کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەرهەمی سینەماكارێكی كورد لە ئاستی ئێراندا خەڵاتی باشترین فیلمی بەدەست هێنا

19:15 - 7 رێبەندان 2712

كوردستان میدیا: كورتە فیلمی زەوی فووتباڵ لەدەرهێنانی جەلال نەسیری دەرهێنەری كورد، خەڵاتی باشترین فیلمی سێیەمین خولی فێستیڤاڵی فیلمی میدیاكانـی ئێرانی بەدەست هێنا.


ئەم فێستیڤاڵە لەلایەن وەزارتی بێهداشتی ئێران بە بەشداری بەرهەمی سینەماكارانی سەرتاسەری ئێران لە هۆڵی میلادی شاری تاران بەڕێوەچوو.


ماڵپەڕی كورتە فیلمی ئێران بڵاوی كردەوە، زیاتر لە ٣٨٠ بەرهەم بۆ نووسینگەی ئەو فێستیڤاڵە نێردرابوون، كە لەلایەن لێژنەی هەڵسەنگاندنەوە ٢٢ كورتە فیلمی چیرۆكی، دیكۆمێنتاری، ئەنیمەیشێنی و كلیپ بۆ بەشی پێشبڕكێ دەست نیشان كرابوون.

كورتە فیلمی زەوی فووتباڵ باس لە هەوڵ و تێكۆشانی منداڵانی تۆپی پێی گەڕەكێكی هەژارنشین لە شاری سنە دەكات كە شوێنێكی شیاو گونجاویان بۆ ئەو یاریە نیە.


ئەم فیلمە كوردییە هەتا ئێستا چەندین خەڵاتی گرینگی بەدەست هێناوە كە بریتین لە: خەڵاتی یەكەمی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی بلاكلە ئاڵمان، خەڵاتی فێستیڤاڵی ناوچەیی فیلمی ئالامتۆ لە ئێران، خەڵاتی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی رشد، خەڵاتی یەكەمی بەشی منداڵانی فێستیڤاڵی فیلمی كوردی لە سلێمانی، خەڵاتی باشترین فیلمی بەشی نێودەوڵەتی ٢٤مین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی منداڵان و مێرمنداڵانی لە شاری هەمەدان.