کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بە تۆمەتی سیاسی، ٤٢١ ساڵ زیندان بۆ هاووڵاتییانی کورد بڕاوەتەوە

18:49 - 2 خاکەلێوه 2717

کوردستان میدیا: ناوەندە ئەمنییەتی و قەزاییەکانی ڕێژیمی ئێران لە ساڵی ڕابردوودا، ١٢٩٠ حاڵەتی پێشێلکردنی مافی مرۆڤیان لە خۆرهەڵاتی کوردستان ئەنجام داوە.

ئامارە بڵاوبووەکان نیشان دەدات کە ٥٦٤ هاووڵاتی دانیشتووی خۆرهەڵاتی کوردستان لە ماوەی ساڵی ١٣٩٥ لەلایەن ناوەندە جۆراوجۆرە ئەمنییەکانی حکوومەتی ئیسلامییەوە دەستبەسەر و سزای زیندانی بەسەر ١١٩ هاووڵاتی سەپێندراوە.

بەپێی ئامارێک کە ناوەندی ئاماری ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا بڵاوی کردۆتەوە؛ هەر لەو ساڵەدا، ٤٤ هاووڵاتی دیکەش بانگهێشتی ئیدارەی ئیتلاعات و دادگاکان کراون کە ٣٢ کەسیان کچ و ژن بوونە.

هەرلە ئامارە بڵاوکراوەکەی ئاژانسی کوردپادا ئاماژە بە ٤١٠ ساڵ زیندانی تەعزیری و ٢١ ساڵ زیندانی هەڵپەسێردراو بۆ ١١٩ هاووڵاتی دەستبەسەربوو دەکات کە لەلایەن دەزگای دادی ڕێژیمەوە تۆمەتی سیاسییان(ئەمنیەتی) وەپاڵ درابوو.

زیندانییەکی سیاسی کورد بەناوی موحەممەد عەبدۆڵاهی لە گرتووخانەی ورمێ لەسێدارە دراو هاووڵاتییەکی دیکەش بەناوی هەدایەت عەبدۆڵاپوور لە شنۆ سزای ئیعدامی بەسەردا سەپێندرا.

هەروەها زیاتر لە ٥٠ زیندانیی سیاسی کوردیش بەپێی سەرچاوە هەواڵنێرییەکان لە گرتووخانەکانی ئێراندا تووشی ئازار و ئەشکەنجە بوونەتەوە و ٢٢ کەسیان وەک ناڕەزایەتی دەربڕین بە دۆخی پێکهاتوو، مانیان لە خواردن گرتووە.

لە بەشی کوشتن و بریندارکردنی خەڵکی کورددا هاتووە کە ١٠٢ کەس لەم ساڵەدا گیانیان لێئەستێندراوە کە پشکی کۆڵبەران، هاووڵاتیانی مەدەنی و قوربانیانی مین بە ڕیز؛ ٦٦، ٢٦ و ١٠ کەسە و لەو پێشێلکردنەدا زیاتر لە ١٥١ هاووڵاتی دیکەش بریندار کراون.

جێهێشتنی زۆرەملێی کوردستان و پەرتەوازەبوونی چالاکانی سیاسی و مەدەنی کورد لە تاراوگە، بەشێکی دیکەی ئاماری ئەو ناوەندەی تۆماری پێشلکرانی مافی مرۆڤی کوردە کە تێیدا ئاماژە بە ٨ کەس کراوە کە ئێران و کوردستانیان بە ناچاری بەجێهشتووە.

لەو ئامارەدا باس لە مردنی ١٣ دایک و کۆرپە لە نەخۆشخانەکانی خۆرهەڵاتی کوردستان دەکات کە بە هۆی هەڵەی پزیشکییەوە گیانیان لەدەستداوە کە لە چوارچێوەی پیشێلکرانی مافی مرۆڤ تۆمار دەکرێت.

ناوەندی ئاماری ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا بە بڵاوکردنەوەی ڕاپۆرتێک، کۆی حاڵەتەکانی پێشێلبوونی مافی مرۆڤ لە ماوەی ٥ ساڵی ڕابردوو بە ٦٧٩٣ حاڵەت تۆمار دەکا و ڕادەگەینێت: زیاترین پێشێلکران لە بیاڤی سیاسی، مەزهەبی، کرێکاری و بنەماڵەکانیان ڕوویداوە و ناوەندە ئەمنییەکانی وەزارەتی ئیتلاعات و سپای پاسداران و پۆلیسی سایبێری زۆرترین حاڵاتی پیشێلکردنی مافی هاووڵاتییانیان ئەنجام داوە.