوازانە کە تەنیا ڕۆڵى درێژکردنەوەى حکوومەتى دیکتاتۆرییان لەئەستۆیە و نە هیچى دیکە.

١٨. بایکۆت گوتنی نایە بەو کەسەى کە خۆى بە ڕیفۆرمخواز دەزانێ، بەڵام تا سەر ئێسقان بڕواى بە نیزامى کۆمارى ئیسلامى، ئاڕمانجەکانى خومەینى، ویلایەتی فەقیه و پەرەپێدانى هزرى شیعەى کۆمارى ئیسلامییە.

١٩. بایکۆت گوتنی نایە بەو کەسانەى کە ٣٧ ساڵە بە ناوى خزمەتەوە دەڕۆنە پەڕلەمان و وڵاتیش، ڕۆژ لەدوای ڕۆژ دواکەوتووتر و کاولتر کراوە .

٢٠. بایکۆت گوتنینایە بە ڕێژیمێک کە خاوەنى دەوڵەمەندترین سامانەکانى دونیایە و گەنجەکانى بۆ کڕینى جلوبەرگى قوتابخانەى منداڵەکانیان یا پەیدا کردنى نانى شەویان، بە سەر مین‏دا دەکەون و ئەگەر لە مینیش دەربازیان بێ، ئەوا بە گوللەى هێزە ئەمنییەکان دەکوژرێن.

٢١. بایکۆت گوتنینایە بەو دیپلۆماتە درۆزنانەى کە بە نیشان دانى سەفەکانى دەنگدان، بانگەشە بۆ نەبوونى گرفت و دێموکراسی لە کۆمارى ئیسلامى‏دا دەکەن.

٢٢. بایکۆت گوتنینایە بە تیرۆرى نێودەوڵەتى و شەهید کردنى هزاران لاو و گەورەترین سامانى مرۆڤى نەتەوەکەمان، واتە ڕێبەرانى شەهیدمان قاسملوو و شەرەفکەندى.

٢٣. بایکۆت گوتنى نایە بەو کەسانەی کە دەیانهەوێ بانگەشەى خەبات و خزمەتى گەل بکەن، لەحاڵێک‏دا هیچ قوربانییەک بۆ بانگەشەیەکەیان نادەن و لە ماڵى گەرم و کورسیی نەرم دانیشتون و خەڵک بە هیواوى پووچەوە سەرقاڵ دەکەن.

٢٤. بایکۆت گوتنى نایە بە پەڕڵەمانێک کە ڕاوێژکارى سەرۆکەکەى کازم دارابیی تیرۆریستە کە بە پاداشی تیرۆر کردنى دوکتور قاسملوو وەها پۆستیکى پێ‏دراوە و کەسانێکیش هیواى خزمەت کردنى نەتەوەی کورد لە وەها پەڕڵەمانیک بەدی دەکەن.

٢٥. بایکۆت درێژە پێدانى سیاسەتێکى دروستە کە هەر لە یەکەم ڕۆژەوە ئەم سیستمە دیکتاتۆرەى ناسی و بە دەوڵەتى کۆمارى ئیسلامیى گوتى نا.

٢٦. بایکۆت گوتنینایە بەو کەسانەى کە لە زانستی بەرئاورد کردندا ئەوەندە ناشارەزان کە دوو وڵاتى ئێران و تورکیە وەک یەک دەزانن و بەهانە دەهێننەوە کە لەوێ دەکرێ لە ئێرانیش دەبێ بکرێ! لە حاڵێک‏دا کە ئەو دوو وڵاتە لە دوو بارودۆخى زۆر جیاوازدان.

٢٧. بایکۆت گوتنینایە بەو فریوەی دوژمن کە ئەگەر بچن دەنگ بدەن، ئەوا ڕێژەى نەتەوەکەت بەدیار دەکەوێ، لەوەها هەڵبژاردنێک‏دا، وەها شتێک خەیاڵە و بنەماکانى ڕێفراندۆمیش شتێکى دیکەن کە بچووکترین نزیکایەتیی لەگەڵ وەها هەڵبژاردنێک نیە.

٢٨. بایکۆت نایە بە سنووردارکردنى بەرهەمى موسیقایی و سینەماکاران و هونەرمەندانى نەتەوەکەمان کە ئەگەر ئازادییان پێ بدرێ، ئەوا شاکارى جیهانى دەخولقێنن.

٢٩. بایکۆت نایە بەو حکوومەتەى کە لە زیندانەکانى‏دا، ئازادیخوازەکان لە پشت میلە ئاسنەکانەوە، تەنانەت لە دیدارى بنەماڵەکەشیان قەدەغە کراون.

٣٠. بایکۆتنایە بە ڕێژیمێک کە ڕۆژ نیە گەنجانى وڵاتمان لەسێدارە نەدا و تۆمەتى ساختەیان بۆ هەڵنەبەستێ.

٣١. بایکۆت نایە بە حکوومەتێک کە بۆ سزادانى دژبەرانى، لە هەر ڕێگایەکى ناڕەوا کەڵک وەردەگرێ و تەنانەت منداڵان لەسێدارە دەدا.

٣٢. بایکۆت گوتنی نایە بە ڕێژیمێک کە بە بیانووى جۆراوجۆر پشتیوانى لە پڕژاندنى ئەسید بۆ سەر ئافرەتانى وڵات دەکات.

٣٣. بایکۆت نایە بە ڕێژیمێک کە هەموو بوارەکانى ئابووریى لە دەستى پاسداران و تاقمى دەسەڵاتداردایە کە بە هەزاران میلیارد، سامانى خەڵک دەدزن و کەس هەر نازانێ چی لێ هات.

٣٤. بایکۆت نایە بە هەموو کردەوەکانى دەزگاکانى ئیتلاعات و سپا و ئورگانەکانى دیکە، کە هیچ سنوورێک بۆ دڕندە بوونیان نیە.

٣٥. بایکۆت گوتنى نایە بە ڕێژیمێک کە مادەى دەستووریى خۆیشی پەیڕەو ناکات، تەنانەت بە بیانووى جۆراوجۆر خۆى لێ دەدزێتەوەو هەر جارەو بە بانگەشەى جێبەجێ کردنى، خەڵک ڕادەکێشێ بۆ سەر سندوقی دەنگدان و فریویان دەدا و لە وەها دۆخێکدا، خەڵکانێک هەن کە هیواى گەورەتریشان پێ بەستووە.

٣٦. بایکۆت نایە بەو کەسانەی بە جورێک بێ‏ڕێزی بە خوێنی دەیان هەزار پێشمەرگەى شەهید دەکەن کە بەبێ ئەوەى تەنانەت یەکێک لە ئامانجەکانیشیان بەدى هاتبێ و گۆڕانکارییەک ڕووى‏دابێ، بە بەشدار بوونیان، بەڵێ بە بکوژانی پێشمەرگە دەڵێن.

٣٧. بایکۆت پشتگیری کردنە لە هەڵوێستى حیزبێک کە بە درێژایى مێژووى خۆى، هیچکات هەڵەى ئیستراتژیکى نەکردووە و لە بەرژەوەندیى و خزمەتى گەلەکەى‏دا، تەنیا قوربانى زۆری داوە.
.
.
.
من تەنیا ٣٧ هۆ بە بۆنەی ٣٧ ساڵ فریودانى خەڵک و دونیام هێناوەتەوە و دیارە هەزاران هۆی دیکەش هەیە بۆ وەڵامى ئەوەی بۆچى بایکۆت؟. هەربۆیەش جارێکى دیکە هەموومان ئەبێ هەڵبژاردن بایکۆت بکەین و بە بایکۆت کردنمان و بەشداریی نەکردنمان لەو شانۆگەرییەدا، خزمەتمان کردبێ بە خەباتى نەتەوەکەمان و خشتێک لە سەر دیوارى شۆڕشمان دانابێ و هەنگاوێک بەرەو ئامانجی شەهیدانى ڕێگەى ئازادیی نەتەوەکەمان هەڵگرتبێ.

ناوەڕۆکی ئەم بابەتە را و تێبینیی نووسەرە و ماڵپەڕی کوردستان میدیا لێی بەرپرسیار نییە